رووداو دیجیتاڵ
دوای شەپۆلی خۆپێشاندان و تووندوتیژی کە بە خراپترینی چەندین ساڵی رابردوو دادەنرێ، دۆخی فەرەنسا کەمێک هێور بووەتەوە. بەڵام بۆ پاراستنی ئەم ئارامییە، حکومەت بڕیاری داوە قەدەخەی هاتووچۆی شەوانە لە پاریس و چەند شارێکی گەورەی دیکە تاوەکو "هەر کاتێک پێویست بکات" بەردەوام بێت.
رێکارەکان چین؟
•لە پاریس لە چەند ناوچەیەکی سەرەکی و بازرگانی، قەدەخەی هاتووچۆی شەوانە سەپێندراوە بۆ پاراستنی ئاسایش.
•لە لیۆن قەدەخەی هاتووچۆ لە شارەکە لە کاژێر 09:00ـی شەو بۆ 06:00ـی بەیانی جێبەجێ دەکرێ.
•لە مارسیلیا قەدەخەی هاتووچۆی شەوانە تەنیا بۆ ئەو مێرمنداڵانە دانراوە کە بەتەنیا و بێ کەسوکارەکانیان دەچنە دەرەوە.
ئامادەکاری بۆ رۆژی شەممە
کۆمەڵەکانی قوتابیان و خوێندکاران و بزووتنەوەی "هێلەک زەردەکان" (کە لە ساڵانی 2018 و 2019 بە خۆپێشاندانەکانیان فەرەنسایان هەژاند) داوایان کردووە رۆژی شەممەی داهاتوو خۆپێشاندانی گەورەتر بکرێت.
سێباستیان لۆکۆرنۆ، سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا رایگەیاند، بۆ رۆژی شەممە هێزێکی "یەکجار زۆر"ی پۆلیس بڵاوەی پێدەکرێ. بۆ یارمەتیدانیش، سوپای فەرەنسا (کە ئەرکی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرە) پاسەوانیی شوێنە هەستیارەکان دەکات، بۆ ئەوەی پۆلیس بە تەواوی دەستی کراوە بێت بۆ کۆنترۆڵکردنی شەقامەکان.
کێ لە پشت تووندوتیژییەکانەوەیە؟ (وەڵامێک بۆ ترەمپ)
رۆژی شەممە باڵەخانەی مێژوویی شارەوانیی لیمۆژ کە تەمەنی 143 ساڵە، لەلایەن ئەوانەی خۆیان بە خۆپێشاندەر دەناسێنن سووتێندرا. پۆلیس گومانلێکراوێکی دەستگیرکرد کە پەیوەندی بە گرووپە ژینگەپارێزە تووندڕۆکانەوە هەیە.
ڤیدیۆی سووتانی ئەم باڵەخانەیە لە جیهاندا دەنگدانەوەی هەبوو. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و جەی دی ڤانسی جێگری، ڤیدیۆکەیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، هۆکاری ئەم تووندوتیژییە "کۆچبەرانن" کە فەرەنسایان کۆنترۆڵ کردووە.
بەڵام بەرپرسانی فەرەنسا قسەکانی ترەمپ بە تەواوی رەتدەکەنەوە و جەخت دەکەنەوە کە ئەوانەی ئەم کارانەیان کردووە "گرووپە چەپە تووندڕۆکان و دزە هەلپەرستەکانن"، نەوەک کۆچبەران.
دەستگیرکردن و سزای تووند لە دادگەکان
لە ماوەی ئەو خۆپێشاندانانەی کە دژی گرانیی بژێوی و خراپیی قوتابخانەکان کران، زیاتر لە 2 هەزار و 400 کەس دەستگیرکراون و ئۆتۆمبێل و باڵەخانەی زۆر سووتێندراون.
جێراڵد دارمانین، وەزیری دادی فەرەنسا رایگەیاند کە دادگەکان "زۆر تووند" دەبن بەرامبەر "ئاژاوەگێڕان".
تاوەکو ئێستا 149 کەس خراونەتە زیندانەوە. بۆ نموونە لە شاری لیل، سێ گەنج کە پێشتر هیچ پێشینەیەکی تاوانیان نەبووە، تەنیا لەبەر ئەوەی یاریی ڤیدیۆییان لە دووکانێک دزیبوو، دەستبەجێ سزای 10 مانگ زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێندرا.



