رووداو دیجیتاڵ
ئۆکراینا و ئەڵمانیا رێککەوتنێکی نوێی سەربازییان بە بەهای 1.5 ملیار دۆلار واژۆ کرد بۆ دابینکردنی چەک، بەرپەرچدانەوەی درۆنەکانی رووسیا و پاراستنی ژێرخانی وزەی کیێڤ.
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، رێککەوتنەکە دروستکردنی درۆنی شەڕکەر و پشتیوانیکردنی کەرتی وزە لەخۆدەگرێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو بۆردوومانانەی رووسیا بۆ سەر تۆڕەکانی کارەبا لە وەرزی زستاندا دەیانکات.
فرێدریش مێرز، راوێژکاری ئەڵمانیا بە سەردانێکی رانەگەیێندراو گەیشتە کیێڤ؛ لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ باڵەخانەی ئەکادیمیای نیشتمانیی زانستەکان کە رۆژی دووشەممەی رابردوو پێکرابوو، گوتی: "پێویستە ئەم هێرشە دڕندانەی سەر هاووڵاتییانی سڤیل رابگیرێن، ئەمانە تاوانی جەنگن کە رۆژانە دەکرێن. ئەگەر رووسیا رانەگیرێت، جەنگەکە درەنگ یا زوو پەلی بۆ ئێمەش دەهاوێت."
لە کاتی سەردانەکەدا، تەقینەوەیەکی گەورە لە کیێڤ روویدا و زیانی بە "پردی باکوور" گەیاند کە هەردوو بەشی رۆژهەڵات و رۆژئاوای شارەکە بەیەکەوە دەبەستێتەوە. ڤیتالی کلیچکۆ، سەرۆکی شارەوانیی کیێڤیش رایگەیاند، پێویستە تەواوی شارەکە لە باری ئامادەباشیی جەنگدا بێت.
راوێژکاری ئەڵمانیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا لەگەڵ زێلێنسکی ئاشکرای کرد، بەشێکی سەرەکیی رێککەوتنەکە بەرهەمهێنانی هاوبەشی درۆنی دژەفڕۆکەیە و گوتی: "لە هەفتەکانی رابردوودا پێشکەوتنی گەورەی تەکنیکی بەدەستهاتووە و بەرهەمهێنان زیاد دەکەین؛ ئەمەش بەرگریی ئاسمانیی ئۆکراینا بەهێز دەکات. ئێمە چەکی دوورمەودا، درۆنی شەڕکەر و تەکنەلۆژیای مانگی دەستکرد دابین دەکەین تاوەکو ئۆکراینا سەکۆکانی مووشەکی رووسیاش بکاتە ئامانج."
لە بەرامبەر ئەم سەردانەدا، وەزارەتی بەرگریی رووسیا هەڕەشەی کرد هێرشەکانی بۆ سەر کیێڤ چڕتر دەکاتەوە و داوای لە دیپلۆماتکاران و بیانییەکان کرد پایتەخت جێبهێڵن؛ بەڵام کاتارینا ماثێرنۆڤا، باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا لە ئۆکراینا رایگەیاند لە کیێڤ دەمێننەوە و هەڕەشەکان ناتوانن پشتیوانیی ئەورووپا رابگرن.
لە کاتێکدا رووسیا بە ئەنقەست تۆڕەکانی کارەبا و گەرمکەرەوەی ئۆکراینا لە سەرمای زستاندا دەکاتە ئامانج، راوێژکاری ئەڵمانیا بڕیاری دا وڵاتەکەی 350 ملیۆن یۆرۆ وەک هاوکاریی بەپەلەی زستانە بۆ دابینکردنی مۆلیدە، وێستگەی گۆڕەری کارەبا و چاککردنەوەی ژێرخان بۆ ئۆکراینا تەرخان بکات.



