رووداو دیجیتاڵ
هەزاران هاووڵاتی لە لیسبۆن و چەندین شاری دیکەی پۆرتوگال دووبارە رژانە سەر شەقامەکان، ئەمەش دوای چەند کاژێرێک لە هەڵکوتانی پۆلیس بۆ سەر کەمپی ناڕازییانی پرسی نیشتەجێبوون و تێکدانی چادرەکانیان و دەستگیرکردنی 55 کەس.
خۆپێشاندەران لە پۆرتوگال ناڕەزایەتی بەرامبەر بە بەرزبوونەوەی بەرچاوی تێچووی نیشتەجێبوون و کرێی خانوو دەردەبڕن و هەوڵدەدەن هەڵوێستی خۆیان لەگەڵ ناڕەزایەتییە هاوشێوەکانی ئیسپانیای دراوسێیان یەکبخەن، کە ماوەی چەندین هەفتەیە لە مەدریدی پایتەخت چادریان لە گۆڕەپانەکاندا هەڵداوە.
لە لیسبۆنی پایتەخت، هەزاران کەس لە گۆڕەپانی (رۆسیۆ) کۆبوونەوە و بڕیاریاندا لە رۆژی چوارشەممەوە جارێکی دیکە چادرەکانیان هەڵبدەنەوە. لەسەر تابلۆی ناڕازییان درووشمی "ناچاریان کردم بێمە سەر شەقام بۆ هاوارکردن" و "لیسبۆن بۆ فرۆشتن نییە" نووسرابوون.
لە بەرەبەیانی رۆژی سێشەممەدا 20-10-2026، هێزە ئەمنییەکانی پۆرتوگال کەمپی چادری ناڕازییانیان لە لیسبۆن و پۆرتۆ تێکدا و دەستیان بەسەر 228 چادر و کەپردا گرت.
پۆلیس 55 کەسی لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا دەستگیرکرد و رایگەیاند، مانەوە لەو چادرانە چیدی یاسایی نییە؛ لە راگەیێندراوێکیشدا ئاماژەی بەوە کرد: "دەستبەسەرکراوەکان براونەتە بنکەکانی پۆلیس و لە زووترین کاتدا دەبرێنە بەردەم دەسەڵاتی دادوەری."
ناڕازییان حکومەت تۆمەتبار دەکەن بەوەی لە چارەسەرکردنی قەیرانی نیشتەجێبوون لە پۆرتوگال دەستەوەستان بووە، هەروەها هەوڵی تێپەڕاندنی هەموارکردنەوەی یاسای بازاڕی بەکرێدان دەدات کە دەرکردنی خەڵک لە ماڵەکانیان ئاسانتر دەکات. لە شاری پۆرتۆش خۆپێشاندەران دوای هەڕەشەی دەستوەردانی هێزە ئەمنییەکان، خۆیان چادرەکانیان کۆکردەوە.
ئاڵۆزی و تووندوتیژییەکانی کۆتایی هەفتەی رابردووی فەرەنساش کە لە پەراوێزی ناڕەزایەتییەکانی گرانیی بژێویدا دروستبوون، نیگەرانیی لە ئەگەری تەشەنەسەندنی پشێوییەکان بۆ وڵاتانی دیکەی ئەورووپا دروستکردووە. لە ئیسپانیاش، نزیکەی چوار هەفتە ناڕەزایەتی کە دوای دەرکردنی ژنێکی تەمەن 87 ساڵ لە ماڵەکەی سەریهەڵدا، بووە هۆی راگەیاندنی هەڵبژاردنی پێشوەختەی گشتی بۆ 29ـی تشرینی دووەم.



