رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی کۆشکی سپی رایدەگەیێنێت: دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، چەندین جار هەڵوێستی خۆی لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمیی سعودیە روون کردووەتەوە و جەختی لەسەر مەرجێکی سەرەکی کردووەتەوە، ئەویش چوونە ناو "رێککەوتنی ئەبراهام"ـە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، کارۆلین لیڤیت، لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کرد: هەر جۆرە رێککەوتنێکی ئەتۆمیی مەدەنی لەگەڵ سعودیە، پڕۆسەی پیتاندنی یۆرانیۆم ناگرێتەوە. ئەو گوتی: "خاڵێکی زۆر گرنگ کە لەنێوان وەزارەتی وزە و سعودیەدا هەیە ئەوەیە کە رێگە بە هیچ جۆرە بەکارهێنانێکی سەربازی نادرێت و ئەمەش تەنیا بەو مەرجە پەسەند دەکرێت کە سعودیە بە سەرکەوتوویی بچێتە ناو رێککەوتنی ئەبراهام."
گوتەبێژی کۆشکی سپی جەختی کردەوە: ئەمریکا دژی دامەزراوەی ئەتۆمیی مەدەنی نییە، بەڵکو دەیەوێت سەقامگیریی درێژخایەن لە ناوچەکەدا بچەسپێت.
ئاماژەی بەوەش کرد: ترەمپ لەم قۆناخەدا بە راشکاوی لەگەڵ سەرکردەکانی کەنداو و وڵاتانی عەرەبی قسەی کردووە، چونکە بە بڕوای ئەو، ئەم رێککەوتنە مێژووییە کلیلی ئاشتییە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا.
لیڤیت باسی لەوەش کرد: ئێستا دانوستاندنەکان لەگەڵ هاوبەشە سعودییەکان بە هاوئاهەنگی بەردەوامن و گوتیشی: "سەرۆک دەیەوێت ئەم رێککەوتنە ببێتە هۆی ئەوەی ناوچەکە بۆ ماوەیەکی درێژ لە ئاشتی و سەقامگیریدا بێت و چیدیکە مەترسیی ئاڵۆزییەکان لە ئارادا نەمێنێت."
بەگوێرەی لێدوانەکەی گوتەبێژی کۆشکی سپی، گەیشتن بە لووتکەی لێکتێگەیشتن لەگەڵ سعودیە بەستراوەتەوە بەو هەڵوێستە سیاسییەی کە سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە و واشنتن لەم بڕیارەدا سوورە.
رۆژی چوارشەممە، 22ـی تەممووزی 2026، کریس رایت، وەزیری وزەی ئەمریکا و شازادە عەبدولعەزیز بن سەلمان، وەزیری وزەی سعودیە رێککەوتننامەکەیان واژۆ کرد. هەروەها هەردوولا رێککەوتنێکی دیکەی دووقۆڵییان تایبەت بە "گەرەنتییە ئەمنییەکان" واژۆکرد.
وەزارەتی وزەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد: "ئەم دوو رێککەوتنە پێکەوە بناخەیەکی یاسایی بۆ هاوبەشییەکی چەندین دەیەیی و بە بەهای ملیاران دۆلار دادەڕێژن، کە چەندین ئامانجی لەپێشینەی ئابووری و ستراتیژی دەپێکن، لەنێویاندا رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی."
ئەم رێککەوتنە رێگە بۆ سعودیە خۆش دەکات سوود لە تەکنەلۆژیای ئەمریکی وەربگرێت بۆ بنیاتنانی وێستگەی ئەتۆمی بە مەبەستی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە نەوت، ئەمەش لەژێر چوارچێوەیەکی یاسایی و چاودێرییەکی وردی نێودەوڵەتیدا تاوەکو رێگری لە هەر جۆرە بەکارهێنانێکی سەربازیی وزەی ئەتۆم بکرێت.
ئەم رێککەوتنە کە لە ناوەندە یاساییەکاندا بە رێککەوتنی 123 ناسراوە، دەرفەتێکی زێڕین بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەڕەخسێنێت تاوەکو بچنە ناو پڕۆگرامی وزەی ئەتۆمیی سعودیەوە. ئەمەش سوودێکی زۆر بە پیشەسازیی ئەمریکا، کرێکاران و زنجیرەی دابینکردنی کاڵاکان دەگەیێنێت، لە هەمان کاتدا یارمەتیدەری سعودیە دەبێت بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی وزە.
کریس رایت، وەزیری وزەی ئەمریکا رایگەیاند: "ئەم رێککەوتنانە گوزارشت لە پابەندیی هاوبەشی هەردوو وڵات دەکەن بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان واشنتن و ریاز. دڵنیاتان دەکەمەوە، ئەم رێککەوتنانە بەرزترین پێوەری سەلامەتیی ئەتۆمی و رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی چەک دەپارێزن، هاوکات پشت بە باشترین تەکنەلۆژیا و زانایانی جیهان دەبەستن کە لێرە لە ئەمریکا دیزاین کراون."
وەزیری وزەی ئەمریکا ئاماژەی بە رۆڵی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کردەوە و گوتی: "سوپاس بۆ سەرۆک ترەمپ، بووژانەوەی ئەتۆمیی ئەمریکا دەستیپێکردووە و سوودی درێژخایەنی بۆ گەلی ئەمریکا و سعودیە دەبێت." ئەم هەنگاوە لەسەر بنەمای فەرمانی جێبەجێکردنی سەرۆک ترەمپە بۆ بڵاوکردنەوەی تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی ریاکتۆری ئەتۆمی بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی.
ئامانجە سەرەکییەکانی ئەم هاوبەشییە:
-فراوانکردنی هەناردەی تەکنەلۆژیای ئەتۆمیی ئەمریکا بۆ دەرەوە.
-رەخساندنی هەلی کاری گرانبەها لە ئەمریکا و گەشەی ئابووریی درێژخایەن.
-بەهێزکردنی پێگەی وزە و ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا.
-قووڵکردنەوەی هاوبەشیی ستراتیژیی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و شانشینی سعودیە.
بڕیارە دەقی رێککەوتنەکە رەوانەی کۆنگرێسی ئەمریکا بکرێت بۆ ئەوەی لەوێ پێداچوونەوەی یاسایی بۆ بکرێت و بە فەرمی پەسەند بکرێت.
سعودیە یەکێکە لەو وڵاتانەی چەندین ساڵە هەوڵ بۆ دەستخستنی ئەتۆمی ئاشتی دەدات، ئەویش پێویستە لەژێر چاودێری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە بێت.


