رووداو دیجیتاڵ گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی سووتانی دارستانەکانی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "پێویستە رێز لە سەروەریی هەموو وڵاتانی ناوچەکە بگیرێت". ستیفان دووژاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە وەڵامی نامۆ عەبدوڵڵا، پەیامنێری رووداو لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، "سکرتێری گشتی دەیەوێت شەڕ و پێکدادانەکان بووەستن. پێویستە رێز لە سەروەریی خاکی هەموو وڵاتێکی ناوچەکە بگیرێت". رۆژی سێشەممە، شاخی گۆیژە لە پارێزگای سلێمانی ئاگری تێبەربوو، بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، 200 دۆنم زەوی لە شاخەکە سووتاوە. لەدوای سووتانی دارستانی شاخەکە، میدیای ئێران رایگەیاند، بەهۆی هێرشی درۆنی ئێران دارستانەکە سووتاوە. دەقی پرسیار و وەڵامی نامۆ عەبدوڵڵا و ستیفان دووژاریک: رووداو: بەرپرسانی ناوخۆیی لە هەرێمی کوردستانی عێراق دەڵێن نزیکەی دووسەد دۆنم دارستان لە ناوچە شاخاوییە سنورییەکان لەگەڵ ئێران ئاگریان گرتووە. ئەمەش بۆمبارانی ناوچەکە لەلایەن ئێرانەوە هات. ئایا سکرتێری گشتی هیچ وەڵامێکی هەیە بۆ ئەم هێرشە سنووربڕانە بۆ سەر خاکی عێراق؟ و ئایا هیچ شتێک هەیە نەتەوە یەکگرتووەکان بتوانێت بیکات بۆ هەڵسەنگاندنی زیانە ژینگەیییەکان لەوێ؟ ستیفان دووژاریک: پێم وایە، لە رووی زیانەکانەوە، دەبێت پەیوەندی بە هاوکارانمانەوە لە ئۆفیسی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بکەین. پێم وایە، وەک دوێنێ گوتمان، سکرتێری گشتی دەیەوێت شەڕ و پێکدادانەکان بووەستن. پێویستە رێز لە سەروەریی خاکی هەموو وڵاتێکی ناوچەکە بگیرێت. پێم وایە 11یەمین شەوی چالاکیی سەربازیمان بینی لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و کۆماری ئیسلامیی ئێران. گەڕانەوە بۆ دیپلۆماسی پێویستە و ئەوە ئەو پەیامەیە کە بە ئاشکرا دەیڵێین و سکرتێری گشتیش لە گفتوگۆ تایبەتەکانیدا دەیگەیەنێت.
جیهان22-07-2026ترەمپ بۆ ئێران: لە وەڵامی هەر هێرشێک بۆ سەر کەشتییەکان، پرد و وێستگەکانی کارەباتان وێران دەکەین
جیهان22-07-2026ئاژانسی کاری ئەڵمانیا: هەر کەسێک بە سەرخۆشی و ناڕێکوپێکی بچێتە چاوپێکەوتنی کار، سزا دەدرێ