رووداو دیجیتاڵ
وەزیرێکی حکومەتی دانپێدانراوی یەمەن رۆژی چوارشەممە چەکدارانی حووسی تۆمەتبار کرد بەوەی، بە رێنمایی و هاوکاریی ئێران خەریکن سیستمی کۆکردنەوەی باج بۆ ئەو کەشتییانە دادەنێن، کە بە دەریای سوور و تەنگەی بابولمەندەبدا تێدەپەڕن.
بەندەرە دەریاییە تەنگەکە بووەتە رێڕەوێکی سەرەکی بۆ گەیاندنی بڕێکی زۆر لە نەوتی خاوی سعودیە بە بازاڕە نێودەوڵەتییەکان، ئەوەش دوای ئەوەی هەناردەی وزە بەهۆی شەڕی تەنگەی هورمزەوە بە تووندی پەککەوت.
موعەممەر ئەریانی، وەزیری زانیاریی یەمەن، ئەو هەنگاوەی بە "پێشهاتێکی مەترسیدار" وەسف کرد کە "ئامانجیەتی یەکێک لە ستراتیژیترین رێڕەوە دەریاییەکانی جیهان بگۆڕێت بۆ سەرچاوەیەکی هەمیشەیی بۆ دابینکردنی پارە بۆ چالاکییە سەربازی و تیرۆریستییەکانی میلیشیاکە".
ئەریانی ئەوەشی خستەڕوو، ئەو زانیارییانە لە "زانیارییە هەواڵگرییە دڵنیابووەوەکان" سەرچاوە دەگرن کە لەم دواییەدا دەستکەوتوون، ئاماژە بەوە دەکەن، سوپای پاسدارانی ئێران لە "بەڕێوەبردنی ئەو هەنگاوەدا یارمەتیی حووسییەکان دەدات."
وەزیرەکە گوتی، "زانیارییە هەواڵگرییەکان دەریدەخەن شارەزا و راوێژکارانی سوپای پاسداران راستەوخۆ بەشدارن لە دابینکردنی چوارچێوەی تەکنیکی و کارگێڕیی ئەم پرۆژەیەدا". ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمە بریتی دەبێت لە "دروستکردنی دەزگایەکی تایبەتمەند کە بەرپرس دەبێت لە وەرگرتنی پارە لە کۆمپانیاکانی گواستنەوەی دەریایی و کەشتییە بازرگانییەکان".
نیگەرانییەکان لە سەرتاسەری کەنداو لە زیادبووندایە لەوەی حووسییەکان دەیانەوێت سیناریۆکەی ئێران لە تەنگەی هورمز دووبارە بکەنەوە لەڕێگەی قۆستنەوەی دەسەڵات بەسەر تەنگەی بابولمەندەبدا، کە ئەم هەنگاوە ئەگەر هەیە بازاڕەکانی جیهانی وزە تووشی ئاڵۆزییەکی زیاتر بکات.
هەفتەی رابردوو، حووسییەکان گەمارۆیەکی دەریاییان بەسەر سعودیەدا راگەیاند و لەو کاتەوە بەرپرسیارێتیی هێرشکردنە سەر کەشتییە نەوتییەکان و ژێرخانی نەوتی سعودیەیان خستووەتە ئەستۆ.
ئەم گەمارۆیە توانای سعودیەی خستووەتە ژێر مەترسییەوە بۆ هەناردەکردنی ملیۆنان بەرمیل نەوتی خاو لە رۆژێکدا، ئەمەش دوای ئەوەی کە گەمارۆ هاوتەریبەکەی ئێران لەسەر تەنگەی هورمز، تاکە رێڕەوی دەریایی شانشینەکەی پەکخست.



