رووداو دیجیتاڵ
دەسەڵاتدارانی پیرۆ رایانگەیاند، فڕۆکەیەکی بچووک کە گەشتیارانی بیانی هەڵگرتبوو، لە نزیک شاری نازکا لە باشووری وڵاتەکە کەوتە خوارەوە و لە ئەنجامدا 13 کەس گیانیان لەدەستدا.
ناسنامەی قوربانییەکانی رووداوەکە
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی فەرمیی پیرۆ (ئەندینا)، ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە حەوت ئیتالی، دوو ئیسپانی و دوو ئەڵمانی بوون، ناسنامەی دوو کەسەکەی دیکە ئاشکرا نەکراوە.
دەسەڵاتدارانی ناوخۆیی لە راگەیێندراوێکدا رایانگەیاند، ئەم فڕۆکەیە کە لە لایەن کۆمپانیای تایبەتی (ئایرۆدیانا)وە بەڕێوەدەبرا، لە فڕۆکەخانەی بیسکۆوە فڕیبوو و لە ناوچەی پویبلۆ ڤیێهۆ لە نزیک ناوچەی شوێنەواریی نازکا کەوتووەتە خوارەوە.
بەرپرسان ئاماژەیان بەوە کردووە، گەشتەکە بە مەبەستی سەیرکردنی (هێڵەکانی نازکا) کراوە؛ کە نەخش و هێڵە کۆنەکانی سەر زەوین و تەنیا لە رێگەی ئاسمان یان لە رێگەی تاوەرەکانی چاودێرییەوە بە تەواوی دەبینرێن.
نووسینگەی داواکاری گشتیی پیرو، کە سەر بە دەسەڵاتی دادە رایگەیاند، تیمەکانی داواکاری گشتی چوونەتە شوێنی رووداوەکە بۆ دەرهێنانی تەرمەکان.
هاوکات، وەزارەتی بازرگانیی دەرەوە و گەشتوگوزاری پیرۆ رایگەیاند، ئەوان لە گفتوگۆی بەردەوامدان لەگەڵ باڵیۆزخانەی وڵاتی گیانلەدەستدراوان بۆ دابینکردنی هاوکاری و هاوئاهەنگی پێویست، کە ئەم هاوکاری و بەدواداچوونە ئێستا کاری لەپێشینەی هەردوولایە.
کۆمپانیای ئایرۆدیانا لە ماڵپەڕی خۆیدا ئاماژەی بەوە کردووە، 14 ساڵە گەشتی گەشتیاریی چاودێری لە ناوچەکەدا دەکات.



