رووداو دیجیتاڵ
12 ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژی کوردانی ئێزدی لەسەر دەستی داعش تێدەپەڕێ و پرسی رزگاربووان و دادپەروەری لە لووتکەی بایەخی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا ماوەتەوە. رووداو لە رێگەی بەدواداچوونێکی وردەوە، هەڵوێستی شەش وڵاتی کاریگەری جیهانی لەبارەی دۆسیەی کوردانی ئێزدی وەرگرتووە. ئەم وڵاتانە لە رێگەی وەزارەتەکانی دەرەوە و باڵیۆزخانەکانیانەوە، دوایین ئامارەکانی نیشتەجێکردنی پەنابەرانی ئێزدی و ستراتیژی خۆیان بۆ سزادانی ئەنجامدەرانی تاوانەکان بۆ رووداو ئاشکرا دەکەن.
حوسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوان لە هەرێمی کوردستان جەخت لە بەردەوامی هەوڵەکان دەکاتەوە و دەڵێت: "بە راسپاردە و رێنمایی راستەوخۆی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پڕۆسەی گەڕان بەردەوامە و تاوەکو یەک رفێندراو مابێت ناوەستین."
نووسینگەی پەنابەران لە ئەڵمانیا: 135،603 داوای ئێزدییەکانمان بۆ مافی پانەوە بەدەست گەیشتووە
راگەیاندنی نووسینگەی پەنابەران و کۆچبەران لە حکومەتی فیدراڵیی ئەڵمانیا بە رووداوی راگەیاند، لە ساڵی 2014ـەوە تاوەکو نیوەی ئەم ساڵ، 135,603 داواکاریی کوردانی ئێزدییان بۆ مافی مانەوە پێ گەیشتووە، کە زۆرینەیان داواکاریی یەکەمجار بوون.
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی دەست رووداو کەوتوون، لە کۆی ئەو ژمارەیە 124,330 داواکارییان بۆ "یەکەمجار" تۆمارکراون، لە کاتێکدا 11,273 داواکارییان وەک "داواکاریی دووەم یان سێیەم و چوارەم و زیاتریش تۆمارکراون.
ئامارەکان دەری دەخەن کە ساڵانی 2015 و 2016 لووتکەی لێشاوی کۆچی کوردانی ئێزدی بووە بۆ ئەڵمانیا. ساڵی 2016 بە تۆمارکردنی 43,708 داواکاری، بەرزترین رێژەی لە مێژووی کۆچی ئەو پێکهاتە کوردییە تۆمارکردووە.
خشتەی دابەشبوونی داواکارییەکان لە ساڵە جیاوازەکاندا بەم شێوەیەیە:
2014: 10,782 داواکاری
2015: 21,490 داواکاری
2016: 43,708 داواکاری
2017: 13,879 داواکاری
ئەم ساڵ (تاوەکو 30-06-2026): 1,081 داواکاری تۆمارکراون.
نووسینگەکە روونیکردەوە، لە دوای کۆمەڵکوژی 2014ـەوە ئەڵمانیا کوردانی ئێزدی وەک گرووپێکی "چەوساوە" ناسی و تەنیا بوونە ئەندام لەو گرووپە ئایینییە بەس بوو بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەری. بەڵام، بەهۆی لاوازبوونی رێکخراوی داعش لە ساڵی 2017، سیاسەتی ئەڵمانیا گۆڕاوە.
ئەو نووسینگەیە ئاماژە بەوە دەکات، لە کۆتایی ساڵی 2017ـەوە چی دیکە کوردانی ئێزدی وەکو "گرووپێکی چەوساوە هەژمار ناکرێن" بەڵکو داواکانیان وەک داوای تاکەکەسی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. ئەمەش بۆ ئەوەی بزانرێ کە ئایا کەسەکە لە ئەگەری گەڕاندنەوەیدا بۆ وڵاتەکەی ئەگەری هەیە رووبەڕووی مەترسی ببێتەوە یان نا.
نووسینگەکە دەڵێت، پاڵپشتی کوردانی ئێزدی دەکەن و داوای بە سزاگەیاندنی بەشداربووانی جینۆسایدەکە دەکەن.
گوتەبێژێکی باڵیۆزخانەی ئوستراڵیا لە عێراق: نزیکەی 4,000 ئێزدی لە وڵاتەکەمانن
گوتەبێژێکی باڵیۆزخانەی ئوستراڵیا لە عێراق بە رووداوی راگەیاند، حکومەتی وڵاتەکەی بەردەوامە لە داکۆکیکردن لە مافی کوردانی ئێزدی بۆ ژیانێکی ئارام و سەقامگیر، چ لە ئاستی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان یان لە کۆڕ و کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکان؛ هاوکات ئاشکرای کرد کە نزیکەی 4,000 کوردی ئێزدی لە ئوسترالیا نیشتەجێن.
گوتەبێژێکی باڵیۆزخانەی ئوستراڵیا لە عێراق بە رووداوی راگەیاند: "ئێمە دان بەو ئەزموونە مەترسیدارەی کۆیلایەتیی سێکسی، ئەشکەنجەدان، کۆمەڵکووژی و دڕندەییەی کۆمەڵگەی ئێزدی دەنێین کە لەسەر دەستی داعش لە عێراق و سووریا چەشتوویانە"؛ ئاماژەی بەوەش کرد کە ئوسترالیا ئەندامێکی کارای هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییە دژی داعش و پابەندە بە تێکشکاندنی ئەو رێکخراوە پەڕگیرە و گرووپە توندڕەوەکانی دیکە.
گوتەبێژی باڵیۆزخانەکە ئاماژەی بەوەش کرد، تۆڕێکی بەهێزی پەیوەندییان لەگەڵ کەسایەتییەکانی کوردی ئێزدی لە باشووری کوردستان هەیە و بەردەوام لەسەر پرسە گرنگەکان گفتوگۆ دەکەن. لەم چوارچێوەیەدا، لە تشرینی یەکەمی 2025، باڵیۆزی ئوسترالیا لە بەغدا چەپکەگوڵی لەسەر مۆنۆمێنتی جێنۆسایدی کوردانی ئێزدی لە شنگال دانا و لەگەڵ کەسایەتییە دیارەکان و ئەندامانی کۆمەڵگەکە کۆبووەوە.
سەبارەت بە هۆشیارکردنەوەی جیهانی لەبارەی دۆسیەی کوردانی ئێزدی، گوتەبیژی باڵیۆزخانەکە روونیکردەوە کە لە تەممووزی 2025 وەزارەتی دەرەوە و بازرگانیی ئوستراڵیا پێشانگایەکی ڤیدیۆیی بە ناوی (کەس گوێ ناگرێ) رێکخست، کە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی گشتی بوو لەبارەی ئەو کێشانەی رووبەڕووی کۆمەڵگەی ئێزدی دەبنەوە.
باڵیۆزخانەی ئوستراڵیا ئاشکرای کرد، ئێستا رەوەندی ئێزدی لە ئوستراڵیا کە ژمارەیان نزیکەی چوار هەزار کەسە، لە رێگەی ئاڵوگۆڕی کولتووریی دەوڵەمەندەوە، بەشدارییەکی بەهێز و بەنرخ لە کۆمەڵگەی ئوسترالیدا دەکەن.
وەزارەتی پەنابەرانی کەنەدا: 1،400 هاووڵاتیی ئێزدی لە وڵاتەکەمانن
راگەیاندنی وەزارەتی پەنابەران و کۆچبەرانی کەنەدا بە رووداوی راگەیاند، لە چوارچێوەی هەوڵە مرۆییەکانی بۆ پاراستنی کەسانی بێدەرەتان، تاوەکو ئێستا پێشوازی لە زیاتر لە 1,400 کوردی ئێزدی، رزگاربووی دەستی داعش و کەسوکاریان کراوە و پرۆسەی هێنانی ژمارەیەکی دیکەش تاوەکو ساڵی 2027 بەردەوام دەبێت.
گوتەبێژەکە بە رووداوی گوت: "کەنەدا خاوەنی مێژوویەکی درێژ و شانازییە لە پاراستنی ئەو کەسانەی لە جیهاندا مەترسییان لەسەرە و بەردەوام دەبێت لە دابینکردنی پاراستن لە رێگەی نیشتەجێکردنەوە بۆ ئەو کەسانەی پێویستییان پێیەتی."
وەزارەتی پەنابەرانی کەنەدا ئاماژەی بەوەش کرد، وڵاتەکەی پێشوازی لە زیاتر لە 1,400 کوردی ئێزدی و رزگاربووی دەستی داعش کردووە، کە تێیدا ژنان و منداڵانی ئێزدی لە پێشینەی ئەو کەسانە بوون کە وەک گرووپی بێدەرەتان و هەڕەشەلەسەر هاوکاری کراون.
سەبارەت بە یەکخستنەوەی خێزانە ئێزدییەکان، وەزارەتەکە روونیکردەوە کە لە 1ی کانوونی یەکەمی 2023دا سیاسەتێکی گشتیی کاتی کەوتە واری جێبەجێکردنەوە. ئامانجی ئەم سیاسەتە یەکخستنەوەی ئەو کوردە ئێزدییانە بوو کە پێشتر لە کەنەدا نیشتەجێکراون لەگەڵ خێزانەکانیان کە لە باشووری کوردستان بوون.
وەزارەتی پەنابەرانی کەنەدا ئاشکرای کرد، لە چوارچێوەی ئەم سیاسەتەدا 400 داواکارییان قبووڵ کردووە و ئێستا وەرگرتنی داواکاریی نوێ راگیراوە، بەڵام پرۆسەی راییکردنی ئەو داواکارییانەی لایانە بەردەوامە و چاوەڕوان دەکرێ تاوەکو ساڵانی 2026-2027 هاووڵاتیی نوێ لەو ڕێگەیەوە بگەنە کەنەدا.
حەیدەر حوسێن عەسۆ، چالاکڤانێکی کوردی ئێزدییە لە شاری ئۆنتاریۆی کەنەدا و لە ساڵی 2009وە لەو وڵاتە دەژی. ئەو هاونیشتمانییە بە رووداوی راگەیاند: "لە ساڵی 2014ەوە لەگەڵ ئێزیدییەکانی دیکە کار دەکەین بۆ یارمەتیدانی ئەو ئێزدیانەی دێنە کەنەدا. بەشێکیان پێویستیان بە هاوکاری دەروونی تەندروستی بوو"؛ ئاماژەی بەوەش کرد: " هاوکاری تەندروستییان پێشکێش بە 140 ئێزدی کردووە کە کاریگەری دەروونی هێرشەکانی داعشیان لەسەر بووە".
بەلجیکا: ناساندنی جێنۆساید بەس نییە و دەبێت تاوانباران سزا بدرێن
گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی بەلجیکا لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵیادی جینۆسایدی کوردانی ئێزدی بە رووداوی راگەیاند، تەنیا یادکردنەوەی تاوانەکە بەس نییە، بەڵکو دەبێت هەنگاوی کردەیی بۆ دۆزینەوەی بێسەروشوێنەکان و سزادانی ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە "دڕندانانە" بنرێت.
گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی بەلجیکا دەڵێت: "پەرلەمانی وڵاتەکەمان لە ساڵی 2021دا بە فەرمی ئەو کۆمەڵکوژییەی بەرامبەر ئێزدییەکان کرا وەک جێنۆساید ناساند"؛ گوتیشی، بەلجیکا پێی وایە دوای تێپەڕبوونی 12 ساڵ بەسەر ئەو کارەساتەدا، هێشتا برینەکان ساڕێژ نەبوون، چونکە زۆر خێزان هێشتا چارەنووسی کەسوکاریان نازانن و ئاوارەیی بەردەوامە.
بەلجیکا جەخت دەکاتەوە کە "یادکردنەوە دەبێت لەگەڵ کارکردندا بێت"؛ ئەمەش لە رێگەی "زانینی چارەنووسی بێسەروشوێنەکان، دەستەبەرکردنی لێپرسینەوە و پاراستنی میراتی ئێزدییەکان. لەم چوارچێوەیەدا، دادگاکانی بەلجیکا چەندین کەسیان بە تۆمەتی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و جێنۆساید دژی ئێزدییەکان سزاداوە، وەک هەنگاوێک بۆ دەستەبەرکردنی دادپەروەری جیهانی".
چارەسەری دەروونی بۆ رزگاربووان لە بەلجیکا
یەکێک لە پرسە هەرە سەرەکییەکان، چارەسەری دەروونییە بۆ ئەو کەسانەی لەژێر دەستی داعش بوون.
بە گوێرەی گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی بەلجیکا، رزگاربووان رەنگە تووشی زەبرێکی دەروونی قووڵ و درێژخایەن بووبن. لەو وڵاتەدا، هەموو ئەو کوردە ئێزدییانەی مافی پەنابەرییان پێدراوە، دەستیان بە سیستمی تەندروستی و خزمەتگوزارییە دەروونییەکان دەگات.
حکومەتی بەلجیکا جەخت دەکاتەوە کە زانیاریی پزیشکیی ئەم کەسانە بە نهێنی دەپارێزرێ و بەوپەڕی شکۆ و رێزەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو کەسانە دەکرێت.
گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی بەلجیکا دەڵێ، کوردانی ئێزدی نموونەی خۆڕاگریین، چونکە دوای ئەو هەموو چەوسانەوەیە توانیویانە ژیانیان بونیاد بنێنەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ئێستا کوردانی ئێزدی لە بەلجیکا لە بوارەکانی کار، پەروەردە و بازرگانیدا کەسانی کاران و رێکخراوەکانیشیان رۆڵێکی گرنگ لە هۆشیارکردنەوەی جیهان دەربارەی تاوانەکانی داعش و داکۆکیکردن لە مافی کەمینە ئایینییەکان دەگێڕن.
هەڵسەنگاندنی رۆڵی هەرێمی کوردستان لە روانگەی بەلجیکاوە
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا گوتەبێژەکە ئاماژەی بە رۆڵی گرنگی هەرێمی کوردستان کرد لە میوانداریکردنی کوردانی ئێزدی.
بە گوێرەی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی ئێزدی لە هەرێمی کوردستان ژمارەی ئاوارە ئێزدییەکان کە ئێستا لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان دەژین 135,860 کەسە، بەڵام ژمارەی ئاوارەکان کە لە ناوچە جیاوازەکانی باشووری کوردستان دەژین 189,337 ئاوارەن.
بەلجیکا دەستخۆشی لە هەوڵەکانی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ پشتگیریکردنی رزگاربووان، بەڵام هاوکات هۆشداری دەدات کە دۆخەکە هێشتا لە شنگال زۆر سەختە.
بەلجیکا پێی وایە کێشەی بێسەروشوێنەکان و ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکان پێویستی بە هەوڵی بەردەوام و هاوئاهەنگی قووڵترە لە نێوان حکومەتی فیدراڵیی عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. بەلجیکا دووپاتی دەکاتەوە کە لە چوارچێوەی پەیوەندییە فەرمییەکانی لەگەڵ عێراق، دیالۆگی بەردەوامی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بۆ ئەم مەبەستە هەیە.
وەزارەتی دەرەوەی سویسرا: کار بۆ سزادانی ئەنجامدەرانی تاوانەکە دەکەین
گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی سویسرا بە رووداوی راگەیاند، دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە دە ساڵ بەسەر ئەو ئازارە گەورەیەی کە بەهۆی تاوانە دڕندانەکانی رێکخراوی داعشەوە بەرۆکی کۆمەڵگەی ئێزدی گرتووە، بە تووندی و بێ هیچ گومانێک سەرکۆنەی ئەو پێشێلکارییە مەترسیدارانەی یاسا نێودەوڵەتییەکان دەکەن.
گوتەبێژێکەی وەزارەتی دەرەوەی سویسرا دەڵێ، سویسرا بە تووندترین شێوە سەرکۆنەی ئەو تاوانانە دەکات و "لە سەر ئاستی دووقۆڵی و فرەلایەنیش جەخت لە سزادانی ئەو کەسانە دەکاتەوە کە بەرپرسن لەو تاوانانەی لە سووریا و عێراق ئەنجامدراون."
گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی سویسرا ئاماژەی بەوەش کرد، باڵیۆزی وڵاتەکەیان لە بەغدا لە پەیوەندیی بەردەوامدایە لەگەڵ کۆمەڵگەی ئێزدی و "گفتوگۆی رێکوپێکی لەگەڵ ئەو بەرپرسە عێراقییانە هەیە کە بەرپرسن لە کاروباری ئێزدییەکان،" ئەوەش بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ دۆخی ئەو کۆمەڵگەیە.
وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا: کار دەکەین بۆ سزادانی تاوانبارانی جێنۆسایدی ئێزدییەکان
گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا بە رووداوی راگەیاند، قوربانییان و رزگاربووانی جێنۆسایدی کوردانی ئێزدی شایستەی هەموو جۆرە پشتگیرییەکن و وڵاتەکەشیان کار دەکات بۆ ئەوەی تاوانباران رووبەڕووی دادگا بکرێنەوە و سزای دادپەروەرانە وەربگرن.
رۆژی هەینی، 31ی تەممووزی 2026، گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا لە وەڵامی پرسیارەکانی نیاز مستەفا، ئێدیتۆر لە بەشی نێودەوڵەتی رووداو رایگەیاند: "هۆڵەندا هاوکار دەبێت لە پرۆسەی دادگاییکردنی ئەنجامدەرانی تاوانەکانی دژی ئێزدییەکان، بە ئامانجی دەستەبەرکردنی دادپەروەری و دڵنیابوونەوە لەوەی ئەو تاوانە مەترسیدارە بێ سزا تێپەڕ نابێ".
گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا ئاماژەی بەوەش کرد، جەخت لەسەر دابینکردنی هاوکاری بۆ کۆمەڵگەی ئێزدی دەکەنەوە، ئەوەش لە رێگەی چەندین بەرنامەی تایبەت لە شنگال و ناوچەکانی دیکە.
سەبارەت بە هاوئاهەنگییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا روونیکردەوە کە پەیوەندییەکی بەردەوام و رێکوپێکیان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە و پرسی دۆخی کۆمەڵگەی ئێزدی تەوەرێکی سەرەکی گفتوگۆکانیانە.
گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا جەختی کردەوە کە جگە لە پەیوەندییە فەرمییەکان، لەگەڵ کۆمەڵگەی ئێزدی لە هۆڵەندا و عێراق، هەروەها لەگەڵ رێکخراوە ناحکومییەکان لە پەیوەندیدان، تاوەکو بتوانن دیدگا و پێویستییەکانی قوربانییان و رزگاربووان لەبەرچاو بگرن بۆ هەر هەنگاوێکی پشتگیری کە دەینێن.
حوسێن قائیدی: لە گەڕان بەردەوام دەبین
حوسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش کە نووسینگەکە سەر بە نووسینگەی تایبەتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانە، بە رووداوی راگەیاند، بە راسپاردە و رێنمایی راستەوخۆی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، پڕۆسەی گەڕان و ڕزگارکردنی کوردانی ئێزدی رفێندراو بەردەوامە و جەختی کردەوە کە "تاوەکو یەک رفێندراو مابێت، لە هەوڵەکانمان بەردەوام دەبین."
حوسێن قائیدی لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ رووداو ئامارە نوێیەکانی رفێندراوانی خستەڕوو و رایگەیاند، لە سەرەتای جێنۆسایدەکەوە لە ساڵی 2014، نووسینگەکەیان توانیویەتی ناوی شەش هەزار و 417 رفێندراو تۆمار بکات کە لەنێویاندا ژن، منداڵ و پیاو هەبوون؛ ئاماژەی بەوەش کرد، "لەو کاتەوە تاوەکو ئەمڕۆ، توانراوە سێ هەزار و 595 کەس لە دەستی داعش رزگار بکرێن و بگەڕێندرێنەوە ناو خێزانەکانیان."
بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوان هۆشداری دا لەوەی کە دوای 12 ساڵ، هێشتا زیاتر لە دوو هەزار و 500 ئێزدی بێسەروشوێنن و چارەنووسیان نادیارە. رەخنەی لە حکومەتی فیدراڵیی عێراقیش گرت کە "وەک پێویست خۆی بە خاوەنی ئەم دۆسیەیە نەزانیوە" و گوتی، تاوەکو ئێستا عێراق نەبووەتە ئەندامی رێککەوتننامەی رۆما بۆ ئەوەی بتوانێت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کار لەسەر ئەم کەیسە بکات، هەروەها چەندین گۆڕی بەکۆمەڵ لە باشووری شنگال هەن کە تائێستا نەکراونەتەوە.
سەبارەت بە دۆخی مرۆیی ئاوارەکان، قائیدی ئاماژەی بەوە کرد کە دوای ساڵی 2018، زۆربەی رێککەوتنامە نێودەوڵەتییەکان و رێکخراوە ناحکومییەکان هەرێمی کوردستانیان جێهێشتووە بەو پێیەی وایان دەزانی دۆخەکە ئاسایی بووەتەوە، بەڵام گوتی، "خەڵکێکی زۆرمان هێشتا لەژێر خێوەتەکاندایە و 12 ساڵە خێوەتەکانیان نەگۆڕدراوە. ئەوان لە هاویناندا لەبەر گەرما و زستانان لەبەر سەرما دەناڵێنن و پێویستییان بە هاوکاریی بەردەوام هەیە."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، حوسێن قائیدی باسی لە هەوڵە یاساییەکان کرد بۆ ناساندنی جێنۆسایدەکە لە ئاستی جیهانیدا و رایگەیاند، بە هاوئاهەنگی رێکخراوی "یونیتاد" و وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، هەزاران بەڵگەی ڤیدیۆیی و نووسراو بە شێوەی دیجیتاڵی و بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان ئامادە کراون؛ گوتیشی، "ئامانجی ئێمە ئەوەیە تاوانباران سزا بدرێن، قەرەبووی زیانلێکەوتووان بکرێتەوە و گەرەنتییەکی نێودەوڵەتی هەبێت بۆ ئەوەی ئەم کارەساتە جارێکی دیکە دووبارە نەبێتەوە."
لە 3ی ئابی 2014، رێکخراوی داعش هێرشی کردە سەر قەزای شنگال و دەوروبەری، کە لە ئەنجامدا هەزاران کوردی ئێزدی کۆمەڵکوژ کران و هەزارانی دیکەش رفێندران.



