رووداو دیجیتاڵ
لەکاتێکدا تاڵیبان شانازی بە زیادبوونی رێژەی گەشتیارانی بیانی دەکات، بەرپرسێکی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان وێنەیەکی زۆر تاریکتری ناوخۆی ئەفغانستان نیشان دەدات و رایدەگەیێنێت، ژنان و کچان بەهۆی سنووردارکردنەکانەوە خەریکە لەنێو کۆمەڵگەدا دەسڕێنەوە.
نامۆ عەبدوڵڵا، پەیامنێری رووداو لە نیویۆرک، لە راپۆرتێکدا تیشک دەخاتە سەر دوو رووی جیاوازی ژیان لە ئەفغانستانی ژێر دەسەڵاتی تاڵیبان. لە لایەکەوە، گەشتیارانی وەکو ئەو کچە ئەڵمانیایەی بە سەردان چوونەتە ئەو وڵاتە، باس لە ئەزموونێکی ئارام و خۆش دەکەن، تاڵیبانیش دەڵێت گەشتیاری بیانی بە رێژەی 80% زیادی کردووە. بەڵام لە لایەکی دیکەوە، راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان باس لە "کارەساتێکی مرۆیی" بێدەنگ دەکەن.
"ژنانی ئەفغانستان نابینرێن"
ئۆڵگا چێرێڤکۆ، بەرپرسی رێکخراوی مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەفغانستان، لە رێگەی شاشەیەکەوە بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان قسەی کرد و هۆشداریی دا لە دۆخی ژنان. ئەو دەڵێت: "ئەو سنوورانەی بۆ ژنان و کچان دیاریکراون، کاریگەرییان لەسەر تەواوی بوارەکانی ژیانی رۆژانە، وەکو خوێندن، بژێوی و تەندروستی دروست کردووە."
چێرێڤکۆ ئاماژە بە مەترسییەکی گەورە دەکات و دەڵێت: "کاتێک ژنان لە ژیانی گشتی دووردەخرێنەوە و نابینرێن، مەترسی ئەوەیان لەسەرە لەنێوببردرێن."
مەترسیدارترین وڵات بۆ دایکان و منداڵان
ئەفغانستان لەژێر دەسەڵاتی تاڵیباندا، پلەی یەکەمی لە ئاسیا گرتووە وەکو مەترسیدارترین وڵات بۆ لەدایکبوونی منداڵ. ئامارەکان نیشانی دەدەن:
لە هەر هەزار کۆرپەیەک، 50یان پێش گەیشتن بە تەمەنی یەک ساڵی دەمرن. ساڵانەش زیاتر لە 7 هەزار ژن لە کاتی دووگیانی و منداڵبووندا گیان لەدەستدەدەن.
قەیرانی دارایی و هاوکارییە مرۆییەکان
سەبارەت بە دەستێوەردانی تاڵیبان لە دابەشکردنی هاوکارییەکان، ئۆڵگا چێرێڤکۆ بۆ رووداو گوتی، ئەوان هەوڵ دەدەن هاوکارییەکان تەنیا لەسەر بنەمای پێویستی بگاتە دەستی خەڵک و پرەنسیپە مرۆییەکان بپارێزن.
ئەمە لەکاتێکدایە نەتەوە یەکگرتووەکان پێویستی بە 1.71 ملیار دۆلار هەیە بۆ هاوکاری ئەفغانستان، بەڵام تاوەکو مانگی ئابی ئەمساڵ، تەنیا 26%ی ئەو بڕە پارەیەی بۆ دابین کراوە.
پرسی دانپێدانانی نێودەوڵەتی
تاوەکو ئێستا تاڵیبان لە نەتەوە یەکگرتووەکان کورسی و نوێنەری نییە. فەرحان حەق، جێگری گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان لە وەڵامی پرسیارێکی رووداودا سەبارەت بە ئەگەری پێدانی کورسی بە تاڵیبان گوتی: "حکومەتەکان خۆیان بڕیار دەدەن کێ وەکو حکومەت دەناسن. تاوەکو ئێستا هیچ جووڵەیەک لەنێو ئەندامانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بەو ئاراستەیەدا نییە."
جگە لە قەیرانە ناوخۆییەکان، گەڕانەوەی نزیکەی دوو ملیۆن ئاوارەی ئەفغانی لە ئێرانەوە زۆربەیان بێکارن، باری دارایی و مرۆیی ئەو وڵاتەی زیاتر گران کردووە و قەیرانەکەی قووڵتر کردووەتەوە.


