رووداو دیجیتاڵ
سێ هەفتە دوای ئەو دوو بوومەلەرزە وێرانکەرەی ڤەنزوێلای هەژاند، ژمارەی ئەوانەی بەهۆی کارەساتە سرووشتییەکەوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتە زیاتر لە 5 هەزار کەس، هەزاران کەسیش بێ ماڵوحاڵ بوون. لە هەمان کاتدا، سندووقی نێودەوڵەتیی دراو (IMF) بڕی 346 ملیۆن دۆلاری بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکە تەرخان کرد.
بەپێی نوێترین ئامار، کە خۆرخێ رۆدریگێز، سەرۆکی پەرلەمانی ڤەنزوێلا بڵاویکردووەتەوە، تاوەکو ئێستا 5 هەزار و 69 کەس گیانیان لەدەستداوە. هەروەها 16 هەزار و 740 کەسیش بریندار بوون.
ئەم کارەساتە بەهۆی دوو بوومەلەرزەی بەهێزەوە دروستبوو کە بەگوڕی 7.2 و 7.5 پلەی رێختەر و بە جیاوازیی تەنیا 39 چرکە، باکووری ڤەنزوێلایان هەژاند و زۆرترین زیانیان بە ویلایەتی لا گوایرا گەیاند.
هەرچەندە حکومەت ژمارەی بێسەروشوێنبووانی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژێک دوای کارەساتەکە پێشبینیی کرد کە رەنگە نزیکەی 50 هەزار کەس بێسەروشوێن بن.
ئێستا نزیکەی 20 هەزار کەس کە ماڵەکانیان رووخاوە، لەنێو چادری کۆن و دڕاودا لەنێو یاریگەکان، گۆڕەپانە گشتییەکان و شۆستەکانی نزیک کەناراوە گەشتیارییەکانی پایتەخت دەژین.
هاوکارییە داراییەکان و گۆڕانکارییە سیاسییەکان
بۆ تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە، ڤەنزوێلا داوای لە سندووقی نێودەوڵەتیی دراو (IMF) کرد کە 346 ملیۆن دۆلاری سڕکراویان بۆ ئازاد بکات. ئەم پارەیە پێشتر سڕکرابوو، چونکە رێکخراوەکە دانی بە حکومەتەکەی نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی پێشوودا نەدەنا.
دیلسی رۆدریگێز، سەرۆکی کاتیی ڤەنزوێلا رۆژی هەینی رایگەیاند، ئەم پارەیە بەکاردەهێندرێت بۆ "پاڵپشتیکردنی خێزانە زیانپێکەوتووەکان لە بواری نیشتەجێکردن، ژێرخان و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان."
لە مانگی نیسان، سندووقی نێودەوڵەتیی دراو و بانکی نێودەوڵەتی رایانگەیاند، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ڤەنزوێلا ئاسایی دەکەنەوە، کە لە ساڵی 2019ـەوە پچڕابوو، ئەوەش دوای ئەوەی لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا، ئەمریکا لە ئۆپەراسیۆنێکی خێرای سەربازیدا نیکۆلاس مادورۆی دەستگیرکرد.
بێباکیی حکومەت و بازرگانیکردن بە تەرمەکانەوە
لە ویلایەتی لا گوایرا، هێشتا کەسوکاری قوربانییان و خۆبەخشەکان بەنێو داروپەردوو و زبڵدا بەدوای بێسەروشوێنبووەکانیاندا دەگەڕێن. هەندێکیان بە پارەی خۆیان ئامێریان بەکرێ گرتووە بۆ لابردنی دیوارە رووخاوەکان.
هیلدیگار موخیکا، ئابووریناسێکی تەمەن 60 ساڵە کە بەدوای هاوژینەکەیدا دەگەڕێت لەژێر باڵەخانەیەکی 12 نهۆمیی رووخاودا، دەڵێت: "لێرە خەڵکێکی زۆر کەوتوونەتە ژێر داروپەردوو و کەس نایەوێت تەرمەکان دەربهێنێت."
هەروەها رەخنەی لە حکومەت گرت و گوتی: "حکومەت هیچ گرنگییەکی بە دەرهێنانی تەرمەکان نەداوە. هەندێک تەرم بەچاو دەبینرێن، بەڵام لەبەرئەوەی کەسوکاریان نییە بیانناسنەوە، کەس دەریانناهێنێت."
ئەم بێباکییەی حکومەت وایکردووە دیاردەیەکی سەیر سەرهەڵبدات؛ خەڵک پەنا بۆ کەسانێک دەبەن کە نازناوی "مشکەکوێرە"یان لێنراوە، کە لە بەرامبەر بڕێک پارەدا دەچنە ژێر باڵەخانە رووخاوەکانەوە بۆ هێنانە دەرەوەی تەرمەکان.
یۆهان تۆرۆمۆ، کە خۆبەخشێکی ناوچەکەیە، بەتووندی رەخنەی لەم کارە گرت و گوتی: "لە یەکێکیان 1300 دۆلاریان وەرگرتووە!"
روونیکردەوە کە مامەڵەکردن لەگەڵ "مشکەکوێرەکان" زۆر بە نهێنی دەکرێت؛ ئەوان داوای 300 دۆلار دەکەن بۆ دۆزینەوەی هەر تەرمێک و کاتێک دەگەنە تەرمەکە، "داوای کیسەیەکی گەورەی زبڵ دەکەن بۆ ئەوەی تەرمەکەی تێبکەن."



