رووداو دیجیتاڵ
عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و ئەیمەن سەفەدی، وەزیری دەرەوەی ئوردن کۆبوونەوە، یەکێک لەو پرسانەی باسیان کردووە، دەستکردن بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی راکێشانی بۆریی هەناردەی نەوتی بەسرە بۆ بەندەری عەقەبەی ئوردن بووە.
ئەو کۆبوونەوەیە چوارشەممە 15ی تەمووزی 2026، لە واشنتن کرا، کە لە چوارچێوەی سەردانی سەرۆکوەزیرانی عێراق و شاندە یاوەرەکەی بوو بۆ ئەمریکا.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی نووسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆکوەزیرانی عێراق، هەردوولا باسیان لە چۆنیەتی بەهێزکردنی هاوکاری لە بوارە جیاوازەکانی ئابووری و بووژانەوە و دەستکردن بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی بۆریی بەسرە - عەقەبە کردووە.
پڕۆژەکە لە بەسرەوە دەستیپێدەکات و بۆرییەکی 1665 کیلۆمەترییە بۆ بەندەری عەقەبەی ئوردن لەسەر دەریای سوور. بۆرییەکە دەچێتە ئەنبار، لەوێشەوە دەچێتە بەندەری عەقەبە، 690 کیلۆمەتری بۆرییەکە لە خاکی ئەو وڵاتە دەبێت.
بەگوێرەی راگەیێنراوەکە، عەلی فالح زەیدی و ئەیمەن سەفەدی باسیان لە جێبەجێکردنی پڕۆژەی راکێشانی کارەبای ئوردن بۆ عێراق کردووەتەوە.
ساڵی 2020، عێراق و ئوردن گرێبەستێکیان بۆ راکێشانی کارەبا واژۆ کرد، کە قۆناخی یەکەمی دەگاتە هەزار مێگاوات.
رۆژی 13ی تەممووز، عەلی فالح زەیدی بە سەرۆکایەتیی شاندێک گەیشتە ئەمریکا و 14ی تەممووز لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆبووەوە.
عەلى جاف، بەڕێوەبەرى گشتیی پەیوەندییەکانى تۆڕى میدیایی رووداو بەشدارە لەگەڵ ئەو شاندەى سەرۆکوەزیرانى عێراق کە سەردانى ئەمریکاى کردووە.




