رووداو دیجیتاڵ
پارتی چەپڕۆی سەوزی بەریتانیا رۆژی یەکشەممە لە کۆنگرەی ساڵانەی خۆیدا دەنگی دا بەوەی کە زایۆنیزم وەک شێوازێک لە "رەگەزپەرستی" بناسێنێت، ئەمەش ناڕەزایەتی و تووڕەییەکی گەورەی لەلایەن زایۆنییەکانی بەریتانیا و حکومەتی ئیسرائیلەوە لێکەوتەوە.
نێوەڕۆکی بڕیارەکە چییە؟
ئەندامانی پارتی سەوز، کە خاوەنی پێنج کورسییە لە پەرلەمانی خاوەن 650 کورسیی بەریتانیا، بە هەزار و 22 دەنگی بەڵێ بەرامبەر 813 دەنگی نەخێر، بڕیارەکەیان پەسند کرد. بەپێی بڕیارەکە:
- پێویستە لەمەودوا وەک "هەر شێوازێکی دیکەی رەگەزپەرستی" مامەڵە لەگەڵ زایۆنیزمدا بکرێت.
- پارتەکە پشتگیری لە دامەزراندنی "یەک دەوڵەتی دیموکراتیی فەلەستینی لە سەرتاسەری خاکی مێژوویی فەلەستیندا" دەکات.
گوتەبێژێکی پارتی سەوز گوتی، ئەم بابەتە بووەتە هۆی دروستبوونی گفتوگۆیەکی زۆر جیددی لە نێو ئەندامانی پارتەکەدا.
کاردانەوەی زایۆنییەکانی بەریتانیا
سێ رێکخراوی سەرەکیی جووەکان لە بەریتانیا پێش دەنگدانەکە لە نامەیەکدا هۆشدارییان دابوو کە ئەم بڕیارە وا دەکات پارتی سەوز ببێتە یەکەمین پارتی سیاسیی فەرمی لە بەریتانیا کە بە ئاشکرا سیاسەتێکی "دژایەتیکردنی جووەکان" بگرێتەبەر و مەترسی بۆ سەر سەلامەتی و ژیانی جووەکانی بەریتانیا دروست دەکات.
کاردانەوەی ئیسرائیل
وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل بڕیارەکەی بە "دەرچوون لە سنووری گفتوگۆی سیاسی" ناوبرد و داوای لە هەموو پارتەکانی بەریتانیا کرد بە تەواوی ئەم بڕیارە رەتبکەنەوە.
ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل بڕیارەکەی پارتی سەوزی بە "شەرمەزاری" ناوبرد و لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس گوتی: "زایۆنیزم بزووتنەوەی رزگاریخوازی نیشتمانیی گەلی جووەکانە و بنەمای مافی گەلی جووە بۆ هەبوونی دەوڵەت و نیشتمان لە خاکی ئیسرائیلدا."
ناکۆکی لە نێو پارتی سەوزدا
ئەم پرسە ناکۆکیی لە نێو پارتەکەشدا دروستکردووە؛ لە کۆی پێنج پەرلەمانتاری پارتی سەوز، بە لایەنی کەمەوە سێ پەرلەمانتار دژی بڕیارەکە بوون. هەروەها زاک پۆلانسکی، سەرۆکی پارتەکە بەشداریی لە دەنگدانەکەدا نەکرد، هەرچەندە پێشتر گوتبووی کە ئاوارەکردن و کوشتنی خەڵکی فەلەستین "بە روونی رەگەزپەرستییە."


