رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا داوای کرد ئیسپانیا لە ناوچەی شنگن (سیستەمی گەشتی بێ ڤیزە لە ئەورووپا) سڕ بکرێت. ئەم داوایە دوای ئەوە دێت کە هەزاران کۆچبەر روویان لە ناوچەی سیوتا کردووە، کە ناوچەیەکی دابڕاوی ئیسپانیایە و هاوسنوورە لەگەڵ مەغریب.
جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا کە سەرۆکایەتیی حکومەتێکی راستڕۆی تووندڕۆ دەکات لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆرمی ئێکس بڵاویکردەوە، "ئێمە خەریکی کۆبوونەوەین لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکان، ئامادەین رێکاری نائاسایی بگرینەبەر، لەوانە سڕکردنی رێککەوتنی شنگن لەگەڵ ئیسپانیا."
جۆرج مێلۆنی دیمەنەکانی ناوچەی سیوتا بە "شۆککەر" وەسف کرد کە تێیدا کۆچبەران، لەنێویاندا منداڵان، ناچار بوون بە مەلە بگەنە ئەو ناوچەیە.
بەپێی زانیارییەکانی تیمی فریاگوزاری لە سیوتا، لانیکەم نۆ کەس لە کاتی هەوڵی گەیشتن بەو ناوچەیە گیانیان لەدەستداوە. مێلۆنی ئاماژەی بەوە کرد، "ئیتاڵیا بە بێدەنگی بەرامبەر ئەم دۆخە ناوەستێت."
ئەنتۆنیۆ تاجانی، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا، پشتیوانیی خۆی بۆ داخستنی سنوورەکان لەگەڵ ئیسپانیا دەربڕی و گوتی: "کۆچی نایاسایی و بێ سەروبەر مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی." تاجانی رەخنەی تووندی لە حکومەتی مەدرید گرت و گوتی، بڕیاری ئیسپانیا بۆ پێدانی وڵاتینامە بە 500 هەزار کۆچبەری نایاسایی "هەڵەیەکی گەورەیە و هانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ دەدات."
لە بەرامبەردا، خۆسێ لویس ئەلبێریس، وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا، وەڵامی ئیتاڵیای دایەوە و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەی تۆمەتبار کرد بەوەی، دۆسیەی کۆچبەران بۆ مەرامی سیاسی بەکاردەهێنێت. ئەلبێریس گوتی: "ئەم جۆرە لێدوانانە لە وڵاتێکی هاوبەش و دۆست ناوەشێتەوە، ئێمە چاوەڕوانی هاوسۆزیی ئەورووپیمان دەکرد، نەوەک چەواشەکاری."
ئەم ئاڵۆزییە لە کاتێکدایە کە ناوچەی شنگن 29 وڵاتی ئەورووپی دەگرێتەوە کە سنوورەکانیان بە رووی یەکدیدا کردووەتەوە. هاوکات لەگەڵ ئەم داوایانە، ماتێۆ سالڤینی، جێگری سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا، داوای کردووە، بە تەواوی کارکردن بە سیستەمی شنگن لە هەموو ئەورووپا رابگیرێت.
.webp&w=3840&q=75)


