رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا داوای لە حاکمی ویلایەتی کارۆلاینای باشوور کرد خوشکی لیندسی گراهام وەک جێگرەوەی کاتیی ئەو لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا دەستنیشان بکات، ئەمەش دوای ئەوەی کۆتایی هەفتەی رابردوو ئەو سیناتۆرە کۆمارییە بەنەخۆشییەکی کتوپڕ گیانی لەدەستدا.
رۆژی دووشەممە 13-07-2026 ترەمپ لە ترووس سۆشیال نووسی: "پێشنیازم بۆ هێنری مەکماستەر، حاکمی ویلایەتەکە کردووە کە دارلین، خوشکی لیندسی گراهام وەک سیناتۆری کاتیی ویلایەتی کارۆلاینای باشوور دەستنیشان بکات." گوتیشی: "ئەمە دەبێتە رێزلێنانێکی گەورە بۆ لیندسی کە زۆر خوشکەکەی خۆشدەویست."
لیندسی گراهام، کە یەکێک بوو لە دەنگە دیارەکانی سیاسەتی دەرەوە و هاوپەیمانێکی نزیکی ترەمپ بوو، لە تەمەنی 71 ساڵیدا بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو کۆچی دوایی کرد. بەو هۆیەشەوە حاکمی ویلایەتەکە بەرپرسە لە دەستنیشانکردنی کەسێک بۆ پڕکردنەوەی پۆستەکەی تاوەکو مانگی کانوونی دووەم کە ماوەی یاسایی سیناتۆرەکە کۆتایی دێت. چاوەڕوان دەکرێت حاکمەکە تاوەکو سبەی بڕیاری خۆی بدات.
گراهام هاوسەرگیری نەکردبوو و منداڵیشی نەبوو، زۆر نزیک بوو لە دارلین گراهام نۆردۆنی خوشکی؛ چونکە کاتێک گراهام تەمەنی 20 ساڵ بوو دایکی کۆچی دوایی کرد و دوای کەمتر لە دوو ساڵ باوکیشی بە جەڵتەی دڵ گیانی لەدەستدا، بەو هۆیەشەوە گراهام لە تەمەنی 22 ساڵیدا بە فەرمی سەرپەرشتیی خوشکە 13 ساڵانەکەی گرتە ئەستۆ و گەورەی کرد.
دەستنیشانکردنی نۆردۆن بۆ ئەو پۆستە تەنیا بۆ ماوەیەکی کاتی دەبێت، چونکە بڕیارە لە 11ـی ئابی داهاتوودا هەڵبژاردنی بەرایی پارتی کۆمارییەکان بۆ دیاریکردنی بەربژێرێک بۆ هەڵبژاردنەکانی مانگی تشرینی دووەم بەڕێوەبچێت.



