رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە رۆژی دووشەممە بیڵ پوڵت، بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمریکا بە وەکالەت، کارەکانی رادەستی جەی کلایتن بکات، کە لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە بۆ ئەو پۆستە بەربژێر کرابوو.
بیڵ پوڵت رۆژی شەممە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسی، لەگەڵ ترەمپ و سەبارەت بە پڕۆسەی رادەستکردنی پۆستەکە قسەی کردووە. کلایتن ئەم هەفتەیە لەلایەن ئەنجوومەنی پیرانەوە پەسند کرا.
دوای دەستلەکارکێشانەوەی تولسی گابارد، بەڕێوەبەری پێشوو، دۆناڵد ترەمپ پوڵتی وەک بەڕێوەبەری کاتی دەستنیشان کرد، بەڵام ئەو بڕیارە ناڕەزایەتی هەندێک لە یاسادانەرانی کۆماریی لێکەوتەوە؛ ئەوان دەڵێن، بەڕێوەبەری ئاژانسی فیدراڵیی دارایی نیشتەجێبوون، ئەزموونی پێویستی لە بواری ئاسایشی نیشتمانیدا نییە.
جەی کلایتن، کە پێشتر داواکاری گشتیی ئەمریکا بووە لە ناوچەی باشووری نیویۆرک و سەرۆکی کۆمیسیۆنی کاخەزە داراییەکان و بۆرسە بووە، رۆژی سێشەممەی رابردوو بە دەنگی کۆمارییەکان پەسند کرا.
لەکاتی کارکردنی پوڵت وەک بەڕێوەبەری کاتی، ترەمپ لە گوتارێکدا دووبارە جەختی کردەوە کە لە هەڵبژاردنی 2020دا ساختەکاری کراوە. بۆ سەلماندنی قسەکانیشی، هەندێک بەڵگەنامەی نهێنیی هەواڵگریی بڵاوکردەوە کە باسیان لە هەبوونی دەستوەردان و خاڵی لاواز لە سیستەمی هەڵبژاردنەکاندا دەکرد.
جەی کلایتن هەوڵیدا سەرنجی هەردوو پارتی کۆماری و دیموکرات رابکێشێت، بەڵام کاتێک لە ئەنجوومەنی پیران لێپرسینەوەی لەگەڵ کرا، ئامادە نەبوو بە روونی بڵێت جۆ بایدن هەڵبژاردنی بردووەتەوە. ئەم هەڵوێستەی وایکرد پشتگیریی هەردوو پارتەکە لەدەست بدات و تەنیا بە دەنگی کۆمارییەکان لە پۆستەکەی جێگیر بکرێت.
پێش ئەوەی ئەنجوومەنی پیران دەنگ لەسەر کلایتن بدات، پوڵت چەند بەڵگەنامەیەکی هەواڵگریی ساڵی 2020ی بڵاوکردەوە کە باسیان لە توانای چین بۆ دەستوەردان لە پڕۆسەی سیاسیی ئەمریکا و خاڵە لاوازەکانی سیستەمی هەڵبژاردن دەکرد.
ناوەڕۆکی ئەو بەڵگەنامانە پێشتریش زانراو بوون، بەڵام بڵاوکردنەوەیان وەک بەشێک لە هەوڵە بەرفراوانەکانی ئیدارەی ترەمپ دەبیندرێت بۆ دروستکردنی گومان لەسەر دروستیی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا.
تاوەکو ئێستا کۆشکی سپی کاتی سوێندخواردنی یاسایی جەی کلایتنی بۆ دەستبەکاربوونی لە پۆستە نوێیەکەیدا رانەگەیاندووە.



