رووداو دیجیتاڵ
نەتەوە یەکگرتووەکان رایدەگەیێنێت بنەمای لێپرسینەوە لە تاوانەکانی رابردوو تەنیا لایەنە دۆڕاوەکان ناگرێتەوە، بەڵکو دەبێت حکومەتی نوێی سووریا و هەر لایەنێکی دیکەی براوەی ململانێکان، رووبەڕووی دادپەروەری ببنەوە، ئەگەر تاوانیان کردبێت.
فەرحان حەق، جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی چوارشەممە، 29ـی تەممووز لە وەڵامی پرسیارێکی نامۆ عەبدوڵڵا، پەیامنێری رووداو لە نیویۆرک رایگەیاند، سەرکەوتنی سەربازی یان سیاسی، هیچ لایەنێک لە سزا نابەخشێت.
نامۆ عەبدوڵڵا پرسیاری کرد، "ئایا سکرتێری گشتی بڕوای وایە کە دەبێت لێپرسینەوە تەنانەت بۆ ئەوانەش هەبێت کە لە ململانێکانیاندا سەردەکەون، بۆ نموونە حکومەتی نوێی سووریا، یان لێپرسینەوە تەنیا بۆ دۆڕاوەکانە؟"
فەرحان حەق لە وەڵامدا گوتی، "بەدڵنیاییەوە، دەبێت لێپرسینەوە بۆ هەمووان هەبێت. هەر کەسێک لە رابردوودا تاوانی دڕندانەی کردبێت، دەبێت وای لێ بکرێت رووبەڕووی دادپەروەری ببێتەوە."
جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتی ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانیدا بۆ چەسپاندنی دادپەروەری، تەنیا چەند رۆژێک لەمەوبەر لە سەردانەکەیدا بۆ سووریا، بە روونی داوای لێپرسینەوەی لە هەموو ئەو لایەنانە کردووە کە دەستیان لە تاوانەکانی رابردوودا هەبووە.
ئەم لێدوانەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاتێکدایە کە سووریا لە قۆناخێکی نوێی سیاسی و گۆڕانی دەسەڵاتدایە. رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و چاودێرانی مافەکانی مرۆڤ نیگەرانن لەوەی تیشک خستنە سەر ئاوەدانکردنەوە و جێگیرکردنی حکومەتی نوێ لە دیمەشق، ببێتە هۆی فەرامۆشکردنی ئەو تاوانانەی لە ماوەی ساڵانی رابردووی جەنگی نێوخۆدا کراون.
لە لایەکی دیکەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان لەرێگەی میکانیزمە جیاوازەکانی وەک "لیژنەی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لەبارەی سووریا"، بەردەوامە لە بەدۆکۆمێنتکردنی پێشێلکارییەکان. فەرحان حەق جەختی کردەوە لەوەی شەرعییەتی هەر دەسەڵاتێک لە داهاتوودا، بەندە بە رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و سزادانی ئەو کەسانەی کە بەرپرسن لە کوشتار و ئەشکەنجەدانی هاووڵاتییانی سڤیل، چونکە بەبێ لێپرسینەوە، ئاشتییەکی بەردەوام لە ناوچەکەدا بەدی نایەت.
دەقی پرسیاری رووداو و وەڵامی فەرحان حەق
رووداو: دەمەوێت بزانم ئایا سکرتێری گشتی باوەڕی وایە کە پێویستە لێپرسینەوە هەبێت، تەنانەت لەگەڵ ئەوانەش کە لە خەباتەکەیاندا سەردەکەون، بۆ نموونە با بڵێین حکومەتی نوێی سووریا، یان لێپرسینەوە تەنیا دۆڕاوەکان دەگرێتەوە؟
فەرحان حەق، جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتی: بێگومان، پێویستە لێپرسینەوە هەمووان بگرێتەوە. هەر کەسێک لە رابردوودا تاوانی دڕندانەی کردبێت، دەبێت رووبەڕووی دادگا بکرێتەوە. بۆیە سکرتێری گشتی داوای لێپرسینەوەی کردووە، لەنێویاندا، لە سەردانەکەیدا بۆ سووریا کە تەنیا چەند رۆژێک لەمەوبەر بوو.

