رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هێشتا بڕیاری نەداوە رێگە بە ئۆکرانیا بدات مووشەکی بەرگریی پاتریۆت بەرهەمبهێنێت؛ راشیگەیاند تاران لە کۆتاییدا ناچار دەبێت خۆی بەدەستەوە بدات.
سەرەڕای هەوڵەکانی ئێران بۆ فراوانکردنی شەڕ، ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی فاینانشاڵ تایمز گەشبین بوو بەوەی تاران مل دەدات و گوتی: "ئێمە خەریکی تێکشاندنی ئەوانین"؛ ئاماژەی بەوەش کرد، تەنیا کات پێویستە تاوەکو تاران خۆی بەدەستەوە بدات.
ئۆکرانیا: مووشەک یان ئاشتی؟
لەبارەی مۆڵەتدان بە ئۆکرانیا بۆ دروستکردنی مووشەکی پاتریۆت، کە یەکێکە لە داواکارییە سەرەکییەکانی کیێڤ، ترەمپ گوتی: "دڵنیا نیم، خەریکی لێکۆڵینەوەین."
سەرۆکی ئەمریکا روونیکردەوە کە پاتریۆت چەکێکی نائاساییە و دەبێت وریابن مۆڵەت دەدەنە کێ، چونکە بە گوتەی ئەو ئەوان "بە ئاسانی مۆڵەتی بەرهەمهێنانی چەک نابەخشن."
ئەم لێدوانانە دوای دوو رۆژ لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا هات، کە تێیدا باسیان لە بەرهەمهێنانی مووشەکی پاتریۆت کردبوو. ترەمپ گوتی: "من بەدوای مووشەکدا ناگەڕێم، بەدوای ئاشتیدا دەگەڕێم"؛ هەروەها رایگەیاند جارد کوشنەری راوێژکاری و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا لە چەند رۆژی داهاتوودا سەردانی ئۆکرانیا دەکەن بۆ کارکردن لەسەر کۆتاییهێنان بە جەنگەکە.
پەیوەندییەکانی سعودیە و ئیسرائیل
سەبارەت بە رێککەوتنی ئەتۆمی مەدەنی لەگەڵ سعودیە کە هەفتەی رابردوو راگەیێندرا، ترەمپ گەشبینی خۆی نیشان دا و گوتی، قسەی لەگەڵ محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کردووە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان، کە بە گوتەی ئەو "هەردوو وڵات ئارەزووی دەکەن و رەنگە رووبدات."
پێشتر بن سەلمان ئاماژەی بەوە کردبوو، ئاساییکردنەوە بەستراوەتەوە بە هەنگاوەکانی دروستبوونی دەوڵەتی فەلەستین.
ستایشی بێرنهام و رەخنە لە ستامەر
سەرۆکی ئەمریکا ستایشی ئاندی بێرنەم، سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیای کرد بۆ هەڵوێستە "پراگماتییەکەی" بەرامبەر بە گەڕان بەدوای نەوتدا لە دەریای باکوور. ترەمپ پێیوایە بێرنەم دەیەوێت وڵاتەکەی دەوڵەمەند بکات و گوتی: "ئەگەر کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی پێشوو ئەو کارەی بکردایە، ئێستا لە ماڵەوە سەیری تەلەفزیۆنی نەدەکرد و لە دەسەڵات لانەدەبرا".
ئەم لێدوانانەی ترەمپ ئاماژەن بۆ ستراتیژییە نوێیەکانی واشنتن لە مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانە نێودەوڵەتییەکان و بەهێزکردنی هاوپەیمانییە ئابووری و سەربازییەکان.

.jpg&w=3840&q=75)

.webp&w=3840&q=75)