رووداو دیجیتاڵ
کۆشکی سپی و نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە دانوستاندنی چڕدان بۆ رێکخستنی کۆبوونەوەیەک لەنێوان دۆناڵد ترەمپ و بنیامین نەتەنیاهوو لە هەفتەی داهاتوو.
رۆژی چوارشەممە، 22ی تەممووزی 2026 ماڵپەڕی (Axios) لە زاری بەرپرسانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بڵاویکردەوە، هەرچەندە تاوەکو ئێستا کاتەکەی دیاری نەکراوە، بەڵام هەردوولا دەیانەوێت لە نووسینگەى سەرۆکایەتیی ئەمریکا کۆببنەوە. نەتەنیاهوو بڕیارە بۆ بەشداریکردن لە مەراسیمی پرسەی سیناتۆر لیندزی گراهام، کە رۆژانی 28 و 29ی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت، سەردانی واشنتن بکات.
ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گەیشتووەتە رێگەیەکی داخراو لە جەنگی ئێراندا و تەنیا دوو بژارەی لەبەردەمدایە: یان قبووڵکردنی پێشنیازێکی نوێی ئاگربەست لە لایەن قەتەرەوە بۆ کردنەوەی تەنگەى هورمز، یان دەستپێکردنی هەڵمەتێکی سەربازیی گەورەی هاوبەش لەگەڵ ئیسرائیل بۆ ناچارکردنی تاران بە خۆبەدەستەوەدان، هاوشێوەی ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی داستانئاسا" کە لە 28ی شوباتی رابردوودا دەستیپێکرد.
بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن وڵاتەکەیان ئامادەکاریی تەواوی بۆ جەنگێکی گشتگیر و هاوئاهەنگیکراو کردووە، بەڵام جەختیان کردووەتەوە لەوەى تەلئەڤیڤ تەنیا ئەو کاتە دەچێتە نێو جەنگەکەوە کە لە لایەن ئێرانەوە هێرشی بکرێتە سەر، یان واشنتن بە فەرمی داوای بەشداریی لێ بکات.
گرژییەکانی واشنتن و تەلئەڤیڤ
سەرەڕای ئەوەی نەتەنیاهوو لەم خولەى سەرۆکایەتیی ترەمپ بۆ کۆشکی سپی شەش جار سەردانی واشنتنی کردووە، بەڵام لەم رۆژانەدا پێگەکەی لە واشنتن و تەنانەت لەنێو بازنەی نزیک ترەمپیشدا لاواز بووە. یەکێک لە کێشە سەرەکییەکان پرسی لوبنانە؛ ئیدارەی ترەمپ گوشارێکی زۆر دەخاتە سەر ئیسرائیل تاوەکو لە ناوچە دیاریکراوەکانی باشووری لوبنان بکشێتەوە بۆ ئەوەی سوپای لوبنان لەوێ جێگیر ببێت. ترەمپ بۆ ئەم مەبەستە پێشتر لەگەڵ جۆزێف عەون، سەرۆکی لوبنان کۆبووەوە.
هەروەها بەرپرسانی ئەمریکا، لەنێویاندا جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک نیگەرانیی خۆیان لە هەوڵەکانی ئیسرائیل بۆ درێژکردنەوەی ململانێیەکە دەربڕیوە، ئەمەش وایکردبوو نەتەنیاهوو هەفتەی رابردوو نەتوانێت کۆبوونەوەیەک لەگەڵ ترەمپ بکات.
لە لایەکی دیکەوە، دوای ئەوەی زوهران مامدانی، سەرۆکشارەوانیی نیو یۆرک هەڕەشەی جێبەجێکردنی فەرمانی دەستگیرکردنی دادگەی تاوانی نێودەوڵەتییان دژی نەتەنیاهوو کردبوو لە کاتی سەردانەکەیدا، دۆناڵد ترەمپ هەڵوێستێکی تووندی نیشاندا. ترەمپ بە فەرمی رایگەیاند، نەتەنیاهوو لە کاتی بوونی لە ئەمریکا "بە هیچ شێوە و فۆرمێک" دەستگیر ناکرێت.



