رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی بە تووندی لە ئێران دەدات و جەختی کردەوە لەوەی تاران داوای لێکردوون وەڵامی هێرشەکانی ئەم دواییە نەدەنەوە، بەڵام گوتی، "ئێستا نۆرەی ئێمەیە."
دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان، هێرشە درۆنییەکەی ئەم دواییەی سەر میسری بە "پەیوەندیدار بە ئێران" وەسف کرد و رایگەیاند، "ئێمە بە تووندی لەوان دەدەین. دەتوانم ئەوە بڵێم چونکە ناتوانن هیچ شتێک لە بەرامبەردا بکەن".
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، تاران دەزانێت هێرشی ئەمریکا لە رێگەیە و داوایان لە واشنتن کردووە وەڵام نەداتەوە. سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوەش کرد لەگەڵ گرووپێکی جیاواز لە سەرکردایەتیی ئێران مامەڵە دەکەن و گوتی، "پێشتر داوای لێبووردنیان کردووە، بەڵام دەزانن، دەبێت کەمێک تەمبێیان بکەین".
لەبارەی وردەکارییە سەربازییەکان، ترەمپ گوتی، پێنج مووشەک ئاراستە کرابوون و هەر پێنجیان تێکشکێندراون، بەڵام گوتی، "ئەوان هێرشیان کرد، بۆیە ئێستا نۆرەی ئێمەیە".
سەبارەت بەو راپۆرتانەی باس لەوە دەکەن کە ئێران 400 سەکۆی هاوێشتنی مووشەک لە چین وەردەگرێت، ترەمپ سەرسامیی خۆی نیشاندا و گوتی، "ئەوە جێگەی سەرسوڕمان دەبێت. شی جینپینگ پێیگوتم کە بەشداری لەو کارەدا ناکات. ئەو دەزانێت ئەگەر وای کردبێت، من زۆر نائومێد دەبم".
ئەم لێدوانانەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە رۆژی چوارشەممە، 29ـی تەممووز، میدیا ئەمریکییەکان نێوەڕۆکی کۆبوونەوەی ترەمپ و نەتەنیاهوویان ئاشکراکرد و رایانگەیاند، سێ بژارەی سەرەکی دژی ئێران لە کۆبوونەوەکە تاوتوێ کراوە ئەوانیش، رێککەوتنێکی ئەتۆمی، زیادکردنی گوشاری ئابووری یان دەستپێکردنەوەی هێرشەکان.

