رووداو دیجیتاڵ
ئەمریکا و بەریتانیا خەریکی ئامادەکارین بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی باڵا لە شاری لەندەن، بە مەبەستی پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەکی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی رێڕەوی کەشتیوانی لە تەنگەی هورمز.
ماڵپەڕی (ئەکسیۆس) لە زاری دوو دیپلۆماتی ئەورووپی و سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، بڕیارە هەفتەی داهاتوو وەزیرانی بەرگری و فەرماندە سەربازییە باڵاکانی وڵاتانی رۆژئاوا و وڵاتانی ناوچەکە لە لەندەن کۆببنەوە.
بەپێی راپۆرتەکە، چاوەڕوان دەکرێت پیت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا و جەنەڕاڵ دان کەین، سوپاسالاری ئەمریکا بەشداری لە کۆبوونەوەکەدا بکەن تاوەکو هاوپەیمانەکان رازی بکەن کەشتیی مینڕێژ، کەشتیی جەنگی و درۆن بۆ ناوچەکە بنێرن.
ئەم هەوڵەی ئەمریکا پاشکۆی ئەو گفتوگۆیانەیە کە بەریتانیا و فەرەنسا لە چەند مانگی رابردوودا لەگەڵ زیاتر لە 30 وڵات ئەنجامیان دا. زۆربەی وڵاتان مەرجیان ئەوەیە کە دەبێت سەرەتا جەنگ بووەستێت تاوەکو دۆخەکە بۆ ناردنی هێزی دەریایی گونجاو بێت. دیپلۆماتێکی ئەورووپی بە (ئەکسیۆس)ی راگەیاندووە، "ئەمریکییەکان بەدوای رێگەیەکدا دەگەڕێن بۆ دەرچوون لەم دۆخە و داوای یارمەتی لە ئێمە دەکەن."
ئەم جووڵە دیپلۆماسییە لە کاتێکدایە، واشنتن دوو هەفتەیە رۆژانە هێرشی ئاسمانی دەکاتە سەر ئامانجە سەربازییەکانی ئێران.
رۆژی چوارشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی کرد کە ئەگەر ئێران بەردەوام بێت لە هێرشکردنە سەر کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز، پرد و وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا تەنانەت لە تارانی پایتەختیش بۆردوومان دەکات. ئێرانیش لە بەرامبەردا هەڕەشەی لێدانی ژێرخانی وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمریکای لە کەنداو کردووە.
مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رۆژی 22ـی تەممووز لە هۆشدارییەکدا بۆ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانی رایگەیاند، واشنتن رێگە نادات ئێران "نەریتێکی نوێ" بسەپێنێت. رۆبیۆ گوتی، "هیچ رێڕەوێکی ئاویی نێودەوڵەتی و هیچ ئاسمانێکی نێودەوڵەتی نابێت لەلایەن هیچ وڵاتێکەوە بە نیشتمانی بکرێت یان کۆنترۆڵ بکرێت."
لەسەر ئاستی دیپلۆماسی، رۆژی هەینی شاندێکی عومان گەیشتنە تاران بۆ هەوڵدان بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکان لەسەر میکانیزمی کردنەوەی تەنگەی هورمز. عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی "ناچێتە ژێر باری تەنگپێهەڵچنی ئەمریکی" و جەختی کردەوە لەوەی "تاوەکو ئامانج و داواکارییە رەواکانی گەلی ئێران جێبەجێ نەکرێن، ئاساییە لەسەر رێڕەوی خۆمان بەردەوام بین." عێراقچی هەروەها لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بەدر بوسەعیدی، هاوتا عومانییەکەی باسی لە ئاسایشی کەشتیوانی و رێگەگرتن لە زیاتری گرژییەکان کرد.
تەنگەی هورمز یەکێک لە گرنگترین رێڕەوی وزەیە لە جیهاندا و پێش دەستپێکردنی جەنگ، رۆژانە 20٪ـی کۆی گشتیی نەوت و غازی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت. واشنتن دەیەوێت لەرێگەی ئەم هاوپەیمانییە نوێیەوە بەرپرسیارێتیی پاراستنی تەنگەکە دابەش بکات تاوەکو رێگە بۆ سەقامگیرکردنی بازاڕەکانی جیهان و کۆتاییهێنان بەو قەیرانە داراییە بڕەخسێنێت کە رۆژانە 10 ملیار دۆلار زیان بە ئابووری جیهان دەگەیێنێت.



