رووداو دیجیتاڵ
دادگایەکی ئەڵمانیا رۆژی پێنجشەممە سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەر پیاوێکی ئەفغانی تەمەن 25 ساڵدا سەپاند، کە پار لە شاری میونشن بە ئۆتۆمبێل هێرشی کردبووە سەر خەڵک و بەو هۆیەوە دایکێک و کچە دوو ساڵانەکەی گیانیان لەدەستدا و دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون.
دادگای میونشن تۆمەتبارەکەی کە بە "فەرهاد ن." ناساندووە، بە دوو تاوانی کوشتن، 23 هەوڵی کوشتن و 22 هەوڵی بریندارکردنی جەستەیی تۆمەتباری کرد. دادگا بڕیاری دا ئەم تاوانانە "قورساییەکی یەکجار گەورەیان" هەیە، ئەمەش واتا ئەگەری ئازادکردنی فەرهاد لە زیندان لە داهاتوودا زۆر کەم و نزیکەی مەحاڵە.
وردەکاریی هێرشەکە
رووداوەکە لە کاتی رێپێوانێکی سەندیکاکان بوو، کە هەزار و 400 کەس تێیدا بەشدار بوون. فەرهاد بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری مینی کووپەر بە خێراییەکی زۆر خۆی کێشاوە بە ناو خەڵکەکەدا. ژنێکی تەمەن 37 ساڵ و کچە ساواکەی بەهۆی تووندیی پێکدادانەکەوە 10 مەتر فڕێدران و دوای چەند رۆژێک لە نەخۆشخانە بەهۆی سەختیی برینەکانیان گیانیان لەدەستدا.
دادوەر مایکل هۆین رایگەیاند، ئەو دایکە بە ئەنقەست کۆتایی رێپێوانەکەی هەڵبژاردبوو بۆ ئەوەی لە نزیک پۆلیس بێت و هەست بە سەلامەتی بکات. دادوەرەکە گوتیشی: "تەنیا هۆکارێک کە وایکرد ژمارەی قوربانییەکان لەوە زیاتر نەبێت، ئەوە بوو کە جەستەی ئەو خەڵکەی فەرهاد شێلانی، بوونە کۆسپ و خێرایی ئۆتۆمبێلەکەیان کەمکردەوە تاوەکو وەستا."
پاڵنەر و تووندڕۆبوون
داواکاری گشتی لە کاتی دادگاییکردنەکەدا ئاشکرای کرد کە فەرهاد بە "پاڵنەری ئایینی" کارەکەی کردووە و دوای هێرشەکە هاواری کردووە "ئەڵڵاهو ئەکبەر"، بەڵام هیچ بەڵگەیەک نییە کە ئەندامی گرووپێکی وەک داعش بووبێت.
فەرهاد لە ساڵی 2016 کە تەمەنی 15 ساڵ بوو بە تەنیا گەیشتە ئەڵمانیا. هەرچەندە داوای پەنابەرییەکەی رەتکرابووەوە، بەڵام رێگەی پێدرابوو لە وڵاتەکە بمێنێتەوە و وەک پاسەوان کاری دەکرد.
ئەم هێرشە لە کاتێکی هەستیاردا بوو و بووە هۆی گەرمبوونی مشتومڕەکان لەسەر پرسی کۆچبەران و ئاسایش لە ئەڵمانیا، ئەمەش وایکرد پارتی راستڕۆی تووندڕۆی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا لە هەڵبژاردنەکانی 2025دا زیاتر لە 20٪ی دەنگەکان بەدەستبهێنێت و ئێستاش لە راپرسییەکاندا لە پێشە.


