رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، رۆژی پێنجشەممە وەشانێکی تایبەتی لە یاسای رێپێدانی بەرگریی نیشتمانی بۆ ساڵی 2027 پەسند کرد، کە تێیدا 1.15 تریلیۆن دۆلار بۆ خەرجییە سەربازییەکان تەرخان کراوە؛ بەڵام پڕۆژەکە لە ئەنجوومەنی پیران بەهۆی ناڕەزایەتیی دیموکراتەکان بەرامبەر جەنگی ئێران راگیراوە.
پڕۆژەیاساکە بە (216 دەنگی بەڵێ) بەرامبەر بە (212 دەنگی نەخێر) تێپەڕی، کە تێیدا زۆربەی کۆمارییەکان پشتگیرییان لێ کرد. ئەم یاسایە بناخەی سیاسەتە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ ساڵی داهاتوو دادەڕێژێت، لە کاتێکدا پێنتاگۆن داوای بودجەیەکی بێپێشینەی کردووە کە بە تێکڕا دەگاتە 1.5 تریلیۆن دۆلار کە 1.15 تریلیۆنی بودجەی بنەڕەتی و 350 ملیار دۆلاریش بۆ دۆخە لەناکاوەکان دەبێت.
گۆڕانکارییە جێ مشتومڕەکان لە ناو یاساکەدا ئەنجوومەنی نوێنەران چەند بڕگەیەکی نوێی بۆ یاساکە زیاد کردووە کە کێشەی لە نێوان هەردوو حزبەکە دروست کردووە، لەوانە:
1- هەڵگرتنی چەک: رێگەدان بە سەربازان و کارمەندانی مەدەنی کە لە ناو بنکە سەربازییەکاندا چەک هەڵبگرن.
2- چارەسەری رەگەزی: رێگریکردن لە سیستەمی تەندروستیی سەربازی بۆ دابینکردنی تێچووی نەشتەرگەری و چارەسەرە پزیشکییەکانی پەیوەست بە گۆڕینی رەگەز.
3- کەرتی پیشەسازی: درێژکردنەوەی یاسای بەرهەمهێنانی بەرگری تاوەکو ساڵی 2031.
4- پڕچەککردن: تەرخانکردنی 500 ملیار دۆلار بۆ دروستکردنی کەشتییەکی جەنگیی نوێ.
بەربەستی ئەنجوومەنی پیران لەکاتێکدا کۆمارییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران سەرکەوتوو بوون، بەڵام پڕۆژەکە لە ئەنجوومەنی پیران راگیراوە. دیموکراتەکانی ئەنجوومەنی پیران رێگری لە تێپەڕبوونی یاساکە دەکەن، چونکە دژی بەردەوامیی جەنگی ئێرانن و نیگەرانن لە خێرا گەشەکردنی خەرجییە سەربازییەکان.
مایک رۆجەرز، سەرۆکی لیژنەی خزمەتگوزارییە چەکدارەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران رایگەیاند: "هەندێک بڕگە لەم یاسایەدا هەن کە خەڵکانێک لەسەری کۆک نین، بەڵام تێبگەن کە ئەمە تەنیا یەک هەنگاوە لە پڕۆسەیەکی درێژخایەن."
پەیامێک بۆ ئێران و 'نەیاران'
جۆ ویڵسن، ئەندامی باڵای لیژنەی خزمەتگوزارییە چەکدارەکان ئاماژەی بەوە کرد، ئەم بودجەیە پەیامێکی روونە بۆ دەرەوە. ویڵسن گوتی: "لەکاتێکدا رژێمی ئێران و نەیارانی دیکەمان بوێرتر دەبن، ئەم یاسایە ئەو پەیامە دەنێرێت کە ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ هەر کارێکی دووژمنکاری دژی وڵاتەکەمان و هاوپەیمانەکانمان ئامادەیە."
ئەو ئاماژەی بەوەش کرد کە یاساکە هاوکارییە داراییەکان بۆ گەلی ئۆکراینا، سووریا، عێراق و جۆرجیا لەخۆدەگرێت و ئامانجی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا لە رێگەی درووشمی "ئاشتی لە رێگەی هێزەوە".
ئێستا چاوەکان لەسەر دانوستاندنەکانی نێوان هەردوو ئەنجوومەنەکەن تاوەکو بگەنە وەشانێکی هاوبەش کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بتوانێت واژۆی بکات و ببێتە یاسا، بەڵام قووڵی جیاوازییەکان دەربارەی ئێران و پرسە کۆمەڵایەتییەکان، ئاسۆی رێککەوتنەکەی لێڵ کردووە.
یاسای رێپێدانی بەرگریی نیشتمانی بۆ ساڵی 2027 چی بۆ پێشمەرگە، سووریا، عێراق و ئێران تێدایە؟
عێراق
- بەردەوامیی پاڵپشتی: یاساکە داوا دەکات دەسەڵاتی دابینکردنی هاوکاری و مەشق و پڕچەککردن بۆ هێزە ئەمنییەکانی عێراق تاوەکو 31ی کانوونی یەکەمی 2027 درێژ بکرێتەوە (ماددەی 1215).
- مەرجدارکردنی بودجە: لە ماددەی 1216دا هاتووە کە نابێت زیاتر لە 75٪ی ئەو بودجەیەی بۆ هێزە ئەمنییەکانی عێراق تەرخانکراوە خەرج بکرێت، تاوەکو وەزیری جەنگ ئەمریکا بۆ کۆنگرێس پشتڕاستی نەکاتەوە کە حکومەتی عێراق هەنگاوی جیدی ناوە بۆ:
1. کەمکردنەوەی توانای ئەو میلیشیایانەی لەژێر کۆنتڕۆڵی دەوڵەتدا نین لە رێگەی پڕۆسەی داماڵینی چەک و هەڵوەشاندنەوە.
2. بەهێزکردنی دەسەڵاتی سەرۆکوەزیرانی عێراق وەک فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بەسەر هەموو هێزەکاندا.
3. لێکۆڵینەوە و سزادانی ئەو گرووپانەی هێرش دەکەنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و عێراق.
پێشمەرگە (هەرێمی کوردستان)
- پاراستنی بودجەی پێشمەرگە: خاڵێکی زۆر گرنگ لە ماددەی 1216بڕگەی 30 دا هاتووە، کە تێیدا جەخت دەکرێتەوە: "ئەو سنووردارکردن و مەرجانەی خراونەتە سەر بودجەی هێزە ئەمنییەکانی عێراق، بۆ هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان جێبەجێ ناکرێن."
- ئەمە بەو مانایەیە کە ئەمریکا هاوکارییە دارایی و سەربازییەکانی بۆ پێشمەرگە بە جیا لە هێزەکانی دیکەی عێراق دەبینێت و نایەوێت کێشەکانی میلیشیا لە بەغدا کاریگەری لەسەر هاوکارییەکانی پێشمەرگە هەبێت.
سووریا
- شەڕی داعش: یاساکە رێگە دەدات بە بەردەوامبوونی هاوکارییەکان بۆ هێزە هاوبەشەکانی ئەمریکا لە سووریا (هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە) بۆ شەڕی دژی داعش تاوەکو کۆتایی ساڵی 2027 (ماددەی 1215).
- قەرەبووکردنەوەی هاوپەیمانان: ئەمریکا پابەند دەبێت بە قەرەبووکردنەوەی ئەو وڵاتە هاوپەیمانانەی کە هاوکاریی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا دەکەن لە سووریا (ماددەی 1212).
-قەدەخەی گواستنەوە: گواستنەوەی هەر دەستگیرکراوێکی زیندانی گوانتانامۆ بۆ ناو خاکی سووریا بە هەموو شێوەیەک قەدەخە کراوە (ماددەی 1033).
ئێران
- وڵاتی 'نەیار': ئێران لە چوارچێوەی ئەم یاسایەدا وەک وڵاتی "نەیاری بیانی" پۆلێن کراوە
- بەرگری و تەکنەلۆژیا: یاساکە رێگری دەکات لەوەی هیچ کەرەستەیەکی خاو یان تەکنەلۆژیایەکی پێشکەوتوو لە ئێرانەوە هاوردەی ناو پیشەسازیی بەرگریی ئەمریکا بکرێت (ماددەی 1801 و 1825).
- رووبەڕووبوونەوەی درۆن: جەخت لەسەر هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل کراوە بۆ پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای دژە درۆن و سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەکانی ئێران (ماددەی 1223).
ئەمریکا لە ساڵی 2027دا دەیەوێت بەردەوام بێت لە هاوکاریی عێراق و سووریا بۆ شەڕی داعش، بەڵام هاوکارییەکانی بۆ بەغدا دەبەستێتەوە بە داماڵینی چەکی میلیشیاکان، لە کاتێکدا هاوکارییەکانی بۆ پێشمەرگە لەو مەرجانە بەدەر دەکات و گوشارەکان بۆ سەر ئێران توندتر دەکات.



