رووداو دیجیتاڵ
رۆبێرت پێتەر، ئەندازیاری ئوسترالی، دوای زیاتر لە پێنج ساڵ دەستبەسەرکردنی لە عێراق، گەڕایەوە ئایرلاند.
پێتەر سوپاسی هاوژین و منداڵەکانی کرد کە کەمپەینیان بۆ ئازادکردنی راگەیاندبوو، بەڵام گوتی، گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە بە واتای بەدەستهێنانی دادپەروەری نایەت.
لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەڤانان لە فڕۆکەخانەی دەبڵن، پێتەر رۆژی دووشەممە گوتی، ئەو و هاوکارە میسرییەکەی بێتاوانن؛ گوتیشی: "گەڕانەوە بۆ ماڵەوە بە واتای بێتاوان دەرچوون نایەت، هەروەها رێگەپێدان بە رۆیشتنیش بە واتەی دادپەروەری نییە."
پێتەر ئاماژەی بەوە کرد کە لە نیسانی 2021 بۆ کۆبوونەوەیەک لەگەڵ پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق چووە بەغدا. ئەو و خالید رەزوانـی هاوکاری، لەسەر ناکۆکییەکی نێوان بانکی ناوەندیی عێراق و خاوەنکارەکەیان کە بنکەکەی لە دووبەیە دەستگیرکران، دواتریش بە تۆمەتی ساختەکاری سزای پێنج ساڵ زیندانیکردن و پێبژاردنی 12 ملیۆن دۆلاریان بەسەردا سەپێنرا.
پێتەر لە حوزەیرانی 2025 بە کەفالەت ئازادکرا، بەڵام رێگەی پێنەدرا عێراق جێبهێڵێت. ئەو هاووڵاتییە گوتی، پێش ئەوەی قەدەخەی گەشتکردنی لەسەر هەڵبگیرێ، ناچارکراوە واژۆ لەسەر دەستبەرداربوون لە مافەکانی بکات و بەهۆی خراپبوونی باری تەندروستییەوە هیچ بژاردەیەکی دیکەی لەبەردەمدا نەبووە.
پێتەر رووی کردە خێزانەکەی و رایگەیاند، منداڵەکانی چەندین ساڵی تەمەنیان بەبێ باوکیان لەدەستداوە و کەمپەینی گەڕاندنەوەیشی بە تێچوویەکی قورس لەسەر هاوژینەکەی کەوتووە.
هاوژینەکەی و سێ منداڵەکەی هاووڵاتیی ئایرلاندین و خێزانەکە لە ئایرلاند دەژین.
لە لایەکی دیکەوە هێلین مەکئینتی، وەزیری دەرەوەی ئایرلاند لە راگەیێندراوێکدا پێشوازی لە گەڕانەوەکەی کرد و سوپاسی حکومەتی ئوسترالیای کرد بۆ پاڵپشتیکردنی هەوڵەکان بۆ ئازادکردنی.


