رووداو دیجیتاڵ
نزیکەی هەفتەیەکە شەپۆلی ناڕەزایی ئەورووپییەکان شەقامەکانی خرۆشاندووە، دۆخی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا هێشتا ئارام نەبووەتەوە و ئاڵۆزییەکان پێیان ناوەتە قۆناخێکی نوێوە؛ لە چەندین شار هێزی سەربازی هێندراوەتە سەر شەقام، قەدەغەی هاتووچۆ جێبەجێ دەکرێت و نەتەوە یەکگرتووەکانیش هۆشداریی فەرمی دەدات.
ئەو شەپۆلە ناڕەزایەتییەی سەرەتا لە بەشێک لە پایتەختەکانی ئەورووپا بۆ داواکاریی پەروەردەیی و کرێی خانوو دەستی پێکردبوو، لە ماوەی ڕۆژانی رابردوودا گۆڕاوە بۆ یاخیبوونێکی گشتگیر دژ بە گرانیی بژێوی و هەڵاوسان.
لەگەڵ چڕبوونەوەی ناڕەزایەتییەکان، دەسەڵاتدارانی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا لە دوایین پێشهاتەکاندا ئاستی بەکارهێنانی هێزی دەوڵەتییان بۆ بەرزترین ئاست بەرزکردووەتەوە.
فەرەنسا؛ بەردەوامیی قەدەخەی هاتووچۆ و هەڵسەنگاندنی زیانەکان
لە فەرەنسا، دوای زنجیرەیەک خۆپێشاندانی گەورە کە بەشدارییەکەی بۆ نزیکەی 800 هەزار کەس لە کۆتایی هەفتەدا بەرزبووەوە، سباستیان لێکۆرنۆ، سەرۆکوەزیران دەسەڵاتی تەواوی داوەتە بەرپرسانی ناوخۆیی تاوەکو شەوانە (لە کاتژمێر 11:00ـی شەو بۆ 6:00ـی بەیانی) قەدەخەی هاتووچۆ رابگەیێنن.
بەپێی نوێترین خەمڵاندنی لایەنە فەرمییەکان: تائێستا زیان بە زیاتر لە 3 هەزار شوێنی بازرگانی گەیشتووە و تاڵان کراون. چەندین باڵەخانەی مێژوویی، لەنێویاندا باڵەخانەی شارەوانیی لیمۆژ، ئاگریان تێبەردراوە. ژمارەی دەستبەسەرکراوان گەیشتووەتە زیاتر لە 2 هەزار و 500 کەس، هاوکات حکومەت گرووپە چەپڕۆ تووندڕۆکان بە قۆستنەوە و بەلاڕێدابردنی جووڵەی گەنجان تۆمەتبار دەکات.
ئیتاڵیا؛ بڵاوەپێکردنی 500 سەرباز لە میلان
بۆ رێگریکردن لە تێکچوونی دۆخی ئاساییشی شارەکە، حکومەتی ئیتاڵیا بڕیاری ناردنی 500 سەربازی بۆ شاری میلان جێبەجێ کردووە. ئەم رێکارە تووندە لە کاتێکدایە کە مانگرتنی سەرتاسەریی خوێندکاران، شۆفێرانی بارهەڵگر و جووتیاران دژی هەڵکشانی نرخی سووتەمەنیی دیزڵ بەردەوامیی هەیە؛ بەوهۆیەوە قەیرانی نەبوونی سووتەمەنی دروستبووە، رەفەی فرۆشگاکان لە باشووری ئیتاڵیا بەتاڵ بوون و لە شارەکانی میلان، تۆرینۆ و بۆلۆنیاش کارمەندان سەرقاڵی پاککردنەوەی پاشماوەی گرژییەکانن.
پورتوگال؛ گەڕانەوەی ناڕازییان پاش هەڵوەشاندنەوەی خێوەتگەکان
پاش ئەوەی پۆلیسی ئاسایشی گشتیی پۆرتوگال لە هەڵمەتێکی بەرەبەیان دا خێوەتگەی ناڕەزایەتییەکانی لە گۆڕەپانی "رۆسیۆ" لە لیسبۆن و ناوەڕاستی پۆرتۆ تێکدا و 55 چالاکوانی بە شێوەیەکی کاتی دەستبەسەر کرد، دۆخەکە هێور نەبووەتەوە. بە دەیان هەزار هاووڵاتی رژاونەتەوە نێو گۆڕەپانەکان تاوەکو سەرلەنوێ خێوەتەکان هەڵبدەنەوە و پێداگری لەسەر کێشەی نەبوونی خانووبەرەی گونجاو بکەن.
بەلجیکا و هۆشداری لە بەکارهێنانی تیکتۆک
لە بەلجیکاش، لە کاتێکدا پۆلیس بەردەوامە لە بەکارهێنانی ئاوی گەرم و گازی فرمێسکڕێژ دژی خۆپێشاندەران لە برۆکسل و لیێژ، بێرنارد کینتین، وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتە هۆشداریی دا لە دیاردەی ناسراو بە "تیکتۆککردنی" ئاڵۆزییەکان. ناوبراو ئاماژەی بەوە کردووە کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەلایەن گرووپە تووندڕۆکانەوە دەقۆزرێنەوە بۆ هاندانی خێرای گەنجان بەرەو دروستکردنی پشێوی.
نەتەوە یەکگرتووەکان داوای راگرتنی تووندوتیژی دەکات
لە کاردانەوەی نێودەوڵەتیی بەرامبەر پەرەسەندنی رێکارە ئەمنییەکان، ڤۆڵکەر تورک، کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانیی خۆی بەرامبەر بە "بەکارهێنانی هێزی زیاد لە پێویست بەرامبەر خۆپێشاندەران، لەنێویاندا منداڵان" راگەیاندووە و داوای لە دەسەڵاتدارانی ئەورووپا کردووە رێگەی گفتوگۆ بگرنەبەر.
شارەزایان پێشبینی دەکەن بەهۆی بەردەوامیی گەمارۆ جیۆپۆلەتیکییەکان و مانەوەی نرخی سووتەمەنی لە ئاستە بەرزەکاندا، ئەم قەیرانەی ئەورووپا بەمزووانە کۆتایی نایەت و ئاڵۆزییەکان لەسەر ئاستی جیاوازدا درێژەیان هەبێت.



