رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، ناوی کۆمپانیای فڕۆکەوانیی (فڵای بەغدا) و چەند فڕۆکەیەکی سەر بەو کۆمپانیایەی لە لیستی سزاکانی (SDN) دەرهێناوە، کە پێشتر بە تۆمەتی هاوکاریکردنی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران خرابوونە نێو لیستەکەوە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی رۆژی چوارشەممە لە ماڵپەڕی نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی داراییە بیانییەکانی ئەمریکا بڵاوکراونەتەوە، واشنتن بڕیاریداوە ناوی کۆمپانیای (فڵای بەغدا) و ناوی بازرگانیی (عێراق ئێکسپرێس) لە لیستی سزاکان بسڕێتەوە.
جگە لە کۆمپانیاکە، سزاکان لەسەر دوو فڕۆکەی جۆری بۆینگ 737 کە لەلایەن فڵای بەغداوە بەکاردەهێندران، هەڵگیراون.
لیستی SDN چییە و دەرهێنانی (فڵای بەغدا) لەو لیستە چ واتایەک دەگەیێنێت؟
لیستی (SDN) کە کورتکراوەی "لیستی کەسایەتی و لایەنە دەستنیشانکراوەکان"ـە، لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە سەرپەرشتیدەکرێت و بە "لیستی رەشی ئەمریکا" دەناسرێت.
ئەو کەس و کۆمپانیایانەی ناویان لەم لیستەدا بێت، هەموو سەرمایە و داراییەکانیان لە بانکە نێودەوڵەتییەکاندا سڕدەکرێت و هیچ وڵات و کۆمپانیایەک بۆی نییە مامەڵەی بازرگانییان لەگەڵ بکات.
هەر لەو نوێکردنەوەیەدا، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا گۆڕانکاریی لە پێگەی بەشیر عەبدولکازم عەلوان، بەڕێوەبەری کۆمپانیای فڵای بەغدا کردووە، بەشیر عەبدولکازم لە لیستی سزاکاندا هێڵدراوەتەوە، بەڵام پێگەکەی لە "پەیوەندیدار بە فڵای بەغدا" گۆڕدراوە بۆ "پەیوەندیدار بە فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران".
ئەم هەنگاوەی واشنتن دوای ئەوە دێت کە لە سەرەتای ساڵی 2024دا ئەمریکا سزای بەسەر ئەو کۆمپانیایەدا سەپاند و تۆمەتباریکرد بەوەی چەک، تەقەمەنی و چەکداری بۆ گرووپە نزیکەکانی ئێران لە سووریا و ناوچەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گواستووەتەوە.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا پێشتر گوتی، مەبەست لەم سزایانە رێگریکردنە لە بەکارهێنانی کەرتی فڕۆکەوانیی مەدەنی بۆ مەبەستی سەربازی و تێکدانی ئاسایشی ناوچەکە.



