رووداو دیجیتاڵ تەواوی تۆڕی کارەبای نیشتمانیی کوبا بەشێوەیەکی کتوپڕ و یەکجارەکی داڕما و وڵاتەکەی خستەنێو تاریکییەوە. کۆمپانیای کارەبای نیشتمانیی کوبا، رۆژی دووشەممە، 3ـی ئاب لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاند، کاژێر 10:43ـی شەوی یەکشەممە پچڕانی گشتی لە سیستمی کارەبای نیشتمانیدا روویدا. ئەمە نوێترین و گەورەترین زنجیرەی داڕمانی تۆڕی کارەبایە لەو وڵاتە، کە نزیکەی 10 ملیۆن دانیشتووی هەیە و هاڤانای پایتەختیشی گرتەوە. ئەم پچڕانە سەرتاسەرییە تەنیا 24 کاژێر دوای پچڕانێکی هاوشێوە هات کە پێنج پارێزگای رۆژئاوای وڵاتەکەی گرتبووەوە و سیستمەکەی پەکخستبوو. پچڕانی کارەبا ژیانی رۆژانەی خەڵکی لە هەموو کەرتەکاندا تووشی ئیفلیجی کردووە، بەجۆرێک وێستگەکانی شیرینکردنی ئاو لەکارکەوتوون، هێڵەکانی پەیوەندی و تەلەفۆن نەماون یان لاوازبوون و نەخۆشخانەکانیش ناچاربوون تەنیا پشت بە مۆلیدەکان ببەستن. کوباییەکان ناچارن لە گەرمای تاقەتپڕووکێنی هاویندا لە تاریکیدا بمێننەوە، بێپانکە و ساردکەرەوە. هۆکارە بنەڕەتییەکانی داڕمانی کەرتی کارەبا وەزارەتی وزەی کوبا ئاماژەی بەوەکرد، رێکارەکان بۆ دووبارە چالاککردنەوەی تۆڕەکە دەستیانپێکردووە، بەڵام پرۆسەکە بەهۆی کۆنیی ئامێرەکان و کەمیی سووتەمەنییەوە یەکجار قورسە. چەندین هۆکاری سەرەکی لە پشت ئەم قەیرانەن: گەمارۆی سووتەمەنی: بەرپرسان دەڵێن هۆکاری سەرەکیی دابەزینی بەرهەمهێنانی کارەبا، ئەنجامی گەمارۆیەکی تووندی ئەمریکایە لەسەر هاوردەکردنی سووتەمەنی بۆ وڵاتەکە. سەرچاوە سەرەکییەکانی پێشووی وزەی کوبا، لەوانە ڤەنزوێلا و مەکسیک، هەناردەکردنی سووتەمەنییان بۆ ئەو وڵاتە بەشێوەیەکی بەرچاو کەمکردووەتەوە. ژێرخانی کۆن: حەوت وێستگەی سەرەکیی بەرهەمهێنانی کارەبا کە بڕبڕەی پشتی سیستمەکەن، تەمەنیان لە 40 ساڵ زیاترە، بەشێوەیەکی بەردەوام تووشی تێکچوونی تەکنیکی دەبن و پارچەی یەدەگی پێویستیان بۆ نۆژەنکردنەوە نییە. ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سزاکانی سەر کۆمپانیا حکومییەکانی کوبای تووندتر کردووە و ئەمەش وایکردووە زۆربەی کۆمپانیا بیانییەکان کارەکانیان لەو وڵاتەدا رابگرن. واشنتن تەنیا رێگەی بە یەک کەشتیی نەوتهەڵگری رووسی داوە کە لە مانگی ئاداردا 100 هەزار تۆن نەوتی خاو بگەیێنێتە کوبا. جگە لە گەمارۆی ئابووری، ئەمریکا هەنگاوی سیاسیی تووندیشی بەرامبەر ئەو وڵاتە گرتووەتەبەر و لەتازەترین هەڵوێستدا، راول کاسترۆ، سەرۆکی پێشووی وڵاتەکە و برای فیدل کاسترۆی رابەری شۆڕشی کوبای بە تۆمەتی خستنەخوارەوەی دوو فڕۆکەی مەدەنی لە سێ دەیەی رابردوودا تۆمەتبارکرد، ئەمەش ئاسۆی دانوستاندنێکی لەنێوان هاڤانا و واشنتندا بەتەواوی لێڵ کردووە. حکومەتی کوبا بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکە، پڕۆتۆکۆڵی فریاگوزاریی دەستپێکردووە. حکومەت لە هەوڵدایە بۆ دروستکردنی سیستمێکی بچووک و داخراو تاوەکو کارەبا بۆ شوێنە هەستیار و حکومییەکان، بەتایبەت ناوەندە پزیشکی و خۆراکییەکان بگەڕێننەوە و دواتر وردەوردە یەکە گەورەکانی کارەبا بەیەکەوە ببەستنەوە.