رووداو دیجیتاڵ خەڵاتی نۆبڵی پزیشکی بۆ ساڵی 2026 بەخشرایە سێ زانا بەهۆی توێژینەوەکانیان لەسەر نهێنییەکانی مێشک و دۆزینەوەی رێگەیەک بۆ کۆنترۆڵکردنی خانە دەمارییەکان لە رێگەی رووناکییەوە. ئەنجوومەنی نۆبڵ لە پەیمانگەی کارۆلینسکا لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێد رۆژی دووشەممە رایگەیاند کە کارل دایسێرۆس لە پەیمانگەی پزیشکیی هاوارد هیوز و زانکۆی ستانفۆرد، پیتەر هێگێمان لە زانکۆی هومبۆڵدت لە بەرلین و جۆرج ناگڵ لە زانکۆی ڤورتسبۆرگ، براوەی خەڵاتەکەی ئەمساڵن "لە پای دۆزینەوەکانیان سەبارەت بە کەناڵە ئایۆنییەکانی ژێر کۆنترۆڵی رووناکی و زانستی ئۆپتۆجینێتیکس." هەرسێ براوەکە بەیەکەوە بڕی 12 ملیۆن کرۆنی سوێدی (نزیکەی 1.2 ملیۆن دۆلار)ـیان وەرگرت. ئەمە 117ـەمین جارە خەڵاتی نۆبڵی پزیشکی دەبەخشرێت؛ لە کۆی 235 براوەی خەڵاتەکە تاوەکو ئێستا، تەنیا 14یان ژن بوون و هیچ زانایەکی رەشپێستیش ئەم خەڵاتەی بەدەستنەهێناوە. پوختەی داهێنانەکە: سویچی رووناکی بۆ مێشک توێژینەوەی ئەم سێ زانایە بووە هۆی پەرەپێدانی "سویچێکی هەستیار بە رووناکی" کە دەتواندرێت بۆ کۆنترۆڵکردن، پێکردن و کوژاندنەوەی خانە دەمارییەکان لەنێو مێشک بەکاربهێندرێت. سەرەتای ئەم دۆزینەوەیە دەگەڕێتەوە بۆ توێژینەوەکانی هێگێمان، کە دەیویست بزانێت چۆن جۆرێک لە قەوزەی سەوز بە ناوی "کلامیدۆمۆناس" بەرەو سەرچاوەی رووناکی مەلە دەکات. عەبدولمەنیرە، پرۆفیسۆری زانستی دەمار لە پەیمانگەی کارۆلینسکا و ئەندامی ئەنجوومەنی نۆبڵ گوتی، "هێگێمان بۆی دەرکەوت کە خاڵی بینینی ئەم قەوزەیە، پڕۆتینێکی هەستیار بە رووناکی تێدایە کە دەستبەجێ رووناکی دەگۆڕێت بۆ شەپۆلی کارەبایی، ئەمەش وا دەکات قەوزەکە بتوانێت بجووڵێت." ناگڵ و هێگێمان ئەم پڕۆتینانەیان دەستنیشان کرد کە پێیان دەگوترێت "چەناڵرۆدۆپسین"، پاشان لە رێگەی کارکردن لەسەر خانەی هێلکەی بۆق بۆیان دەرکەوت کاتێک ئەو پڕۆتینانە بەر رووناکیی شین دەکەون، رێگە دەدەن تەنۆلکە بارگاویکراوەکان (ئایۆنەکان) بچنە نێو خانەکەوە و شەپۆلی کارەبایی دروست بکەن. دواتریش بۆیان دەرکەوت ئەگەر زانیارییە بۆماوەییەکانی (جینەکانی) ئەم پڕۆتینانە بخرێنە نێو خانەی گورچیلەی مرۆڤ یان مشکەوە، ئەوا ئەو خانانەش هەستیار دەبن بە رووناکی. دایسێرۆس ئەم دۆزینەوەیەی هەنگاوێک زیاتر بردە پێش؛ ئەو لە رێگەی بەکارهێنانی مشکەوە سەلماندی کە ئەگەر جینی ئەو پڕۆتینە بخرێتە نێو خانە دەمارییەکانەوە، ئەوا دەتواندرێت لە رێگەی رووناکییەوە شەپۆلی کارەبایی لەنێویاندا دروست بکرێت. دواتر ئەو زانایە و تیمەکەی ئەم رێگەیەیان لەسەر خانە دەمارییەکانی بەشی جووڵەی مێشکی مشک جێبەجێ کرد؛ ئەوان لە رێگەی ریشاڵی بینایی زۆر بچووکەوە (ئۆپتیک فایبەر) کە بەنێو کەللەسەری مشکەکاندا تێپەڕ دەبوو، رووناکییان ئاراستەی مێشکیان کرد و توانییان بەو رووناکییە جووڵە بە سمێڵی مشکەکان بکەن. دواتریش سەلمێندرا کە ئەم رێگەیە دەکرێت بەکاربهێندرێت بۆ زانینی ئەوەی کام تۆڕی خانە دەمارییەکان بەرپرسن لە دروستبوونی یادەوەرییە دیاریکراوەکان، لەنێویاندا هەستی ترس. هیوایەک بۆ گەڕاندنەوەی بینایی هەرچەندە ئەم داهێنانە لە زانستی بنەڕەتییەوە سەرچاوەی گرتووە، بەڵام کاریگەریی گەورەی لە جیهانی پزیشکیدا دروستکردووە و بوارێکی نوێی بەناوی "چارەسەری ئۆپتۆجینێتیک" (optogenetic therapy) هێناوەتە ئاراوە. لە یەکێک لە تاقیکردنەوەکاندا، ئەم رێگەیە بەکارهێندرا بۆ گەڕاندنەوەی بینایی بۆ پیاوێک کە بەهۆی نەخۆشییەکی بۆماوەییەوە کوێر ببوو، نەخۆشییەک کە خانە هەستیارەکان بە رووناکی لە تۆڕی چاودا لەناو دەبات. لەو پرۆسەیەدا، پزیشکەکان ڤایرۆسێکی بێ زیانیان بەکارهێنا بۆ گەیاندنی زانیارییە بۆماوەییەکانی پڕۆتینە هەستیارەکە (چەناڵرۆدۆپسین) بۆ نێو خانەکانی تۆرەی چاوی نەخۆشەکە، تاوەکو ئەو خانانە جارێکی دیکە هەستیارییان بۆ رووناکی بۆ بگەڕێتەوە.