رووداو دیجیتاڵ حکومەتی پاکستان هۆشداری دایە ئێران، کە هەر هێرشێکی حووسییەکان بۆ سەر سعوودیە بە هێرش بۆ سەر وڵاتەکەی دەبینێت. ئاژانسی رۆیتەرز رۆژی پێنجشەممە، 16ـی تەممووزی 2026 لە زاری بەرپرسانی پاکستان بڵاویکردەوە، سەرکردایەتیی وڵاتەکە بە توندی بە ئێرانیان راگەیاندووە، هێرشەکانی حووسییەکان بۆ سەر سعوودیە "هێڵی سوورن". ئەم هەڵوێستە دوای ئەوە دێت، وەک وەڵامێک بۆ بۆردوومانکردنی فڕۆکەخانەیەکی ژێر دەسەڵاتیان لە رۆژی دووشەممەدا، حووسییەکان بە مووشەک هێرشیان کردە سەر سعوودیە. پاکستان لە ساڵی رابردووەوە رێککەوتننامەیەکی بەرگریی هاوبەشی لەگەڵ سعوودیە واژۆ کردووە و ئێستا هەزاران سەرباز و فڕۆکەی جەنگیی وڵاتەکە لە نێو خاکی سعوودیە جێگیر کراون. بەرپرسانی پاکستان نیگەرانن لەوەی پەرەسەندنی هێرشەکانی حووسییەکان، کە وەک هاوپەیمانیی ئێران دەبینرێن، ئیسلامئاباد ناچار بکات بە کردەیی بێتە نێو جەنگەکەوە. هەندێک لە سەربازانی پاکستان لە نزیک سنوورەکانی یەمەن جێگیر کراون، ئەمەش مەترسیی پێکدادانی راستەوخۆی زیاتر کردووە. لە لایەکی دیکەوە، بەرپرسانی پاکستان بە وردی چاودێریی دابەشبوونی دەسەڵات لە تاران دەکەن. بەپێی گوتەی سەرچاوە پاکستانییەکان، جیاوازیی زۆر لەنێوان دیدگای مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆمار و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە لەگەڵ سوپای پاسداران هەیە. محەممەد عەلی، پسپۆڕی بەرگریی پاکستانی، دەڵێت: "وا دەردەکەوێت سوپای پاسداران جڵەوی بڕیارەکانی لە ئێراندا گرتبێتە دەست و ئەمەش لەلایەن ئیسلامئابادەوە هەستی پێکراوە." ئەم ئاڵۆزییانە بوونە هۆی ئەوەی سەردانی شاندێکی ئێران بۆ پاکستان دوو رۆژ دوابکەوێت. شاندەکە بە سەرۆکایەتیی ئەسکەندەر موئمینی، وەزیری ناوخۆی ئێران رۆژی چوارشەممە گەیشتنە ئیسلامئاباد تاوەکو پرسی رێککەوتنی ئەمریکا و ئێران تاوتوێ بکەن. تاهیر ئەندرابی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان لە هەمان کاتدا داوای لە هەموو لایەنەکان کرد دانبەخۆدا بگرن و رایگەیاند، هیچ جێگرەوەیەک بۆ دیپلۆماسی و گفتوگۆ نییە. پاکستان کە خاوەنی چەکی ئەتۆمییە، پەیوەندییەکی ستراتیژیی قووڵی لەگەڵ سعوودیە هەیە و هەوڵدەدات رێڕەوە ئاوییەکانی تەنگەی هورمز و دەریای سوور بە کراوەیی بمێننەوە، چونکە بە توندی پشتبەستووە بە نەوت و غازی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. هەرچەندە ئیسلامئاباد نایەوێت نێوەندگیرییەکەی لەنێوان واشنتن و تاران شکست بهێنێت، بەڵام بەرپرسانی ئەو وڵاتە جەخت دەکەنەوە کە ئەگەر ریاز داوای یارمەتی بکات، بێ دوودڵی پشتگیری دەکەن. ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە، حووسییەکانی یەمەن هەڕەشەی چڕکردنەوەی هێرشەکانیان بۆ سەر سعوودیە و گەمارۆی وڵاتەکە لە رێگەی پەکخستنی تەنگەی باب ئەلمەندەب دەکەن.