رووداو دیجیتاڵ هێزەکانی ئەمریکا لە ماوەی 17 کاژێری رابردوودا رێگرییان لە دوو کەشتیی بازرگانی کرد کە ویستوویانە گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێران بشکێنن. ئەم هەنگاوە هاوکاتە لەگەڵ دەسپێکردنەوەی گەمارۆ دەریاییەکانی واشنتن بۆ سەر تاران. سوپای ئەمریکا رایگەیاند، لە 17 کاژێر لەمەوبەرەوە کە بڕیاری دەسپێکردنەوەی گەمارۆ دەریاییەکان دراوە، هێزەکانیان رێڕەوی 2 کەشتیی بازرگانییان گۆڕیوە کە هەوڵیانداوە بچنە نێو بەندەرەکانی ئێران. سوپای ئەمریکا جەختی کردەوە هێزەکانیان لە ئامادەباشی تەواودان بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە و رێگری لە هەر سەرپێچییەک دەکەن. ئەم رێکارە نوێیانەی ئەمریکا دوای ئەوە دێن واشنتن بڕیاریدا گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێران دەستپێبکاتەوە، ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ پەرەسەندنی گرژییەکان لە تەنگەی هورمز. هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا چاودێرییەکی تووندی رێڕۆ ئاوییەکان دەکەن تاوەکو دڵنیابن لەوەی هیچ کەشتییەک گەمارۆکە نابەزێنێت. جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران لە 28-02-2026 دەستیپێکرد و بووە هۆی داخرانی تەنگەی هورمز، کە گرنگترین رێڕۆی گواستنەوەی وزەیە لە جیهاندا. دوای ماوەیەک لە ئاگربەستی کاتی، ئێستا ئەمریکا دووبارە گەمارۆی خستووەتە سەر بەندەرەکانی ئێران. ئەم بڕیارە ناوچەکەی خستووەتە قۆناخێکی نوێی ئاڵۆزییەوە و گوشارێکی زۆری ئابووریی بۆ سەر تاران دروستکردووە، کە ئامانج لێی بێبەشکردنی ئێرانە لە داهاتی نەوت و بازرگانیی دەریایی.
جیهان16-07-2026ئابووریناسێكی فاو: گرژییەکانی ئێران و تەنگەی هورمز هەڕەشە لە ئاسایشی خۆراکی جیهانی دەکەن