رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی فەرەنسا قەدەخەی هاتووچۆی بەشەکی لە پاریس و چەند شارێکی دیکە راگەیاند، دوای ئەوەی خۆپێشاندانەکانی دژی گرانی و خراپیی خزمەتگوزارییەکان، گۆڕان بۆ یەکێک لە خراپترین رووداوەکانی تووندوتیژیی سەر شەقام لە مێژووی چەندین ساڵی رابردووی ئەو وڵاتەدا. دوای چین و ئەڵمانیا، ئەمریکاش داوا لە هاووڵاتییانی دەکات لە فەرەنسا ئاگاداری خۆیان بن و لەو شوێنانە نزیک نەکەونەوە کە خۆپێشاندانیان تێدا دەکرێت.
سێباستیان لۆکۆرنۆ، سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا رەتینەکردەوە کە رەنگە دۆخی نائاسایی لە وڵاتدا رابگەیێنن، ئەوەش دوای ئەوە هات کە وەزیری ناوخۆ بە راشکاوی گوتی پۆلیس "کۆنترۆڵی لەدەستداوە."
رێکارەکان چین؟
قەدەخەی هاتووچۆ لە پاریس لە کاژێر 11:00ـی شەو بۆ 6:00ی بەیانی جێبەجێ دەکرێت و خۆپێشاندانیش لە کاژێر 08:00ـی ئێوارەوە بە تەواوی قەدەخە دەکرێت.
قەدەخەی هاتووچۆ شارەکانی لیل و لیۆنیش دەگرێتەوە بۆ ئەوەی رێگری لە شکاندن و تاڵانکردنی دووکانەکان بکرێت.
چی روویداوە و زیانەکان چین؟
رۆژی شەممە نزیکەی نیو ملیۆن کەس لە سەرتاسەری فەرەنسا رژانە سەر شەقامەکان بۆ دەربڕینی ناڕەزایی دژی گرانی و بەرزیی نرخەکان.
خۆپێشاندانە ئاشتییانەکان زوو گۆڕان بۆ تووندوتیژی. گرووپە دەمامکدارەکان هێرشیان کردە سەر پۆلیس، چوونە نێو باڵەخانەکانی حکومەت و ئاگریان تێبەردا، هەروەها دووکانەکانیان تاڵان کرد و سەتان ئۆتۆمبێلیان سووتاند.
لۆران نونێز، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا بەهۆی ئەم دۆخەوە دەستی لەکارکێشایەوە، بەڵام ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا دەستلەکارکێشانەوەکەی رەتکردەوە.
زیاتر لە دووهەزار و 500 کەس دەستگیرکراون و نزیکەی هەزار پۆلیسیش بریندار بوون. خۆپێشاندەرانیش زیانیان پێگەیشتووە و یەکێکیان بەهۆی بۆمبێکی دەنگیی پۆلیسەوە دەستی پەڕیوە.
جێراڵد دارمانین، وەزیری داد گوتی، پۆلیس سیستمی ناسینەوەی رووخسار لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەکاردەهێنێت بۆ دۆزینەوەی ئاژاوەگێڕان.
نزیکەی سێ هەزار دووکان زیانیان بەرکەوتووە و زیانە داراییەکانیش بە سەتان ملیۆن یۆرۆ دەخەمڵێندرێن. تەنانەت وەزیری دیجیتاڵ داوای لە ماڵپەڕەکانی کڕین و فرۆشتنی وەک eBay کردووە رێگە نەدەن کاڵا دزراوەکانی دووکانەکان لەوێ بفرۆشرێنەوە.
کاریگەری لەسەر گەشتیاران
مۆزەخانەی لۆڤەر کە بەناوبانگترین مۆزەخانەی جیهانە، بەهۆی کۆمەڵێک قوتابیی خۆپێشاندەرەوە داخرا، کە ئەمەش گەشتیارانی تووشی شۆک کرد. وڵاتانی وەکو ئەمریکا، ئەڵمانیا و چین هۆشدارییان داوەتە هاووڵاتییانیان کە ئاگاداری خۆیان بن لە کاتی گەشتکردن بۆ فەرەنسا.
بۆچی ئەمە بۆ ماکرۆن مەترسیدارە؟
ئەم دۆخە تەنیا شەش مانگ پێش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی فەرەنسا روودەدات کە بڕیارە جێگرەوەی ماکرۆن دیاری بکات. مارین لۆپێن (کە سەر بە بەرەی راستڕۆی تووندڕۆیە) دەنگەکانی لە راپرسییەکاندا بەرزبووەتەوە؛ لە کاتێکدا حکومەت چەپە تووندڕۆکان تۆمەتبار دەکات بەوەی بە مەبەست ئاژاوە دەنێنەوە بۆ ئەوەی پارتەکەیان لە هەڵبژاردندا دەنگی زیاتر بهێنێت.
ناڕەزایەتییەکان لە ئەورووپا بڵاودەبنەوە
شەپۆلی ناڕەزایەتی دژی گرانی تەنیا لە فەرەنسا نییە؛ لە میلانۆی ئیتاڵیا و لە چەند شارێکی بەلجیکا پێکدادان لە نێوان پۆلیس و خۆپێشاندەران روویدا، هەروەها لە ئیسپانیا و پورتوگالیش خەڵک خێوەتیان لە نێوەڕاستی شارەکاندا هەڵداوە بۆ دەربڕین ناڕەزایەتی دژی بەرزیی کرێی خانوو.



