رووداو دیجیتاڵ یاریدەدەرێکی پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، قۆناخی داهاتووی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و عێراق زیاتر ئابووری دەبێت و هێزەکانی ئەمریکاش لە عێراق ناکشێنەوە، بەڵکو رۆڵیان بۆ مەشقپێکردن دەگۆڕێت. لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو، باربارا لیف، ئاماژەی بەوە کرد، پێشوازییەکی زۆر گەرم لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کراوە لەلایەن سەرۆکی ئەمریکا، وەزیری بەرگری و ئەندامانی کۆنگرێسەوە. لیف روونیکردەوە، ئەمریکا دەیەوێت چوارچێوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا زیاتر لە رووی ئابوورییەوە دابڕێژێتەوە، هەرچەندە بەهۆی هەڕەشەکانی ئێران و میلیشیاکانەوە، کەرتی ئاسایش و بەرگری بە گرنگی دەمێنێتەوە. هەروەها گوتی، بۆ ئەوەی کۆمپانیا ئەمریکییەکانی بواری وزە بێنە عێراق، پێویستە حکوومەتی عێراق چاکسازی لە کەرتی بانکیدا بکات و گەندەڵی بنبڕ بکات. سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، لیف رەتیکردەوە کە ئەمریکا لە عێراق بکشێتەوە و رایگەیاند، ئەرکی شەڕکردنی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کۆتایی دێت و رۆڵی سەربازیی ئەمریکا دەچێتە قۆناخی مەشقپێکردن و هاوکاریکردنی هێزە ئەمنییەکانی عێراق، چونکە تواناکانیان زۆر گەشەی کردووە. لەبارەی هەرێمی کوردستانیشەوە، باربارا لیف دووپاتیکردەوە کە پڕۆژە ئابوورییەکان و بەستنەوەی ناوچەکان بەیەکەوە لە رێگەی بۆرییەوە، سوود بە هەرێمی کوردستانیش دەگەیێنن و هەلی کاری تێدا دروست دەکەن. هاوکات رایگەیاند کە بەلای ئەمریکاوە زۆر گرنگە حکوومەتی بەغدا ماف و پاڵپشتیی بۆ هەموو پێکهاتەکان، لەنێویاندا کورد دەستەبەر بکات. لە کۆتاییشدا داوای کرد کە هەولێر و بەغدا بە پشتبەستن بە سەرکردایەتیی خۆیان و بەبێ چاوەڕوانیی لایەنی دەرەکی، پەیوەندییەکانی نێوانیان باشتر بکەن و بگەڕێنەوە بۆ قۆناخی هاوکارییەکانی رابردوو. دەقی هەڤپەیڤینەکە: رووداو: گەرموگوڕی و پێشوازییەکی بێوێنە لەلایەن ترەمپەوە بۆ زەیدی دەبینین، هۆکار چییە؟ باربارا لیف: بەڵێ، راست دەکەیت ئەم هەفتەیە پێشوازییەکی زۆر گەرم لە سەرۆکوەزیران کرا لەلایەن سەرۆک، وەزیری بەرگری و ئەندامە گرنگەکانی کۆنگرێسەوە. پێموایە ئەو کەشەی سەرۆک دروستی کردووە، چەندین هۆکاری لەپشتەوەیە، بەڵام یەکێک لەوانە ئەوەیە کە سەرۆک پێیوایە سەرۆکوەزیران، سەرکردەیەکە کە دەتوانێت کاری لەگەڵدا بکات و یارمەتیدەر دەبێت بۆ دانانی عێراق لەسەر رێگەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و بەرژەوەندییەکانی عێراقیش بکات. رووداو: ئەم قۆناخە نوێیەی پەیوەندییەکان لە چیدا زیاتر رەنگ دەداتەوە؟ باربارا لیف: روونە کە سەرۆکوەزیران زەیدی دەیەوێت بۆ لەمەودوا چوارچێوەی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا تاڕادەیەکی زۆر لە رووی ئابوورییەوە دابڕێژێت. پەیوەندیی نێوان واشنتن و بەغدا بۆ ماوەی دوو دەیە، زیاتر لە دوو دەیە، لە پلەی یەکەمدا لە چوارچێوەی ئاسایش، بەرگری و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا داڕێژرابوو. پێموایە گرنگە لە یادمان بێت کە زۆرێک لەو ئاڵنگارییانەی رووبەڕووی عێراق دەبنەوە، لەلایەن ئێران، میلیشیاکان و هۆکارەکانی دیکەی پشێوی لە ناوچەکەدا، بەو واتایەن کە عێراق ناتوانێت دەستبەرداری ئەو کەرتە گرنگانەی کارکردن بێت (بەرگری، ئاسایش و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر)؛ بەڵام پێشموایە ئەو دەیەوێت تەواوی هەوڵەکانی بخاتەگەڕ بۆ بونیادنانی پەیوەندییەکی ئابووریی زۆر بەهێز لەگەڵ ئەمریکا. رووداو: گرێبەستەکانی ئەمریکا و عێراق، دەتوانن چی لە دۆخی دارایی عێراق بگۆڕن؟ باربارا لیف: گرنگترین ئەو شتانەی دەبێت بکرێن، ئەو شتانەن کە پێویستە حکوومەتی عێراق خۆی بیانکات. بۆ چەندین ساڵ و لە سەردەمی چەندین ئیدارەی جیاوازدا، گوێمان لە سەرۆکوەزیرانەکانی عێراق و وەزیرەکانیان بووە کە دەڵێن: 'عێراق کراوەیە بۆ بازرگانی، دەمانەوێت ئەمریکا و کەرتی تایبەتی ئەمریکا بێن و وەبەرهێنان بکەن.' بەڵام کێشەکە ئەوەیە، سەرەڕای پرسی ئاسایش کە هەمیشە کێشە بووە، پرسی گەندەڵی هەیە، پرسی پێویستیی شەفافیەت لە کەرتی بانکی هەیە، هەروەها پێویستیی پاککردنەوەی حکوومەت، کەرتی بانکی و کەرتی دارایی لە گەندەڵی هەیە. پێدەچێت سەرۆکوەزیران لەمە تێبگات، بەڵام ئەمانە ئەرکی زۆر قورسن کە تەنیا حکوومەتێکی عێراقی دەتوانێت جێبەجێیان بکات. رووداو: ئایا دەبێت چاوەڕێی ئەوە بین کۆمپانیای دیکەی ئەمریکی بگەڕێنەوە عێراق لە بواری وزەدا؟ باربارا لیف: پێموایە بەدڵنیاییەوە ئارەزوویەک لای کۆمپانیاکانی وزەی ئەمریکا هەیە، هەروەها پێموایە ئەو پڕۆژەیەی باس دەکرێت، بۆریی کەرکووک-بانیاس بۆ دەریای نێوەڕاست، نموونەیەکی زۆر سەرنجڕاکێشە بۆ ئەو جۆرە پڕۆژانەی کە دەتوانن نەک تەنیا عێراق لە ناوخۆدا بەیەکەوە ببەستنەوە، بەڵکو لە رووی ئابوورییەوە عێراق بە وڵاتە گرنگەکانی دیکەی ناوچەکەوە ببەستنەوە و هەلی کار دروست بکەن. بۆیە پێموایە تا ئەو رادەیەی حکوومەت بەردەوام بێت لە کارەکانی بۆ چاکسازیی ئابووری، بنبڕکردنی گەندەڵی و چارەسەرکردنی نیگەرانییە ئەمنییەکان، کۆمپانیاکانی وزەی ئەمریکاش ئارەزووی بەشداریکردنیان دەبێت. رووداو: بڕیارە رۆژی هەینی گرێبەستێکی گەورە لە نێوان شیڤرۆن و حکوومەتی عێراق واژۆ بکرێت، چ زانیارییەکتان لەوبارەیەوە هەیە؟ باربارا لیف: لە راستیدا، زۆرێک لە وردەکارییەکان هێشتا نەزانراون، بۆیە هیچ شتێک نییە کە بتوانم خۆم بیخەمەڕوو. رووداو: ئایا ئەم گرێبەست و رێککەوتنانە سوودیان بۆ هەرێمی کوردستانیش دەبێت؟ باربارا لیف: بەدڵنیاییەوە دەکرێت سوودیان هەبێت. کاتێک پێشتر باسم لە پێویستیی ئەو پڕۆژانە کرد کە عێراق بەیەکەوە دەبەستنەوە، لە پلەی یەکەمدا مەبەستم بەستنەوەی بەشە جیاوازەکانی عێراق بوو بەیەکەوە لە رێگەی بۆری، سەرچاوە هاوبەشەکان، تۆڕەکانی بۆری و شەمەندەفەر و هتد. لەو روانگەیەوە، تا ئەو رادەیەی ئەم جۆرە یەکگرتووییە بەرەوپێش بچێت، هەموو بەشەکانی عێراق، بە هەرێمی کوردستانی عێراقیشەوە، سوود لە دروستکردنی هەلی کار و داهاتە نوێیەکان دەبینن. رووداو: وا دەردەکەوێت چەکدانانی گرووپەکان بەرامبەر بە کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانان بێت؛ لەدوای 30ـی ئەیلوول ئەرکی ئەمریکا لە عێراق چی دەبێت؟ باربارا لیف: ئەرکی ئەمریکا کارەکانی کۆتایی پێدەهێنێت چونکە ئۆپەراسیۆنی (هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە دژی داعش)، کە ئەرکەکەی بۆ شەڕی داعش بوو، تەواو بووە. ئەمەش دەرگەیەک دەکاتەوە بۆ قۆناخێکی نوێی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و عێراق کە دەکرێت رەهەندێکی سەربازیی هەبێت و لە رووی لۆژیکییەوە هەر واش دەبێت. پێموایە هێشتا شتی باشی زۆر هەن کە ئەمریکا دەتوانێت پێشکێشی هێزە ئەمنییەکانی عێراقی بکات لە رووی بەپیشەییکردن و مەشقپێکردنەوە. بەڵام ئەمە دەبێتە دەرفەتێک بۆ نووسینەوەی ئەو بەشە نوێیە. پێویستییەکان هێشتا هەر دەمێنن. رووداو: ئایا ئەمریکا لە عێراق دەکشێتەوە؟ ئەگەر بکشێتەوە، ئایا مەترسیی تەناهی [ئاسایش] دروست ناکات؟ باربارا لیف: نەخێر، مەبەستم ئەوەیە رۆڵی سەربازیی ئەمریکا لە قۆناخی گواستنەوەدایە. هۆکارەکانی ئەو ئامادەییە زۆر قورسە و ئەرکی مەشقپێکردنەکە ئێستا نەماوە، چونکە هێزە ئەمنییەکانی عێراق تواناکانیان زۆر بە گەورەیی گەشەی کردووە بۆ پاراستنی وڵاتەکە و شەڕکردن دژی داعش لەو شوێنانەی لێی دەردەکەون، هەروەها بۆ رێگریکردن لێی لەوەی هەڕەشە بۆ سەر خەڵک دروست بکات. رووداو: ئایا ئەمریکا بەنیازە سەرباز و بنکەکانی بۆ چ ناوچەیەک بگوازێتەوە؟ باربارا لیف: ئەمە رێککەوتنێک بوو کە لە سەردەمی ئیدارەی بایدن گفتوگۆی لەسەر کرا و ماوەی چەند ساڵێکی خایاند بۆ گواستنەوەی هێزەکان بەرەو خوارەوە و دەرەوەی وڵاتەکە. ئەوە بەو واتایە نییە کە ئەمریکا ناتوانێت وەڵامی داواکارییەکانی حکوومەت بداتەوە. لە راستیدا، لە رابردوودا بینیمان کە ئەمە روویدا؛ هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا لە 15ـی کانوونی یەکەمی 2011 عێراقیان جێهێشت. کەمتر لە سێ ساڵ دواتر، لەسەر داوای حکوومەتی بەغدا گەڕانەوە، بەهۆی ئەو دۆخە لەناکاوەی نیشتمانی و ئەو هەڕەشەیەی لەلایەن داعشەوە دروست ببوو. هێزەکانی ئەمریکا هاتن و بۆ ماوەی سێ ساڵ و نیو شانبەشانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق شەڕیان کرد. رووداو: ئیدارەی ئەمریکا دەتوانێت چی بکات بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر؟ باربارا لیف: هەولێر و بەغدا دەتوانن چی بکەن بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانیان؟ عێراق خاوەنی ئیرادەیە. عێراق سەروەریی هەیە، یان ئاستێکی باشتری سەروەریی بەسەر کاروباری خۆیدا هەیە بەراورد بە 10 یان 15 ساڵ لەمەوبەر. هێشتا هەڕەشەی ناوخۆیی و دەرەکی هەن. بەڵام پێموایە دادپەروەرانەیە بڵێین کە پێویست ناکات هەولێر و بەغدا پشت بە ئەمریکا یان هاوبەشە بیانییەکانی دیکە ببەستن بۆ ئەوەی پەیوەندییەکی باشیان هەبێت. لە راستیدا، لە ماوەی 5 بۆ 10 ساڵی رابردوودا قۆناخی هاوکاریی باش لە نێوان بەغدا و هەولێر هەبووە، هیوادارم ئەوە بگەڕێتەوە. ئەمە پێویستی بە سەرکردایەتییە لە هەردوو لاوە. رووداو: ئایا بەلای ئەمریکاوە گرنگە مافەکانی کورد لە عێراق دەستەبەر بکرێن؟ باربارا لیف: بەڵێ پێموایە ئەوە گرنگە. پێموایە زۆر گرنگە کە هەر حکوومەتێک، هەر حکوومەتێک لە بەغدا دەسەڵات دەگرێتە دەست، چاودێری و پاڵپشتیی هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی عێراقی بکات، بە تەواوی بەشە پێکهێنەرەکانییەوە. ئەوەش کوردەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق دەگرێتەوە.
هەڤپەیڤین14-07-2026بەڕێوەبەری هەرێمیی یونیسێف بۆ رووداو: 53 سەنتەری پاراستنی منداڵ لە هەرێمی کوردستان خزمەت بە 57 هەزار منداڵ دەکەن