رووداو دیجیتاڵ
دوو بەرپرسی باڵای کۆشکی سپی رۆژی پێنجشەممە بە بەکارهێنانی دیمەنەکانی ناوچەی سیوتای سەر بە ئیسپانیا، کە تێیدا سەدان کۆچبەر لە مەغریبەوە دەچنە نێو شارەکە، جارێکی دیکە بەرگرییان لە سیاسەتە تووندەکانی دۆناڵد ترەمپ بەرامبەر کۆچبەران کردەوە.
رۆژی پێنجشەممە، لێشاوێک لە کەسانی پیر و گەنج و منداڵ لە کەناراوەکانی باکووری مەغریبەوە بە مەلەکردن چوونەتە نێو شارەکە، ئەمەش بەرپرسانی نێوخۆیی ناچار کرد داوای هاوکاریی بەپەلە لە حکومەتی نیشتمانیی ئیسپانیا لە مەدرید بکەن بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنەوە و گەڕاندنەوەی ئارامی بۆ سەر سنوورەکە.
ئەو ڤیدیۆ و وێنانەی لە سنوورەکەوە بڵاوکراونەتەوە، سەدان کەس نیشان دەدەن کە زۆربەیان مەغریبین و بە کەناراوەکانی نزیک خاڵی پشکنینی سنووریی مەغریبەوە دەڕۆن بەرەو شارەکە. زۆربەی کۆچبەرەکان گەنجن، هەرچەندە خێزان و منداڵ و ژنیشیان لەگەڵدان.
وەزارەتی نێوخۆی ئیسپانیا لە راگەیێندراوێک دا رایگەیاند، ئاسایشی هاووڵاتییانی خۆی و یەکپارچەیی سنوورەکانی گەرەنتی دەکات، بەڵام حکومەت ناتوانێت بەهۆی پرسی کۆچبەرییەوە باری نائاسایی لە وڵات دا رابگەیێنێت.
خوان ڤیڤاس، سەرۆکی ناوچەی سیوتا، رایگەیاند لە چەند رۆژی رابردوو دا 1,500 کۆچبەر چوونەتە نێو خاکەکەیان، کە ئەمە زۆرترین ژمارەیە لەوەتەی ساڵی 2021ـەوە تۆمار کرابێت.
ستیڤن میڵەر، جێگری سەرۆکی دیوانی کۆشکی سپی و داڕێژەری سەرەکیی پلانەکانی ترەمپ بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆچبەران، ڤیدیۆی کۆچی ئەم کۆچبەرانەی بڵاوکردەوە و بە سیاسەتەکانی پارتی دیموکراتی رکابەری بەراورد کرد.
میڵەر لە پۆستێک دا لە پلاتفۆرمی ئێکس نووسیویەتی: "دیموکراتەکان ماڵەکانتان دەبینن کە لەلایەن داگیرکەرانەوە پێشێل دەکرێن و دەدزرێن، ئەوانیش بۆ ئەو دیمەنە دڵخۆش دەبن."
دۆناڵد ترەمپ دوای کەمپەینێکی چڕی دژ بە کۆچبەران توانی خولی دووەمی سەرۆکایەتی بەدەستبهێنێت و ئێستاش کار دەکات بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی، لەوانەش دەرکردنی ملیۆنان کۆچبەری بێبەڵگە لەنێو خاکی ئەمریکا.
بەڵام ئەم هەڵمەتە توندانەی ئیدارەی ترەمپ رووبەڕووی ناڕەزایەتییەکی سیاسیی زۆر بوونەتەوە، رەنگە کاریگەریی نەرێنی لەسەر پێگەی پارتی کۆماری هەبێت لە هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی ئەمریکا، کە بڕیارە لە مانگی تشرینی دووەمی داهاتوو دا بەڕێوەبچێت.


