رووداو دیجیتاڵ
شارەوانیی مۆرهێد لە ویلایەتی مینیسۆتای ئەمریکا رایگەیاند، بە مەبەستی رێزگرتن لە پەیوەندییە دۆستانەکانی لەگەڵ شاری زاخۆ لە هەرێمی کوردستان، ناوی "پارکی جۆنسن فارمز" بە فەرمی دەگۆڕن بۆ پارکی دۆستایەتی.
بەپێی راگەیێندراوێکی فەرمیی شارەوانیی مۆرهێد کە نزیکەی 8٪ـی دانیشتووانەکەی کوردن، بڕیاری گۆڕینی ناوی پارکەکە وەک ئاماژەیەک بۆ بەهێزکردن و رێزگرتن لە پەیوەندییە دۆستانە و کولتوورییەکانی نێوان ھەردوو شارەکە دراوە.
شێلی کارلسن، سەرۆکی شارەوانیی مۆرهێد دەڵێت: "پارکی دۆستایەتی بەرجەستەی رۆحی پەیوەندییە گەشەسەندووەکەمان لەگەڵ زاخۆ و ئەو فرەچەشنییە دەوڵەمەندە کولتوورییە دەکات، کە مۆرهێد بەهێز دەکات."
بڕیارە رۆژی هەینی داهاتوو 16-10-2026، لە رێوڕەسمێکی فەرمیدا ناوی پارکەکە بگۆڕدرێت و تێیدا بەرپرسانی شارەوانی، کەسایەتییەکان و دانیشتووانی شارەکە ئامادە دەبن.
ئەو بڕیارەی شارەوانیی مۆرهێد لە چوارچێوەی ئەو لێکتێگەیشتنەیە کە لەنێوان مۆرهێد و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە مانگی تەممووزی رابردوودا واژۆ کرا.
لەبارەی لێکتێگەیشتنەکەوە گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ رایگەیاندووە، رێککەوتنەکە دۆستانە بووە لەگەڵ شاری مۆرهێد کە بوارەکانی کشتوکاڵ، خوێندن و کولتووری لەخۆ گرتووە.
شارەوانیی مۆرهێد لە راگەیێندراوەکەیدا رایگەیاندووە: "بە شانازییەوە گۆڕینی ناوی پارکی (جۆنسن فارمز) بۆ پارکی دۆستایەتی رادەگەیێنین؛ گۆڕانکارییەک کە ئیلهامەکەی لە پەرەسەندنی هاوبەشیی نێوان کولتوورەکانی مۆرهێد و شاری زاخۆ لە هەرێمی کوردستانی عێراق وەرگیراوە."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی شارەوانی، لەو شارەی ئەمریکا نزیکەی 3 هەزار و 500 کورد دەژین کە دەکاتە نزیکەی 8٪ـی کۆی دانیشتووانی شارەکە. لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، لە رێوڕەسمەکەدا پەردە لەسەر تابلۆی نوێی پارکەکە لادەبرێت.



