رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، رەنگە هەر رۆژی چوارشەممە، 5ـی ئابی 2026 رێککەوتنێک بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز بکرێت، ئێران و عومان بەرەو رێککەوتنێکی واژۆکراو لەسەر ئەو رێڕەوە ئاوییە دەچن، کردنەوەی تەنگەکە دەکرێت گوشارەکان لەسەر ئابووریی جیهان کەمبکاتەوە و ببێتە یارمەتیدەرێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ.
ئەو ئاڵۆزییەی 150 رۆژ زیاترە بەردەوامە، ئامانجە جیاوازەکان بریتیبوون لە کۆتاییهێنان بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، لەگەڵ هەندێک قسە و باسی "گۆڕینی دەسەڵات لە ئێران"، بەڵام ململانێکان گۆڕان بۆ جەنگێک لەسەر تەنگەکە، ئەوەش دوای هەڕەشە و هێرشەکانی ئێران بۆ سەر کەشتیوانی، کە جووڵەی رێڕەوە ئاوییەکەی راگرت.
داخستنی تەنگەکە، کە پێشتر پێنجیەکی نەوت و گازی سروشتیی جیهانی تێدا تێدەپەڕی، بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و کاڵا بنەڕەتییەکان لە دەرەوەی ناوچەکەش، ئەمەش ئابووریی جیهانی شێواندووە. ترەمپیش لەژێر گوشاری زۆردایە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگێکی نەویستراو پێش هەڵبژاردنە نیوەییەکانی کۆنگرێس.
ترەمپ دەڵێت رێککەوتن بۆ کردنەوەی تەنگەکە نزیکە
لە کالیفۆرنیا، رۆژنامەڤانان لە سەرۆکی ئەمریکایان پرسی سەبارەت بە راپۆرتێکی ماڵپەڕی "ئاکسیۆس" کە دەڵێت رۆژی چوارشەممە راگەیێندراوێک لەسەر تەنگەی هورمز بڵاودەکرێتەوە.
ترەمپ گوتی، "رەنگە رووبدات، سبەی یان دووسبەی. پێشکەوتنی زۆر بەدەستهاتووە."
سەرەتا نرخی نەوت بەهۆی هیوای رێککەوتنێک بۆ دەستپێکردنەوەی کەشتیوانی دابەزی، بەڵام دواتر کەمێک بەرزبووەوە. رۆژی چوارشەممە نرخی نەوتی خاوی برێنت لە دەوروبەری 80 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بوو، ئەو نرخە هێشتا زۆر لە خوار ئەو ئاستەوەیە کە لە لووتکەی ململانێکاندا تۆماریکردبوو.
ئەمریکا و ئێران لە مانگی حوزەیراندا گەیشتنە رێککەوتنێک بۆ کردنەوەی تەنگەکە، بەڵام هێرشەکان دەستیانپێکردەوە، لە چەند رۆژی رابردووشدا، ترەمپ جارێکی دیکە هەڕەشەی هێرشی گەورەیکرد و هاوکات پشتگیریی خۆشی بۆ هەوڵە دیپلۆماسییەکان دەربڕی.
بەرپرسانی ناوچەکە: رەشنووسی رێککەوتنەکە نووسراوە
دوو بەرپرسی ناوچەکە کە ئاگاداری گفتوگۆکانن دەڵێن، "دانوستاندنکارانی ئێرانی و عومانی رەشنووسی رێککەوتنەکەیان بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز کۆتاییپێهێناوە و چاوەڕێی رەزامەندیی کۆتایی رێبەری باڵای ئێران دەکەن."
ئەو بەرپرسانە، کە زانیارییان لەسەر دانوستاندنەکان هەبووە، رێککەوتنەکە وەک چارەسەرێکی کاتی بۆ ناکۆکییەکانی ئەمریکا و ئێران لەسەر تێپەڕبوونی کەشتییەکان بە تەنگەی هورمزدا وەسفدەکەن. ئەوان گوتیان بەم رێککەوتنەوە بەستراوەتەوە کە لە مانگی حوزەیراندا لەنێوان ئەمریکا و ئێران واژۆکرا بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە شەڕ و کردنەوەی تەنگەی هورمز، بەڵام لە کۆتاییدا هەرەسی هێنا.
ئەو بەرپرسانە دەشڵێن، رێککەوتنەکە رێگە خۆشدەکات بۆ ئەوەی ئەمریکا و ئێران دانوستاندنەکان دەستپێبکەنەوە، بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی کۆتایی لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران.
رێککەوتنە چاوەڕوانکراوەکەی نێوان ئێران و عومان داوادەکات کەشتییەکان لە رێگەی رێڕەوێکی ژێر کۆنترۆڵی ئێرانەوە بچنە نێو کەنداو، لە رێگەی رێڕەوێکی ژێر کۆنترۆڵی عومانەوە بچنە دەرەوە، دوو بەرپرسەکە دەڵێن کرێی خزمەتگوزاری وەردەگیرێت بۆ دابینکردنی ئاسایش و پاراستنی ژینگەی دەریایی.
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، رێککەوتنەکە لەگەڵ عومان لە "قۆناخی کۆتایی" نووسینەوەدایە، و ئەگەر "هەندێک لایەن رێگری لەم پرۆسەیە نەکەن" راگەیێندراوێکی هاوبەش بڵاودەکرێتەوە.
ئیدارەی ترەمپ پێشتر هەر رێککەوتنێکی رەتکردبووەوە کە کۆنترۆڵی تەنگەکە بداتە ئێران، تەنگەکە پێش جەنگ رێڕەوێکی ئاویی نێودەوڵەتیی کراوە بوو، بەڵام ئێستا جووڵە زۆر کەمبووەتەوە تێیدا.
هێرشی سەر کەشتییەکان بەردەوامە
تەنانەت لەگەڵ هیوای رێککەوتنێک لەسەر تەنگەی هورمز، هێرشەکان بۆ سەر کەشتییەکان لە ناوچەکەدا بەردەوامبوون.
حوسییەکان رۆژی چوارشەممە، 5ـی ئابی 2026 رایانگەیاند، مووشەکی بالیستییان ئاراستەی تانکەرێکی نەوتی سعوودی بە ناوی "وەفا" لە دەریای سوور کردووە. لیوا یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حوسییەکان لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد کەشتییەکە لە نزیک شاری یەنبووعی سعوودیە کراوەتە ئامانج، بەڵام هیچی دیکەی ئاشکرانەکرد لەسەر هێرشەکە، سعوودیەش پشتڕاستینەکردەوە هێرشکرابێت.
ئەم هێرشە بەشێکە لە پەرەسەندنەکانی ئەم دواییەی نێوان حوسییەکان و سعوودیە، هەڕەشەی دەستپێکردنەوەی جەنگی نێوخۆی یەمەنیش هەیە، کە تێیدا حوسییەکان رووبەڕووی هاوپەیمانییەک دەبنەوە بە سەرۆکایەتیی سعوودیە کە پاڵپشتی لە حکومەتی دانپێدانراوی وڵاتەکە دەکات.
لە مانگی تەممووزدا، حوسییەکان رایانگەیاند تەنگەی بابولمەندەب، کە دەچێتە سەر دەریای سوور، بەڕووی کەشتییە پەیوەندیدارەکان بە سعوودیەوە دادەخەن. ئەوەش گوشارێکی زۆر دەخاتە سەر کەشتیوانیی نێودەوڵەتی، چونکە دەریای سوور لەکاتی جەنگدا بووە بە رێڕەوێکی جێگرەوەی سەرەکی بۆ هەناردەکردنی نەوتی سعوودیە.
بەرپرسانی یەمەن و هیندستان رایانگەیاند، کەشتییەکی بازرگانیی هەڵگری ئاڵای هیندستان لە دەریای سوور لە نزیک یەمەن نوقمبوو، دوای ئەوەی بە بەلەمێکی پڕ لە تەقەمەنی لێیدرا. پاسەوانی کەناراوەکانی یەمەن تاقمی کەشتییەکەیان رزگارکرد کە 13 هیندستانی و یەمەنییەکی تێدا بوو. هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتییەکەی نەگرتە ئەستۆ.
ئاگربەستی ئیسرائیل و حیزبوڵڵا تادێت لەرزۆکتردەبێت
ئاگربەستە لەرزۆکەکەی نێوان ئیسرائیل و گرووپی حیزبوڵڵای لوبنانیش، کەوتە نێو گەڕێکی دیکەی ئاڵۆزییەکان، چونکە سوپای ئیسرائیل هۆشداریی چۆڵکردنی دایە دانیشتووانی گوندی مهنسووری لە باشووری لوبنان، ئەمە یەکەم هۆشداری بوو لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا. ئیسرائیل دەڵێت ئەمە لە وەڵامی پێشێلکردنی رێککەوتنی ئاگربەستی نێوانیانە لەلایەن حیزبوڵڵاوە، کە لە 20ـی حوزەیرانەوە تاوەکو ئێستا تا رادەیەکی زۆر بەردەوامبووە.
لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بە زمانی عەرەبی، کۆلۆنێل ئەڤیخای ئەدرەعی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل داوای لە دانیشتووانی ئەو ناوچەیە کرد دەستبەجێ ماڵەکانیان چۆڵبکەن و لانی کەم 1000 مەتر بەرەو باکووری گوندەکە بڕۆن، دواتر سوپای ئیسرائیل رایگەیاند دەستیکردووە بە "هێرشی ورد" لە باشووری لوبنان لە وەڵامی ئەوەی حیزبوڵڵا ئاگربەستی پێشێلکردووە، میدیای فەرمی لوبنانیش ئێوارەی چوارشەممە، 5ـی ئابی 2026 رایگەیاند 11 کەس لەو هێرشەدا برینداربوون.
ئەم پەرەسەندنە لەکاتێکدا دێت کە دانوستاندنکارانی لوبنانی و ئیسرائیلی بۆ دووەم رۆژ لە رۆما کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردنی جێبەجێکردنی رێککەوتنێک، کە بڕیارە تێیدا هێزەکانی ئیسرائیل لەو ناوچانە بکشێنەوە کە لە باشووری لوبنان داگیریانکردوون، لە بەرامبەر بێچەککردنی حیزبوڵڵا.



