روودو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، شەوی پێنجشەممە بەکاتی واشنتن (رۆژی هەینی 17ی تەممووزی 2026 بەکاتی هەولێر)، لە گوتاریکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، وڵاتەکەی لە هەموو کاتێک ئارامتر و بەهێزتر و دەوڵەمەندترە. ترەمپ لەم گوتارەدا کۆمەڵێک بەڵگەی نهێنی لەبارەی دەستوەردانی چین لە هەڵبژاردنەکان و دۆخی ئابووری و سەربازیی وڵاتەکەی ئاشکرا کرد.
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئیدارەکەی توانیویەتی رووبەڕووی کارەساتێکی ئابووری و کۆمەڵایەتی ببێتەوە، کە لە ئیدارەی پێشوو بۆی مابووەوە.
ترەمپ گوتی: "ئێمە باشترین دابەزینی هەڵاوسانمان لە ماوەی شەش ساڵدا تۆمار کردووە. بازاڕی پشکەکان و هەژمارەکانی خانەنشینی گەیشتوونەتە بەرزترین ئاست لە مێژوودا." ترەمپ بەڵینی دا کە لە رێگەی پڕۆژەیاسایەکی نوێوە، باج لەسەر "بەخشیش، کاتی کارکردنی زیادە و دڵنیایی کۆمەڵایەتی بەساڵاچووان" لاببات.
شۆڕش لە نرخی دەرمان و تەندروستی
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ باسی لە دابەزینی نرخی دەرمان کرد بە رێژەی 70٪ تاوەکو 90٪ و رایگەیاند، لە رێگەی ماڵپەڕی (Trump RX.gov) تێچووی تەندروستی بۆ خێزانەکان زۆر کەمدەکەنەوە. هەروەها رایگەیاند کە هەموو منداڵێک دەتوانێت دەستی بە هەژمارێکی وەبەرهێنانی بێ باج بگات تاوەکو لە تەمەنی 18 ساڵیدا سەدان هەزار دۆلاری هەبیت.
سنوورەکان و ئاسایشی نیشتمانی
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، لە 14 مانگی رابردوودا "سفر" کۆچبەری نایاسایی چوونەتە ناو ئەمریکا و رێژەی تاوانیش بۆ نزمترین ئاست لە دوای ساڵی 1900ەوە دابەزیوە. سەبارەت بە هێزە چەکدارەکان، گوتی: "ئێمە بەهێزترین سوپای جیهانمان هەیە. لە ڤەنزوێلا بردمانەوە و ئیستا پێکەوە نەوت بەرهەم دەهێنین، لە ئێرانیش بردنەوەی گەورەمان دەبیت."
گەورەترین بەشی گوتارەکەی ترەمپ تایبەت بوو بە هەڵبژاردنەکان، ترەمپ رایگەیاند، کۆمەڵیک بەڵگەی هەواڵگریی نهێنی بڵاودەکاتەوە کە پێشانی دەدەن چین دەستی خستووەتە ناو هەڵبژاردنی 2020 و 220 ملیۆن فایلی دەنگدەرانی ئەمریکی دزیوە.
ترەمپ رەخنەی تووندی لە "دەوڵەتی قووڵ" و ئاژانسە هەواڵگرییەکان گرت کە بە گوتەی ئەو، ئەم زانیارییانەیان لە سەرۆک و گەل شاردووەتەوە.
ترەمپ گوتی: "سی ئای ئەی راپۆرتی هەبووە کە پارتی کۆمۆنیستی چین لە 2018ەوە کاری کردووە بۆ ئەوەی رێگری لە دووبارە هەڵبژاردنەوەی من بکەن." هەروەها ئاماژەی بە دۆزینەوەی "جانتای سووتاندن" کرد کە تێیدا زانیاریی گرنگ شاردرابوونەوە و بڕیار بووە بسووتێنرێن.
پڕۆژەیاسای "پاراستنی ئەمریکا"
بۆ رێگریکردن لە گەندەڵی و دەستکاریی ئەلیکترۆنی، ترەمپ داوای لە کۆنگرێس کرد بەپەلە پڕۆژەیاسای پاراستنی ئەمریکا پەسند بکەن. بەپێی ئەم پڕۆژەیاسایە، دەبێت هەموو دەنگدەرێک ناسنامەی وێنەدار و بەڵگەی هاووڵاتیبوون نیشان بدات و دەنگدانی پۆستە تەنیا بۆ حاڵەتی زۆر تایبەت بیت.
ترەمپ هێرشی کردە سەر کەناڵەکانی ئێن بی سی و ئەی بی سی و بەوە تۆمەتباری کردن، کە "هەواڵی ساختە" بڵاودەکەنەوە، چونکە ئامادە نەبوون گوتارەکەی رووماڵ بکەن.
ترەمپ داوای لە هاووڵاتییان کرد پەیوەندی بە نوێنەرەکانیانەوە بکەن بۆ گوشارخستنە سەر کۆنگرێس تاوەکو متمانە بۆ سیستەمی هەڵبژاردنی ئەمریکا بگەڕێننەوە.
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
