رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی سوپای ئۆکراینا هۆشداریی دا لەوەی مووشەکێکی بالیستی بەرەو کیێڤی پایتەخت هاوێژراوە، دەنگی چەندین تەقینەوە لە کیێڤ بیسترا. ئۆکرایناش هێرشی کردە سەر کەشتییەکی گواستنەوەی نەوتی رووسیا.
رۆژی چوارشەممە 07-10-2026 هێزی ئاسمانیی ئۆکراینا لە تەلەگرام بڵاویکردەوە، مووشەکێکی بالیستی بەرەو کیێڤ و یەکێکی دیکەش بەرەو زاپۆریژیا لە باشووری رۆژهەڵاتی وڵاتەکە هاوێژراون، هاوکات کەناڵەکانی چاودێریی سەربازیش پێشبینیی هێرشێکی بەرفراوانی رووسیایان دەکرد بە بەکارهێنانی مووشەکی کرووز، بالیستی و درۆنی خێرا.
هێرشەکە لە کاتێکدایە، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە گوتارێک هۆشداریی دابوو لەوەی "هێرشێکی گەورە" بەڕێوەیە.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی زستان، هێرشەکان بۆ سەر کیێڤ زیاتر بوون، بەتایبەتی هێرشە ئاسمانییەکانی رووسیا کە ژێرخانی وزە، هێڵەکانی شەمەندەفەر و رێگەوبانەکان دەکەنە ئامانج، لە نێویاندا ئەو پردانەی کە بەسەر رووباری دنیپرۆدا تێدەپەڕن و بەشەکانی شارەکە بەیەکەوە دەبەستنەوە.
بەهۆی مەترسیی هێرشەکانەوە، زەنگی ئاگادارکردنەوە بەردەوام شەو و رۆژ لێدەدرێت و داوا لە دانیشتووان دەکرێت بچنە ژێرزەمین، پەناگە و وێستگەکانی میترۆ.
گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵات گەیشتوونەتە ئاستێکی نوێ. رۆژی سێشەممە، ئۆکراینا لەرێگەی درۆنی دەریاییەوە هێرشی کردە سەر کەشتییەکی گواستنەوەی نەوت لە کەناراوەکانی باشووری رووسیا، کە بووە هۆی کەوتنەوەی ئاگرێکی گەورە.
وەزارەتی گواستنەوەی رووسیا بڵاویکردەوە، کەشتییەکە هەڵگری ئاڵای لایبیریا بووە و بەهۆی هێرشەکەوە "نەوتی خاو لە ئاوی دەریای رەشدا دەسووتێت."
بەهۆی گەورەیی ئاگرەکەوە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە نەیانتوانیوە کۆنترۆڵی بکەن، بەڵام توانراوە هەر 23 ئەندامی تیمی کەشتییەکە، کە سەرجەمیان هاووڵاتیی هیندستانن، رزگار بکرێن.
بەهۆی ئەم رووداوەشەوە، سەرۆکی شارەوانیی شاری سوچی کە ژمارەی دانیشتووانی نزیکەی 500 هەزار کەسە رایگەیاند، چوونە نزیک کەناراوەکان سنووردار کراوە. پێشتریش هێرشەکانی ئۆکراینا بۆ سەر ژێرخانی نەوتی رووسیا، بووبوونە هۆی دروستبوونی پەڵەی نەوتی، داخستنی کەناراوەکان و بارینی بارانی رەش لە ناوچەکەدا.
لە سەرەتای جەنگەکەوە لە ساڵی 2022، هەردوولا بە سەختی کەشتییە بازرگانییەکانیان لە دەریای رەش کردووەتە ئامانج. لە رۆژانی رابردوودا رووسیا کەشتییەکانی گواستنەوەی دانەوێڵەی ئۆکراینای لە نزیک کەناراوەکانی رۆمانیا (کە ئەندامی یەکێتیی ئەورووپایە) کردە ئامانج. ئۆکرایناش دەڵێ، هێرشەکانی بۆ سەر ژێرخانی نەوتی رووسیا، تۆڵەسەندنەوەیەکی رەوایە بەرامبەر بەو هێرشە بەردەوامانەی مۆسکۆ دەیکاتە سەر شار و شارۆچکەکانیان.


