رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی فەرەنسا دەڵێن، لەکاتی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە بەریتانیا، دوو کۆچبەری پیاو لە نۆکەندی ئینگلیز [نزیک کەناراوەکانی فەرەنسا] گیانیان لەدەستدا.
رۆژی دووشەممە 05-10-2026 بەرپرسانی حکومیی فەرەنسا رایانگەیاند، ئەو دوو کۆچبەرەی گیانیان لەدەستداوە لە سییەکان و چلەکانی تەمەنیاندان.
داواکاری گشتیی فەرەنسا لێکۆڵینەوەی بۆ زانینی هۆکار و چۆنیەتیی گیانلەدەستدانی ئەو دوو کۆچبەرە دەستپێکردووە.
هاوکات دوو ژنیش کە بەشێکی زۆری جەستەیان سووتاوە رەوانەی نەخۆشخانە کراون، بەڵام برینەکانیان مەترسی لەسەر ژیانیان دروست نەکردووە.
رۆژنامەی (لا ڤوا دو نۆرد)ـی فەرەنسی بڵاویکردووەتەوە، سووتاوییەکە بەهۆی کارلێکێکی کیمیاییەوە بووە کە لە ئەنجامی تێکەڵبوونی بەنزین و ئاوی سوێری دەریاکە دروستبووە.
ئەم رووداوە دوای ئەوە دێت، هەفتەی رابردووش لە هەوڵێکی دیکەی پەڕینەوەدا، سێ کۆچبەر (کە یەکێکیان منداڵێکی تەمەن 10 ساڵان بوو) خنکان.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو ئێستا، لانیکەم 24 کۆچبەر لە سنوورە ئاوییەکانی نێوان فەرەنسا و بەریتانیا گیانیان لەدەستداوە.
سەرەڕای مەترسییەکان، ساڵانە هەزاران کۆچبەر هەزاران دۆلار دەدەنە قاچاخچییەکان بۆ ئەوەی لە رێگەی بەلەمی چووپەوە کە زۆرجار زیاتر لە توانای خۆی سەرنشینی تێدایە، لە فەرەنساوە و لەرێگەی یەکێک لە قەرەباڵخترین رێڕۆ ئاوییەکانی جیهانەوە خۆیان بگەیێننە خاکی بەریتانیا.


