رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی نیشتمانیی دژە تیرۆری رووسیا رایگەیاند، بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی دەستکرد لە رێستۆرانتێکی مۆسکۆ، سێ کەس کوژران و 21 کەسی دیکەش بریندار بوون.
رۆژی یەکشەممە، 2ـی ئابی 2026، ئاژانسی هەواڵی (تاس) لە زاری لیژنەکەوە بڵاویکردەوە: "بۆمبێکی دەستکرد لە رێستۆرانتێک لە گۆڕەپانی کودرینسکایا لە مۆسکۆ تەقیوەتەوە و بووەتە هۆی کوژرانی سێ کەس."
لیژنەی نیشتمانیی دژە تیرۆر ئاماژەی بەوە کرد، کوژراوەکان بریتین لەو ژنەی بۆمبەکەی پێبووە، کارمەندێکی ئەمنی کە هەوڵی داوە رێگری لێبکات و یەکێک لە کڕیارەکان. هاوکات 21 کەسی دیکەش لەنێو رێستۆرانتەکەدا بریندار بوون.
پۆلیسی مۆسکۆ بۆ ئاژانسی (ریا نۆڤۆستی) باسی لەوە کردووە، تیمەکانی لێکۆڵینەوە و پزیشکی دادوەری لە شوێنی رووداوەکەن. وێنە بڵاوکراوەکانی نێو تێلیگرامی رووسیاش ئۆتۆمبێلەکانی ئاگرکوژێنەوە و ئەمبوڵانس لەبەردەم باڵەخانەکە نیشان دەدەن.
لە دوای دەستپێکردنی جەنگی ئۆکراینا لە ساڵی 2022، دەزگای هەواڵگریی ئۆکراینا تۆمەتبار کراوە بە کردنی چەندین هێرش بۆ سەر ئەفسەرانی سەربازی و کەسایەتییە دیارەکانی رووسیا کە پشتگیری لە جەنگ دەکەن.
لە نیسانی 2025دا، رووسیا ئۆکراینای بە کوشتنی یارۆسلاڤ مۆسکالیک، ژەنەڕاڵێکی باڵای وڵاتەکەی لە رێگەی بۆمبێکی چێندراو لە ئۆتۆمبێلەکەیدا تۆمەتبار کرد.
هەروەها لە ئابی 2022، داریا دووگین، کچی ئەلیکساندەر دووگین، بیرمەندی رووسیا، لە نزیک مۆسکۆ کوژرا کاتێک بۆمبێکی لکێنراو بە ئۆتۆمبێلەکەیدا تەقییەوە. زۆر کەس پێیانوایە باوکی ئامانجی سەرەکیی هێرشەکە بووە.
لە نیسانی 2023شدا، ڤلادلین تاتارسکی، بلۆگەری سەربازیی نزیک لە کرێملن، لە کاتی تەقینەوەی پەیکەرێک لە کافتریایەک لە سانت پترسبۆرگ کوژرا. هەروەها لە کانوونی یەکەمی 2024، ژەنراڵ ئیگۆر کیریلۆڤ، بەرپرسی بەشی چەکە کیمیاییەکانی سوپای رووسیا و یاریدەدەرەکەی لە مۆسکۆ کوژران.
جگە لەوانە، زاخار پڕیلێپین، نووسەری ناسیۆنالیستی نزیک لە کرێملن، لە ئایاری 2023 بەهۆی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلەکەی لە نزیک شاری نیزنی نۆڤگۆرۆد بە سەختی بریندار بوو.



