رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی تەقینەوەیەک لە کانێکی خەڵووز لە باشووری پاکستان، لانیکەم 34 کرێکار گیانیان لەدەستدا. تیمەکانی فریاگوزاری ئێستا خەریکی گەڕانن بەدوای ئەو کرێکارانەی لەنێو کانەکەدا بێسەروشوێنن.
دەستەی بەڕێوەبردنی کارەساتەکان لە هەرێمی بەلوچستان، رۆژی هەینی 31-07-2026، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، تاوەکو ئێستا تەرمی 34 کرێکار لە شوێنی رووداوەکە دۆزراونەتەوە.
تەقینەوەکە لە کانێکی نزیک شاری (کوێتە) روویداوە و بووەتە هۆی داڕمانی بەشێکی زۆری کانەکە.
بەرپرسانی ناوچەکە دەڵێن، ژمارەیەک کرێکاری دیکە لە کاتی تەقینەوەکەدا لە نێو کانەکەدا بوون و هێشتا چارەنووسیان دیار نییە. تیمەکانی فریاگوزاری لە هەوڵێکی بەردەوامدان بۆ دۆزینەوەی بێسەروشوێنەکان، هەرچەندە مەترسیی داڕمانی زیاتری کانەکە کارەکانیانی قورستر کردووە.
کانەکانی خەڵووز لە پاکستان بەوە ناسراون مەرجەکانی سەلامەتییان تێدا نییە و ساڵانە چەندین رووداوی هاوشێوەیان تێدا تۆمار دەکرێت.
ئەم رووداوە لە کاتێکدایە پاکستان لە قۆناخێکی سەختی ئابووری دایە و گوشارێکی زۆر لەسەر کەرتی وزەی ئەو وڵاتە هەیە.
پار چەندین کرێکار لە رووداوی هاوشێوەدا لە هەرێمی بەلووچستان گیانیان لەدەستدا، ئەمەش وایکردووە رێکخراوەکانی کرێکاران داوای چاککردنی بارودۆخی کارکردن و دابینکردنی کەرەستەی سەلامەتی لە کانەکاندا بکەن.


.jpg&w=3840&q=75)
.webp&w=3840&q=75)