رووداو دیجیتاڵ
ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا چەند نهێنییەک دەدرکێنێت و دەڵێت، کۆشکی سپی لێکۆڵینەوەیەکی نهێنیی دەست پێکردووە لەسەر ئەوەی راوێژکارێکی باڵای دۆناڵد ترەمپ داوای ملیۆنان دۆلاری لە ملیاردێرێکی بە رەچەڵەک تورکیایی کردووە، بۆ ئەوەی لە بەرامبەردا رێگەی پێبدات چاوی بە ترەمپ و بەرپرسانی باڵای ئەمریکا بکەوێ.
بەپێی راپۆرتەکەی ئەکسیۆس، کێشەکە لەسەر کورتەنامەیەک دروستبووە کە مێژووەکەی بۆ ئایاری 2025 دەگەڕێتەوە. لە نامەکەدا ریک گرێنێڵ، راوێژکاری باڵای ترەمپ بە تورهان میڵدۆن، ملیاردێر و بازرگانی بە رەچەڵەک تورکیا دەڵێت: "هەرکاتێک پارەکە گەیشتە کۆمپانیاکە لێرە، من وا دەکەم وەک بەخشینێک بخرێتە سەر سەنتەری کەنەدی، بەمەش تۆ دەتوانیت بەشداری لە بۆنە تایبەتەکان بکەیت و لە ئیدارەی ئەمریکا و تەنانەت خودی سەرۆکیش نزیک ببیتەوە."
راپۆرتەکە دەڵێ، ئەم دۆسیەیە لە 9ـی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ تەقیەوە، کاتێک ئەلینا حەبە، کە راوێژکارێکی دیکەی ترەمپە و ساڵی رابردوو ژیانی هاوژینیی لەگەڵ ئەو بازرگانە بە رەچەڵەک تورکیاییەدا پێکهێناوە، بە تووڕەییەوە چووەتە نێو نووسینگەی تایبەتی ترەمپ و هاواری کردووە: "ریک پارەکەی دزیوە!"
ئەلینا حەبە بە ترەمپی گوتووە کە ریک گرێنێڵ فێڵی لە هاوژینەکەی کردووە بۆ ئەوەی 17.6 ملیۆن دۆلار بداتە کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنانی چەک لە تێکساس، بەو مەرجەی نزیکەی 6 ملیۆن دۆلاری وەک بەخشین بخرێتە سەر هەژماری سەنتەری کەنەدی (کە ئەوکات گرێنێڵ سەرۆکی بووە)، بەڵام دوای تێپەڕینی 17 مانگ، دەرکەوتووە کە پارەکە هەرگیز نەگەیشتووەتە سەنتەرەکە و دیار نەماوە.
بەپێی راپۆرتەکەی ئەکسیۆس، ئەوەی چیرۆکەکەی هێندەی دیکە ئاڵۆز کردووە ئەوەیە کە ئەو 17.6 ملیۆن دۆلارە لە هەژماری بازرگانەکەوە نەچووە، بەڵکو لە رێگەی وەزارەتی دارایی کۆنگۆی دیموکرات لە ئەفریقاوە بووە. بەرپرسێکی کۆشکی سپی بە ماڵپەڕەکەی گوتووە: "ئێمە ئێستا دەمانەوێ بزانین ئەمە پارەی کێیە."
لە بەرامبەردا، ریک گرێنێڵ بە تووندی ئەو تۆمەتانەی رەتکردووەتەوە و بە "درۆیەکی گەورە" ناوی بردوون. کاتێک ترەمپ تەلەفۆنی بۆ کردووە، گرێنێڵ گوتوویەتی: "ئەمە شێتییە، بە هیچ جۆرێک راست نییە." تەنانەت گرێنێڵ گومانی خستووەتە سەر کورتەنامەکە و دەڵێت ساختەیە، چونکە وشەی سەنتەر بە رێنووسی بەریتانی (Centre) نووسراوە، لە کاتێکدا ئەو ئەمریکییە و بەو شێوەیە نانووسێت.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، ترەمپ دەستبەجێ فەرمانی بە پارێزەری کۆشکی سپی کردووە لێکۆڵینەوەیەکی ورد لە دۆسیەکە بکات. بەرپرسێکی کۆشکی سپیش دەڵێت: "پرسیارەکە ئەوەیە کە میڵدن بە راستی چووەتە نێو کۆشکی سپی و بەشداریی بۆنە زۆر تایبەتەکانی کردووە، ئەگەر پارەکەی نەداوە، چۆن رێگەی پێدراوە بچێتە ئەو شوێنانە؟ پرسیاری زۆر هەن و سەرۆک ترەمپیش دەیەوێت بە زووترین کات وەڵامەکان بزانێت."
ئەو بازرگانە زیاتر لە ئەمریکا دەژی، بەڵام لە تورکیا و کۆنگۆی دیموکراتیش دەژی، بەهۆی ئەوەی کەسوکاری لە تورکیا دەژین و بیزنیسیشی لەو وڵاتەی ئەفریقا هەیە.



