رووداو دیجیتاڵ
بە بەشداریی کوردانی کازاخستان؛ چوار پارچەی کوردستان و دیاسپۆرا، کۆنفرانسێک بۆ تاوتوێکردنی دۆخی زمانی کوردی، هەڕەشەکانی سەر زمان و رێکارەکانی پاراستنی لە کازاخستان بەڕێوەچوو.
کۆنفرانسی (زانستیی نێونەتەوەیی لەسەر زمان، مێژوو و ئەدەبی کوردی؛ پێشکەوتن و ئاستەنگییەکانی)، لە شاری ئەلماتەی پایتەختی کولتووری کازاخستان 15ـی تەممووز دەستیپێکرد.
کامێز شەدادی، نێردراوی رووداو بۆ رووماڵکردنی کۆنفرانسەکە لە کازاخستان گوتی، رۆشنبیران، پسپۆڕانی زمان، شاعیر و نووسەرانی کورد لە کۆنفرانسەکەدا بەشدارییان کردووە.
نووسەر و رۆماننووسی کورد (جان دۆست) لە کۆنفرانسەکەدا بەشدارە و بە رووداوی گوت: "کۆنفرانسێکی بەم شێوەیە لە دیاسپۆرا بێت یان کوردستان زۆر پێویستە، ئەوە دەردەخات کە زمان بۆ ئێمەی کورد چەندە گرنگە."
نزیکەی 100 هەزار کورد لە وڵاتی کازاخستان دەژین. جان دۆست گوتی: "کێشەی کورد و پارچەبوونی بەردەوامە، پرسی زمان بۆ کورد ستراتیژییە و لە پلەی یەکەمە، کێشەی سەرەکیی ئێمە کە پێویستی بە چارەسەر بێت زمانە، ئەوە برینێکی کۆنی کوردە."
ئەو رۆماننووسەی کورد گوتی: "کاتی ئەوە هاتووە لەم کۆنفرانسانەدا کێشە و ئاستەنگییەکانی بەردەم گەشەکردنی زمانی کوردی تاوتوێ بکرێن، بەڵکو لەلایەن پسپۆڕانەوە چارەسەرێکی بۆ بدۆزرێتەوە."
یەکێک لە سەرپەرشتیارانی کۆنفرانسەکە گوتی: "میوانمان لە زۆر وڵاتی دەرەوە هاتوون، لێکۆڵەرانی زمان و ئەدەبن و لە کۆنفرانسەکەدا بەشدارن."
سەرپەرشتیارێکی دیکەی کۆنفرانسەکە بە رووداوی گوت، دەیانەوێت ساڵانە و هەر ساڵێک لە وڵاتێک بەردەوامیی بە کۆنفرانسەکە بدەن، لەپێناو برەودان بە زمانی کوردی و رێگریکردن لە لەنێوچوون و لاوازکردنی.
نێردراوی رووداو لە کۆنفرانسەکە دەڵێت، جگە لە پارچەکانی کوردستان، زمانزانانی کورد لە کازاخستانیش تاوتوێی دۆخی زمانی کوردییان کرد و هەموویان پێشنیازی خۆیان خستەڕوو.
ئیسماعیل کامل، سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی بە رووداوی گوت: "پرسی زمان لەنێو دیاسپۆرادا زۆر گرنگە، کۆنفیدراسیۆنەکەی ئێمەش قورسایی تەواومان داوە بە زمان، ساڵانە کۆرسی ئۆنڵاین دەکەینەوە."
سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی کورد ئاماژەی بەوە کرد، کۆرسەکانیان بە هاوکاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەنەوە و گوتی: "ساڵی رابردوو سێ هەزار کورد لە کۆرسەکەدا بەشدارییان کرد بۆ فێربوونی زمانی کوردی بە هەموو زاراوەکان."
کۆنفرانسەکە کۆتایی بە کارەکانی هێنا و بڕیارە دواتر ئەنجامەکەی لە راگەیێندراوێکدا بخرێتەڕوو. ئیسماعیل کامل گوتی: "کۆنفرانسەکە سەرکەوتوو بوو، مێژوو و ئەدەبی تێدا تاوتوێ کرا، بەڵام زیاتر لە هەمووی گرنگی بە زمان درا."


