رووداو دیجیتاڵ
فڕۆکەیەکی جەنگیی جۆری (F-35) لە بنکەی ئاسمانیی میرامار لە سان دیێگۆ لە ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا تووشی رووداوێک بوو و بەهۆیەوە دووکەڵێکی رەش بەرزبووەوە.
رۆژی هەینی، 31ـی تەممووزی 2026، بەرپرسێکی سەربازی بە رۆژنامەی کالیفۆرنیا پۆستی راگەیاند، رووداوەکە نزیکەی کاژێر 10:00ـی بەیانیی رۆژی هەینی بە کاتی نێوخۆ، کە دەکاتە کاژێر 8:00ـی ئێوارە بە کاتی هەولێر، لەسەر رێڕەوی فڕینی بنکەکە روویداوە و دەستبەجێ تیمەکانی فریاگوزاری چوونەتە شوێنەکە. فڕۆکەکە سەربە باڵی فڕۆکەوانیی سێیەمی هێزی دەریایی ئەمریکا بووە.
بەرپرسەکە ئاماژەی بەوەکرد، فڕۆکەکە فڕۆکەوانێکی تێدابووە، بەڵام تاوەکو ئێستا دۆخی تەندروستیی فڕۆکەوانەکە نەزانراوە.
کەناڵی تەلەڤیزیۆنیی (KGTV) بڵاویکردەوە، لە دیمەنە راستەوخۆکاندا پاشماوە سووتاوەکانی فڕۆکەکە بەروونی دەبینرێن.
بنکەی ئاسمانیی میرامار بە پرۆگرامی (تۆپ گەن) ناسراوە، کە زیاتر بەهۆی فیلمە بەناوبانگەکەی تۆم کرووزەوە لە ساڵی 1986 بە هەمان ناو، ناوبانگی جیهانیی پەیداکرد. لەو کاتەدا چەندین دیمەنی فیلمەکە راستەوخۆ لەنێو ئەم بنکە ئاسمانییەدا وێنەگیرابوون.



