رووداو دیجیتاڵ پارێزگاری نیمچەدوورگەی کریمیای لکێندراو بە رووسیاوە رایگەیاند، لە شاری سێڤاستۆپۆل لەسەر دەریای رەش، سەربازێکی نەناسراو چوار کەسی کوشتووە، سێ لە کوژراوەکان هاووڵاتیی سڤیلن. رۆژی سێشەممە 04-08-2026 میخائیل رازڤۆژایێڤ، پارێزگاری کریمیا لە تەلەگرام بڵاویکردەوە: "کارەساتێک لە سێڤاستۆپۆل روویدا، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، سەربازێک تەقەی لە هاوڕێ سەربازەکانی کردووە و کەسێکی کوشتووە، دواتر هێرشی کردووەتە سەر هاووڵاتییانی سڤیل و سێ کەسی لێ کوشتوون." رازڤۆژایێڤ روونیکردەوە، هێرشکارەکە دەستگیرکراوە، ناسنامە و نەتەوەکەی دیاری نەکراوە، تاوەکو ئێستاش هۆکاری هێرشەکە بەتەواوی روون نییە. پارێزگارەکەی کریمیا ئاماژەی بەوەش کرد، قوربانییە سڤیلەکان دوو پیاوی تەمەن 71 و 59 ساڵ و ژنێکی تەمەن 64 ساڵن. کریمیا، ئەو نیمچەدوورگەیەی رووسیا ساڵی 2014 لە ئۆکراینای جیاکردەوە و لکاندی بە خۆیەوە، چەند هەفتەیەک دەبێت ئامانجی هێرشە تۆڵەسەندنەوەکانی ئۆکراینایە بەمەبەستی تێکدانی لۆجستیی هێزەکانی رووسیا لە باشووری ئۆکراینا. رووسیا لە شوباتی 2022 هێرشێکی فراوانی بۆ سەر ئۆکراینا دەستپێکرد، بەردەوام هێرش دەکاتە سەر ئەو وڵاتە دراوسێیەی، لەنێویاندا لە رێگەی نیمچەدوورگەی کریمیاوە.