رووداو دیجیتاڵ
دەسەڵاتدارانی ئیسپانیا دەڵێن، تەرمی نۆ کۆچبەریان دۆزیوەتەوە کە لە کاتی هەوڵدانیان بۆ گەیشتن بە شاری (سیوتا)ی هاوسنوور لەگەڵ مەغریب گیانیان لەدەستداوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە رۆژی پێنجشەممە سەتان کۆچبەری دیکە بە لێشاو روویان لە شارەکە کرد، دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا زیاتر لە 1500 کۆچبەر گەیشتنە ئەو سنوورە، ئەمەش وەک "دۆخی نائاسایی مرۆیی" ناودەبرێ.
گەورەترین هەڵمەتی کۆچ لە ساڵی 2021ـەوە
ئەمە بە گەورەترین هەڵمەتی هەڵکوتانە سەر شاری سیوتا لە لایەن کۆچبەران لە مەغریبەوە دادەنرێ لە ساڵی 2021ەوە، کاتێک نزیکەی 10 هەزار کۆچبەر لە چوارچێوەی قەیرانێکی دیپلۆماسی لە نێوان هەردوو وڵاتدا گەیشتنە ئەو سنوورە.
رۆژی پێنجشەممە، سەتان گەنج لە باکووری مەغریب لەسەر ئەو رێگەیەی دەچێتەوە سەر سنووری سیوتا بینران کە بە کۆمەڵ، بە پێ، بە ماتۆڕسکیل یان بە ئۆتۆمبێل بەرەو سنوورەکە دەڕۆیشتن.
هەندێکیان لە دەروازەی شارۆچکەی بلیونش کە 15 کیلۆمەتر لە شاری سنووریی فنێدەقەوە دوورە، رایانگەیاند کە دەیانەوێ بچنە نێو سیوتا. یەکێکیان گوتی، لە شاری تەنجەوە کە 70 کیلۆمەتر لە فنێدەقەوە دوورە "بە پێ" هاتووە، دوای ئەوەی پێی گوتراوە "سنوورەکان کراونەتەوە."
ئەمەش دوای ئەوە هات کە دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە، بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە سنوورەکان دەکرێنەوە. ژمارەیەکی زۆر لە کۆچبەران کە زۆربەیان هاووڵاتیی تەمەن بچووکن، بە مەلەکردن لە فنێدەقەوە گەیشتنە سیوتا، لە کاتێکدا هەندێکی دیکەیان بە دەروازە زەوینییەکاندا تێپەڕین و هاواریان دەکرد: "ماڵئاوا، مەغریب، بەخێربێی ئیسپانیا!".
ئاڵۆزیی دیپلۆماسی لەگەڵ ئیتاڵیا
گوشاری زۆری ئەم لێشاوە نوێیەی کۆچبەران بووەهۆی کاردانەوەی تووندی ئانتۆنیۆ تایانی، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا کە داوای کرد ئیسپانیا لە ناوچەی شنگن دەربکرێ، چونکە بە گوتەی ئەو "کۆچبەریی نایاسایی مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی دروست دەکات." هەروەها ماتیۆ سالڤینی، جێگری سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا و رێبەری پارتی راستڕۆی لێگا، داوای راگرتنی رێککەوتننامەی شنگن و بەرگریکردن لە سنوورەکانی ئەورووپای کرد.
لە بەرامبەردا، خۆسێ مانوێل ئەلبارێس، وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا "نەشیاون" بۆ وڵاتێکی هاوبەش و دۆست و دەبێت هاوپشتیی ئەورووپی نیشان بدەن نەک دروشمی پارتی سیاسی.
هاوئاهەنگی و دانوستاندنی هاوبەش لە نێوان مەدرید و رەبات
سەرچاوەیەکی فەرمیی مەغریبی رایگەیاند، دوای ئەم رووداوانە، پەیوەندی و دانوستاندن لەنێوان دەسەڵاتدارانی هەردوو وڵات بۆ بەهێزکردنی هاوئاهەنگی و هەوڵەکان بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی ئەم لێشاوە زیادبوو، هەروەها هەردوولا بەڵێنیان داوە رێکاری پێویست بگرنەبەر بۆ رادەستکردنەوەی سەرجەم ئەو کەسانەی بە شێوەی نایاسایی چوونەتە نێو سیوتاوە.
هاوکات محەممەد بن عیسا، سەرۆکی کۆمەڵەی چاودێریی باکوور بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، هێزە ئەمنییەکان بەربەستیان لە دەوروبەری دەروازە سنوورییەکان داناوە بۆ رێگریکردن لە لێشاوی کۆچبەران و هێزی دەریایی شاهانەی مەغریبیش رێگری لە هاتووچۆی کۆچبەران لە سەر شۆستەکان کردووە، بەڵام هێشتا خەڵکێکی زۆر بەرەو شاری فنێدەق بەڕێوەن.
دۆخی نائاسایی مرۆیی لە سیوتا
خوان خیسوس ڤیڤاس، پارێزگاری سیوتا رایگەیاند: "ئێمە رووبەڕووی دۆخێکی نائاسایی مرۆیی و کۆمەڵایەتیی تەواو بووینەتەوە." ڤیڤاس ئاشکرای کرد کە تەنیا لە چەند رۆژی رابردوودا زیاتر لە 1500 کۆچبەری پێگەیشتوو و منداڵ گەیشتوونەتە سیوتا و سەنتەرەکانی پێشوازی بە تەواوی پڕبوون و ناتوانن کەسی دیکە وەربگرن، بەو پێیەی رۆژانە زیاتر لە 200 کۆچبەر دەگەنە سنوورەکە.
وەزارەتی ناوخۆی ئیسپانیا رایگەیاند، هێزە چەکدارەکان رەوانەی ناوچەکە دەکات بۆ بەهێزکردنی پاسەوانی مەدەنی و پاراستنی ئاسایش لە شاری سیوتا، هەروەها تیمی مەلەوانی و کەشتیی پاسەوانی کەناراوەکان دەنێرێ. وەزارەتی ناوخۆی ئیسپانیا پێداگریی لەسەر هاوکاریی حکومەتی مەغریب کردەوە بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکە و رایگەیاند کە هێزە ئەمنییەکانی مەغریب رێگری لە بەزاندنی سنووری سیوتا دەکەن. بەڵام ئالبێرتۆ نۆنیێز فێیخۆ، رێبەری پارتی گەلی ئۆپۆزیسیۆن رەخنەی تووندی لە مامەڵەی حکومەت لەگەڵ ئەم قەیرانە گرت و بە "قەیرانی ئاسایشی نیشتمانی" ناوی برد.
ئەم رووداوانە هاوکات بوون لەگەڵ یادکردنەوەی جەژنی تەخت لە مەغریب، کە تێیدا شا محەممەدی شەشەم رۆژی پێنجشەممە سەرپەرشتیی رێوڕەسمی پێشوازیی نەریتیی ئەم بۆنەیەی لە شاری مەزیاق کرد کە تەنیا 20 کیلۆمەتر لە شاری فنێدەقەوە دوورە.
ئەم ئاڵۆزییە کتوپڕە لە کاتێکدایە، پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا لە 20ی تەممووزی 2026دا سەردانی جەزائیری کرد کە یەکەم سەردانی سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا بوو لە چوار ساڵی رابردوودا، ئەمەش پەیوەندییەکانی مەدرید لەگەڵ جەزائیر باشتر کرد دوای ساڵانێک لە گرژی بەهۆی دۆسیەی بیابانی رۆژئاواوە.

