رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوە دیپلۆماسییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ئێران تاوتوێی ئەوە دەکات رێگە بە وڵاتانی ئەورووپا بدات بەشداری لە هەڵگرتنەوەی مینە دەریاییەکان لە تەنگەی هورمز بکات، ئەمەش وەک پاشەکشەیەک لە هەڵوێستەکانی پێشووی تاران دەبینرێ کە رەتی دەکردەوە هیچ هێزێکی بیانی لەو ناوچەیەدا رۆڵی هەبێت.
ئاژانسی بلومبێرگ لە زاری چەند دیپلۆماتێکەوە بڵاویکردەوە، تاران لە کۆبوونەوە داخراوەکانی هەفتەکانی رابردوودا جۆرێک لە نەرمی نیشانداوە بەرامبەر بەشداریکردنی ئەورووپییەکان لە پاککردنەوەی تەنگەکە. ئەم هەنگاوەش وەک ئامادەکارییەک بۆ ئاساییکردنەوەی هاتووچۆی کەشتییەکان و ئاسانکاری بۆ دانوستاندنی ئاشتی لەگەڵ ئەمریکا لێکدەدرێتەوە.
پێشتر ئێران چەندین جار رایگەیاندبوو، رێگە بە هیچ وڵاتێکی بیانی نادات بەشداری لە لابردنی مینەکاندا بکات و دەبێت تەنیا هێزەکانی خۆی ئەو کارە بکەن.
بەگوێرەی سەرچاوەکان، ئەو ئەرکە ئەورووپییە بەستراوەتەوە بەوەی تاران گەرەنتیی ئەمنی بداتە ئەو کەشتییانە، ئاگربەست بەردەوام بێت و سوپای پاسدارانیش رەزامەند بێت.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوەش دەکەن، لەنێو سەرکردایەتیی ئێراندا جیاوازیی بیروڕا هەیە، بە جۆرێک بەرپرسانی سوپای پاسداران پێداگری دەکەن کە دەبێت تەنیا ئێران خۆی مینەکان لاببات. هاوکات، گفتوگۆکانی ئێران و عومانیش لەسەر هەبوونی رێڕەوێکی نوێی دەریایی لە تەنگەکەدا بەردەوامن، بەڵام سەرکەوتنی ئەم پلانە بەندە بە پاککردنەوەی ئەو شوێنانەی کە گومانی هەبوونی مینیان لێدەکرێت.
لە لایەکی دیکەوە، واشنتن گوشار دەخاتە سەر هاوپەیمانەکانی بۆ ئەوەی دڵنیا ببنەوە لە سەلامەتیی تەنگەکە تاوەکو کۆمپانیاکانی کەشتیوانی و دڵنیایی دەست بە چالاکییەکانیان بکەنەوە.
پیت هیگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا، داوای لە بەریتانیا و فەرەنسا کردووە میوانداریی کۆنفڕانسێکی نێودەوڵەتی بکەن لەسەر ئاسایشی دەریاوانی لە هورمز، بەڵام وڵاتانی ئەورووپا هێشتا دوودڵن و دەترسن ئەو هەنگاوەیان وەک پشتیگیرییەک بۆ کارە سەربازییەکانی ئەمریکا دژی ئێران لێکبدرێتەوە.
پاککردنەوەی تەنگەی هورمز مەرجێکی سەرەکییە بۆ گەڕانەوەی بازرگانیی جیهانی بۆ دۆخی ئاسایی.



