رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی ئەورووپا بە زۆرینەی دەنگ بڕیارنامەیەکی پەسند کرد کە تێیدا داوا لە وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا دەکات ستراتیژییەکی هاوبەش دابڕێژن بۆ بەرەنگاربوونەوەی تۆڕەکانی "ئیخوان موسلیمین" و داواش دەکات ئەو رێکخراوە و کەسایەتییەکانی سەر بەو گرووپە بخرێنە لیستی تیرۆری ئەورووپاوە.
بڕیارنامەکە کە لەلایەن پارتی گەلی ئەورووپی کە گەورەترین پارتی نێو پەرلەمانە پێشکێش کرابوو، بە پشتیوانیی پارتە راستڕۆ و پارێزگارەکان و بەشێک لە لیبڕاڵەکان بە 381 دەنگی بەڵێ بەرامبەر بە 167 دەنگی نەخێر (لەگەڵ 15 دەنگی بێلایەن) پەسند کرا، لە کاتێکدا پارتە چەپەکان بە تووندی دژایەتییان کرد.
لە بڕیارنامەکەدا، پەرلەمانی ئەورووپا سەرکۆنەی ئەو ستراتیژییەی کرد کە بە "دزەکردنی ئیسلامییەکان بۆ ئامانجی لاوازکردنی دامەزراوە دیموکراسییەکانی وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا" ناوی بردووە.
پەرلەمان داوا لە وڵاتانی ئەورووپا دەکات زانیاریی تەواو کۆبکەنەوە لەسەر سەرکردە و پێکهاتەکانی ئیخوان موسلیمین بۆ هەڵسەنگاندنی خستنە لیستی تیرۆریان، هەروەها جەختی کردەوە کە دەبێت ئەم چاودێرییە رێکخراوە نهێنییەکان، تۆڕە داراییەکان، گرووپەکانی گەنجان و پلاتفۆرمە ئایدۆلۆژییەکانی سەر بە ئیخوانیش بگرێتەوە.
هاوکات پەرلەمانی ئەورووپا داوای لە کۆمیسیۆنی ئەورووپا کرد راپۆرتێکی گشتگیر ئامادە بکات لەسەر ئەو حاڵەتانەی کە تێیاندا یارمەتیی دارایی یەکێتییەکە دراوەتە کەسانێک یان رێکخراوێک کە پەیوەندییان بە ئیخوانەوە هەبووە.
سیلین ئیمارت، پەرلەمانتاری پارتی گەلی ئەورووپی گوتی، "نابێت یەکێتیی ئەورووپا هەرگیز کۆمەکی دارایی ئیسلامییەکان بکات؛ دەبێت جیاوازی بکرێت لە نێوان ئیسلام وەک ئایین و ئیسلامی سیاسی وەک ئایدۆلۆژیا. لە هەر شوێنێک یاسا رێگە بدات، دەبێت ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەورووپا ئەو کەس و رێکخراوانەی سەر بە ئیخوان موسلیمینن بخاتە لیستی تیرۆرەوە."
پەرلەمانی ئەورووپا ئیخوان موسلیمینی وەک "پڕۆژەیەکی سیاسی کە بنەما ئایینییەکان دەخاتە سەرووی یاساوە" ناوبرد، کە "لەگەڵ بنەماکانی دیموکراسی، سەروەریی یاسا و یەکسانیی نێوان هاووڵاتییاندا یەکناگرێتەوە."
بڕیارەکانی پەرلەمانی ئەورووپا لەم جۆرە بابەتانەدا وەک یاسا نین کە دەستبەجێ بەسەر وڵاتەکاندا جێبەجێ بکرێن، بەڵام کاریگەریی گەورەیان دەبێت بۆ ئەوەی دامەزراوەکانی دیکەی وەک (کۆمیسیۆنی ئەورووپا و ئەنجوومەنی ئەورووپا) ناچار بکات کار لەسەر جێبەجێکردنی ئەم داواکارییە بکەن.
ئیخوان موسلیمین لە چەندین وڵاتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەوانەش ئیمارات، سعودیە و میسر قەدەخە کراوە و گوشارەکانیش لەسەر یەکێتیی ئەورووپا بۆ گرتنەبەری هەمان رێکار لە زیادبووندان، بەتایبەت دوای ئەوەی لە کانوونی دووەمی ئەم ساڵدا پەرلەمانی فەرەنسا بڕیارێکی هاوشێوەی پەسند کرد.



