رووداو دیجیتاڵ کۆربەندێکی تایبەت بە کوردناسی و زمانی کوردی لە سویسرا بەڕێوەچوو، کە لەلایەن ماڵی کوردی و ئەکادیمیای جودییەوە رێکخرابوو. کۆڕبەندەکە لە هۆڵێکی کانتۆنی گراوبندنی سویسرا بەڕێوەچوو. لە دەستیپێکی کۆڕبەندەکە منداڵان بە گوتنەوەی سروودی ئەی رەقیبەوە ئاڵای کوردستانیان بەرزدکردەوە. فەتحی کایا، رێکخەری کۆربەندەکەیە و ئاماژە بەوە دەدات، "بەم کۆنفرانسە ویستمان رێگەیەکی نوێ دروست بکەین. ویستمان گفتوگۆی زانستی بکەین". لە دانیشتنە ئەکادیمییەکاندا چەندین بابەت تاوتوێ کران، لەوانە رەوشی ئێستای کوردناسی لە جیهاندا، کاریگەریی پێشهاتەکانی ئەم دواییەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر کورد، بە ستانداردکردنی زمانی کوردی، لێکۆڵینەوەکانی دیاسپۆرا و هاوئاهەنگییە ئەکادیمییە نێودەوڵەتییەکان. بەشداربووان بیروڕایان گۆڕییەوە سەبارەت بە پەرەپێدانی پڕۆژەی هاوبەش و دروستکردنی تۆڕی زانستیی نێودەوڵەتی. کاتیا زاگۆریتۆ، ئەکادیمیستە و باس لەوە دەکات، "زۆر دڵخۆش بووم بۆ بەشداریکردن لەو چالاکییە و ئەمەش زۆر باشە بۆ پەرەپێدانی زمانی کوردی". 40 میوان، کە کەسانی ئەکادیمی، زمانناس و توێژەر بوون لە 10 وڵاتەوە بەشدارییان لە کۆربەندەکە کرد. ماریا سیکس هۆهێنباکن یەکێکە لە میوانەکان و دەڵێت، "زۆر خۆشحاڵم کە بانگهێشتی ئەو کۆربەندە کراوم و پێشوازییەکی گەرممان لێکرا. گفتوگۆی زۆر باش کرا. زۆر ناوازە بوو." کۆربەندەکە تەنیا گفتوگۆی زانستی نەبوو، بەڵکو ئاهەنگ، هەڵپەڕکێ و چالاکیی کولتووریشی تێدابوو.
جیهان16-07-2026ئابووریناسێكی فاو: گرژییەکانی ئێران و تەنگەی هورمز هەڕەشە لە ئاسایشی خۆراکی جیهانی دەکەن