فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، نۆیەمین شەوی لەسەر یەکی هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران "بە سەرکەوتووییی" کۆتایی پێهێنا؛ "ئامانج لەم هێرشانەش لاوازکردنی توانای سەربازیی تارانە بۆ ئەنجامدانی هەر جۆرە پەلامارێک دژی کەشتییە بازرگانییەکان لە تەنگەی هورمز." بەگوێرەی راگەیێندراوی فەرماندەییەکە، هێرشەکان رۆژی یەکشەممە 19-07-2026، رێک کاژێر 10:00ی شەو بە کاتی هەولێر ئەنجامدراون. لەم ئۆپەراسیۆنەدا، سێنتکۆم چەندین ئامانجی جیاوازی پێکاوە، لەوانە: "سەنتەرەکانی فەرماندەیی سەربازیی ئێران، وێستگەکانی بەرگریی ئاسمانی و چاودێریی کەناراوەکان، تواناکانی دەریایی، سەکۆکانی هاوێشتنی مووشەک و درۆن، لەگەڵ تۆڕەکانی پەیوەندیی هێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتە." سێنتکۆم جەختی کردەوە، مەبەست لە پێکانی ئەم ئامانجانە، "کەمکردنەوەی توانای ئێرانە" لە هەڕەشەکردن لە کەشتییە بازرگانییەکان و دەریاوانە مەدەنییەکان کە لە تەنگەی هورمزی نێودەوڵەتییەوە تێدەپەڕن. لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە، سوپای ئەمریکا بە فەرمانی راستەوخۆی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان (سەرۆکی ئەمریکا) بەردەوام دەبێت لە هێرشەکانی بۆ سەر ئێران. هەروەها سێنتکۆم دووپاتی کردەوە کە هێزەکانیان، "لەوپەڕی وشیاری، ئامادەیی و توانای وەڵامدانەوەی کوژەردا دەمێننەوە".