رووداو دیجیتاڵ
لە پشت دەرگا داخراوەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش، ململانێیەکی بێدەنگ بۆ وەرگرتنی کلیلی سەرۆکایەتی گرنگترین رێکخراوی جیهان دەستیپێکردووە. 15 دیپلۆماتکار لە کۆبوونەوەیەکی نهێنیدا، یەکەمین هەڵسەنگاندنیان بۆ دەستنیشانکردنی سکرتێری گشتیی داهاتووی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد.
بۆ کۆبوونەوەیەکی نهێنی دەچن. رۆژی پێنجشەممە، 15 دیپلۆماتکاری ئەنجوومەنی ئاسایش بەشداریان لە دەنگدانێکی نهێنیدا کرد، کە ئەنجامەکەی هەرگیز بە فەرمی ئاشکرا ناکرێت. بۆ هەڵبژاردنی سکرتێری گشتیی گرنگترین رێکخراوی نێودەوڵەتیی جیهان بۆ پێنج ساڵی داهاتوو. ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە کۆتایی ئەمساڵ ماوەی کارەکەی تەواو دەبێت.
کاتێک دەرگاکان کرانەوە، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایش تەنیا پشتڕاستی کردەوە کە یەکەم دەنگدانی نهێنی ناسراو بە سترۆ پۆڵ کراوە.
مەکۆنگۆ نگای، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەو بارەوە گوتی: "ئێوارە باش. خولی یەکەمی سترۆ پۆڵ ئەنجام درا. بەربژێرەکان لەڕێگەی نوێنەرە هەمیشەییەکانی وڵاتانی ئەندامەوە کە ناویان پێشنیاز کردوون، لە ئەنجامەکان ئاگادار دەکرێنەوە. هەروەها سەرۆکی کۆمەڵەی گشتی ئاگادار دەکرێتەوە کە سترۆ پۆڵ ئەنجام دراوە. زۆر سوپاستان دەکەم."
پرۆسەی هەڵبژاردنی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان هەمیشە رەخنەی لێ گیراوە بەوەی شەفافییەتی تێدا نییە، و هەندێک بەراوردیان کردووە بە پرۆسەی هەڵبژاردنی پاپای ڤاتیکان، کە لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە دەکرێت.
مەکۆنگۆ نگای، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارەی ئەم رەخنانە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ناتوانم وەک نوێنەری کۆماری دیموکراتیی کۆنگۆ بۆچوونی خۆم دەرببڕم. من وەک سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایش کار دەکەم."
لەسەر نهێنیبوونی پرۆسەکە، فەرحان حەق، جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بێگومان هانی ئەوپەڕی شەفافییەت دەدەین، بەڵام لە کۆتاییدا ئەمە بڕیارێکە لە دەستی وڵاتانی ئەندامدایە."
لە 80 ساڵی تەمەنیدا، نەتەوە یەکگرتووەکان هەرگیز سکرتێرێکی گشتیی ژنی نەبووە. ئەمساڵ 7 بەربژێر هەن، چواریان ژنن. بۆ ئەوەی ببنە سکرتێری گشتی، ئەم بەربژێرانە دەبێت 9 دەنگی بەڵێ لە 15 ئەندامەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش بەدەست بێنن، بەو مەرجەی هیچ ئەندامێکی هەمیشەیی ڤیتۆی نەکات. واتە دواجار، تەنیا پێنج وڵاتە هەمیشەییەکە بڕیار دەدەن کێ ببێتە سەرۆکی رێکخراوێک کە کارەکانی کاریگەرییان لەسەر ملیۆنان کەس لە جیهاندا هەیە، لە ئاوارەکانی عێراق و سووریاوە بۆ تووشبووانی ئیبۆلا لە ئەفریقا.
دوای دەنگدانەکە، مایک واڵتز، باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند: "پێویستمان بە سکرتێرێکی گشتییە کە چاکسازی لەم رێکخراوەدا بکات. بچووکتر و کاراتری بکات."
یەکەم دەنگدان لێرە لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە لە ئەنجوومەنی ئاسایش کۆتاییهات. چاوەڕێ دەکرێت دەنگدانی نهێنیی دیکە بکرێت، بەڵام هێشتا کاتەکەی دیاری نەکراوە. بۆ هەڵبژاردنی سکرتێری گشتی ئێستا 10 ساڵ لەمەوبەر، شەش جار دەنگدان کرا، ئینجا کۆدەنگی لەسەر ئەنتۆنیۆ گوتێرێز دروست بوو. کاتێک کۆدەنگی دروست بوو، کۆمەڵەی گشتی دەنگدانێکی فەرمی ئەنجام دەدات و سکرتێری گشتی هەڵدەبژێرێت.


