زیاتر لە 550 هەزار کەس لە پاریس و شارە جیاوازەکانی فەرەنسا دژی گرانی و بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و کاڵا رژانە سەر شەقامەکان. خۆپێشاندەران لە چوارچێوەی بزووتنەوەی "هێلەک زەردەکان" و بە پاڵپشتیی سەندیکا جیاوازەکان، ناڕەزایەتی بەرامبەر سیاسەتەکانی حکومەتی وڵاتەکەیان دەردەبڕن.
زۆریی خەرجییەکان، هەڵاوسان، گرانیی سووتەمەنی، دۆخی نەخۆشخانە گشتییەکان، کەرتی پەروەردە و شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانی کەشوهەوا، خاڵە سەرەکییەکانی ناڕەزایەتیی خۆپێشاندەرانن. بەشداربووانی خۆپێشاندانەکە دەڵێن، ژیان بۆ هەموو کەسێک سەخت بووە جگە لە دەوڵەمەندەکان و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا گوێ لە داواکارییەکانیان ناگرێت.
خۆپێشاندانەکان رووبەڕووبوونەوەی تووندی لەنێوان ناڕازییان و هێزەکانی پۆلیس لێکەوتەوە و بە گوتەی سێباستیان لێکۆرنو، سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا، تەنیا رۆژی شەممە 1,200 کەسیان دەستگیرکردووە.
لە شاری لیمۆژ لە نێوەڕاستی فەرەنسا، باڵەخانەی شارەوانیی شارەکە کە مێژووەکەی بۆ 153 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە لەلایەن خۆپێشاندەرانەوە سووتێنرا، لە پاریسیش خۆپێشاندەرێک وەک دەربڕینی ناڕەزایەتی چووە سەر ئەسپەکەی پەیکەری قەشە "ژۆن دارک"، کە رابەرێکی ئایینی و نەتەوەیی فەرەنسایە.
